کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی

16:52 - 30 رێبەندان 2722

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ٢١ی فێورییە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

ڕۆژی ٢١ی فێورییەی ٢٠٢٣ جێژنی نێونەتەوەیی زمانی دایکییە. دیاری‌کردنی ئەم ڕۆژە نێونەتەوەییە لەلایەن ڕێکخراوی یوونێسکۆوە لە ٢١ی فێورییەی ساڵی ٢٠٠٠ ڕاگەیەندرا و بە واژۆی وڵاتانی ئەندامی ئەم ڕێخراوەیە پەسەند کرا. وەک لە بڕیارنامەکەدا دیاری کراوە، بەمەبەستی بەرزڕاگرتنی فرەچەشنیی زمانی و کولتووری، پێویستە هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا هەم بنکەی ڕێکخراوی یوونێسکۆ و هەم وڵاتانی واژۆکەری ئەم بڕیارنامەیە جێژن بگرن و پرسی زمانی دایکی بەرز بنرخێنن. شایانی ئاماژەیە کە زمانی دایکی یان زمانی زگماكی ئاماژە بە یەکەمین زمانە کە منداڵ لە دوای لەدایکبوون فێری دەبێ. لە حاڵەتگەلێکدا کە منداڵ لەلایەن گەورەکانی خۆی یان کەسانی دیکەوە پەروەردە دەکرێ و بە زمانێکی جیاواز لە هی دایکی دەدوێن، دەکرێ هاوکات دەرفەتی یەکسان بۆ دەستڕاگەیشتن بە هەر دوو زمان پێک‌بێت. کەواتە بارهێنانی منداڵ لەسەر بنەمای زمانی دایکی ئەرکێکی چەند لایەنەیە کە هەم لەسەر شانی بنەماڵەی منداڵانە و هەم ئەرکی دەوڵەتە کە ڕێخۆشکەری ئەم پرسە گرینگە بێت و زەمینەی پێویست بڕەخسێنێ.

شایانی باسە، حکوومەتی هەنووکەی ئێران جیا لەوەی کە ئەندامی دایمیی یوونێسکۆیە و لەوێدا نوێنەری دیاریکراوی هەیە، بڕیارنامەی دیاریکردنی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکیشی واژۆ کردووە. کەوایە ئەو دەسەڵاتە بەنیسبەت بەڕێوەبردنی هەموو خاڵەکان و ناوەڕۆکی بڕیارنامە و پێشنیارەکانی ساڵانەی یوونێسکۆ بەرپرسیارە و سەرەڕای بانگەشەی ئاشکرا و ڕوون، دەبێ ئەرکی جێبەجێکردنیشیان بەبێ ‌دەغەڵی و چەواشەکاری وەئەستۆ بگرێت.

کێشەی سەرەکیی گەلی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبوونی سیستمێکی سیاسیی دێموکراتیک لە ئێرانە. نیزامی کۆماری ئیسلامی کە حاکمییەتی خۆی بەسەر ئێران و گەلی ئێمەدا سەپاندووە، لە هیچ پرسێکدا خۆی بە بەرپرس نازانێ و وەڵامدەری هیچ ناوەندێکی مەدەنی یان حکوومی نییە. بەتایبەتی لە کوردستان جیا لەوەی لەهەمبەر خزمەتگوزاریی جۆراوجۆرەدا خۆی بە بەرپرس نازانێ و لە هیچ زەمینەیەکدا وەڵامدەری ویست و داخوازییەکانی خەڵک نابێ، بەڵکوو بە مانای ڕاستەقینە ڕۆڵی داگیرکاری و کۆلۆنیالزم دەگێڕێ. واتە ئەو شێوازی سیاسەتەی کە لە کوردستان پیادەی دەکا زۆرتر لە کرداری حاکمییەتی وڵاتێک لە بەرانبەر وڵاتێکی دیکە دەچێ کە لە ئاکامی شەڕدا دەستی بەسەردا گرتبێ. بۆ وێنە، دەسەڵات نەتەنیا هیچ هەنگاوێکی کردەیی لە ئاست ڕاسپاردە و پەسەندکراوەکانی یوونسکۆ کە بۆخۆی پەسەندی کردووە هەڵ‌ناگرێ، ناوی کوردی لە منداڵانی کورد یاساخ دەکا، ناوی گوند و شار و گەڕەک ‌و کانی ‌و چیا و تەنانەت شوێنەوارە کەوناراکانیش دەستکاری دەکا و لە ئێمەی کوردی حەرام دەگێڕێ. حکوومەتی بەناو ئیسلامیی ئێران بە پێچەوانەی هەموو یاسا‌وڕێسا ئاسمانی و جیهانییەکان، بەنیسبەت کەمینە نەتەوەییەکانی ئێران بەردەوام ڕەفتاری دژەمرۆیانەی لەخۆی بەجێ هێشتووە و تەنانەت بۆ ساتێکیش دەست لە ڕێبازی نژادپەرەستانەی هەڵاواردن‌ و دووچاوگیی ڕوانین بەر نادات.

مامۆستایانی مافخواز و  چالاکانی خەمخۆری کوردستان!

ئەمساڵ گەلی ئێمە لەحاڵێکدا بە پێشوازیی ڕۆژی نێونەتەوەیی زمانی دایکییەوە دەچێ کە لە ناوچەدا دۆخێکی نائاسایی لەگۆڕێدایە. نێزیکەی ٥ مانگ لەمەوبەر لە کوردستان چەخماخەی سەرهەڵدانێکی جەماوەری بە ناوی "شۆڕشی ژینا" و لە ژێر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لێ‌درا و لە درێژەدا بۆ هەموو ناوچەکانی ئێران تەشەنەی کرد کە هەتا ئێستاش هەروا بەردەوامە. لەم میانەدا گەلی کورد وێڕای ئەوەی کە خۆی وەک پێشەنگی راپەڕین لەنێو هەموو گەلانی ئازادیخوازی ئێران‌دا دەبینێتەوە، زیاتر لە هەر وەختێکی دیکە پێداگری لەسەر دەستەبەربوونی ماف و ئازادییەکانی خۆی دەکا و داخوازیی مافی بەهرەمەندی لە زمانی کوردیش وەک زمانی دایکیی گەورەترین نەتەوەی بێ‌دەوڵەتی جیهان، لە گۆڕەپانی ناڕەزایەتییەکاندا ڕەنگ دەداتەوە.

وەک دەبینین لەم ڕۆژانەدا لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ڕووی ناحەز و بێزراوی سپای تێرۆریستیی پاسداران و لق‌وپۆ نگریسەکانی لە هەموو وەخت زیاتر ئاشکرا دەبێ، هەربۆیە هەوڵێکی سەرانسەری و جیهانی بۆ بەتێرۆریست ناساندنی لەئارادایە. لە ڕاستیدا لە ئەگەری پەسەندکردنی ئەم هەوڵە بەجێیەدا، هەموو گەلانی ئێران و یەک لەوان گەلی کورد دەبێ شایی بگێڕن. نیزامی دژەمرۆیی ئاخوندیی ئێران لە ڕێگەی بازووە نگریسەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران-ەوە دەستی لە هیچ جینایەتێک لە کوردستان نەپاراستووە. بۆ وێنە : بەردەوام هەوڵی سووتاندنی سروشتی کوردستان دەدا، سامان ‌و داراییە ژێرخاکییەکان تاڵان دەکا، شوێنەوارە فەرهەنگی و مێژوو‌ییەکان کوێر دەکاتەوە، مامۆستایانی مافخواز و وانەبێژانی کوردی ڕاپێچی چاڵەڕەشەکانی دەکا، دەستی بە کوشتنی هەزاران کوردی بێ‌تاوان سوورە، لە دەستدرێژی بۆ سەر کوڕ و کچ ‌و ژنی بێ‌تاوانی کورد هەردەم دەستیان ئاوەڵا بووە. لەم نێوەدا لەبەر گرینگیی بایەخی نەتەوەیی و پێگەی ناسینەوەی شوناس، زمانی کوردی بەردەوام لەژێر هەڕەشەی وردی پارێزەرانی نەزانیدا بووە. وەک نوێترین نموونە، ئەوەتا دەبینین کە زارا محەممەدی وەک وانەبێژی سەرکەوتووی زمانی کوردی بە بێ هۆکار، ٥ ساڵ سزای زیندانی بۆ دەبڕدرێتەوە و دواتر وەک بۆ خۆی باسی دەکا بە بێ تێپەڕکردنی پرۆسە یاساییەکان لە زیندان دەری دەکەن. هەروەها گوشارهێنان بۆ سەر مامۆستایانی مافخوازی کوردستان و کردنەوەی دۆسییەی ئەمنییەتی بۆ چالاکانی ناوەندە فێرکارییەکانی زمانی کوردی بەشێکی دیکە لە هەوڵە بێ‌کۆتاییەکانی ڕێژیم بەدەستی سوپای تێرۆریستیی پاسدارانە.

نابێ لەبیرمان بچێ کە بەرپرسانی دووڕووی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تا پێش شۆڕشی ژینا لەنێو کۆڕ و کۆبوونەوە جیهانییەکان‌دا ڕوخساری دزێوی خۆیان بە سانایی دەشاردەوە، بەڵام ئەمڕۆ ڕووی ڕاستەکیی ئەوان بەتەواوی ئاشکرا بووە و بەخۆشحاڵییەوە چیتر ناتوانن لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی‌دا بە چارەنووس و ماف و ئازادییەکانی گەلانی ئێران یاری بکەن.

قوتابییان! بنەماڵە بەڕێزەکان!

دەستپێکی ئەمساڵی خوێندکاری لە ئێران هاوکات بوو لەگەڵ سەرەتای ڕووداوی دڵتەزێنی ژینا، هەر بۆیە وەرزی خوێندنی ئەمساڵ ڕەنگ‌وبۆیەکی تەواو جیاوازی هەیە و جەرگەی قوتابخانەکانی کوردستان تا ئێستاشی لەگەڵ بێ، بەشێکی گرینگ لە ڕەوتی بزووتنەوەی ئازادیخوازنە پێک‌دێنن. ئێستا کە شۆڕشی ژینا پێنجەمین مانگی خەبات‌ و ململانێ تێپەڕ دەکا، کچان و کوڕانی چاونەترسی کورد تەژی لە ڕۆحی کوردایەتی ‌و ئازایەتی، قوتابخانەکانیان کردۆتە مەتەرێزی بەرگری لە مافە ڕەواکانیان و بە کردەوە ئاڵای نەسرەوتن تا سەرکەوتنیان بەرز کردۆتەوە. ئەگەر لە قوتابخانەکانی کوردستان ڕوونتر ورد ببینەوە، بۆمان دەردەکەوێ کە هەر ئێستا شوڕشێکی فێرکاری ‌و خوێندکاری لەئارادایە کە بەکردەوە ناوەڕۆکی دەسەڵاتی ئیدیۆلۆژیکی ئاخوندیی پووچەڵ کردۆتەوە.

یه‌کیەتیی پیشه‌یی مامۆستانی کوردستانی ئێران، وێڕای پشتگیری لە داوا ڕەواکانتان، داواتان لێ‌دەکا کە لەژێر ڕووناکایی چرای بیر و هزری مامۆستایانی دڵسۆزی خۆتان درێژە بە کار و چالاکی بدەن. ئێمە لەوە دڵنیاتان دەکەینەوە کە ڕێگەی گەیشتن بە دنیای ئازاد‌ی و سەربەستی لە دوای مەرگی نیزامی ئاخوندیی ئێرانەوە دەردەکەوێت.

لە كۆتاییدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایكی، پیرۆزبایی لە هەموو ئاخێوەرانی زمانی كوردی و هەموو زمانە جیاوازەكانی دیكەی گەلانی ئێران دەكەین و سەری ڕێز و خۆشەویستی بۆ ئەو تێكۆشەرانە دادەنەوێنین كە بە بێ هیچ چاوەڕوانییەك و لە دژوارترین هەل‌ومەرجەكاندا بە ورەی بەرز و بە ئیمان بە بەرابەری‌ و یەکسانی، خزمەتیان بە زمانی كوردی كردووە.

یەكیەتیی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانی ئێران