کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و خۆشناوی ناوچەی نەڵێنی مەنگوڕایەتیی پیرانشار ماڵاوایی لە ژیان کرد

18:08 - 30 رێبەندان 2722

مام عەلی ئاڕاوەند ناسراو بە عەلی حەمە ڕەسووڵی بازرگانێ، باوکی سۆران ئاڕاوەند، ئەندامی حیزبی دێموکرات و برای شەهید حەسەن بازرگان و کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتماپەروەر لە ناوچەی نەڵێنی مەنگوڕایەتی سەر بە پیرانشار، ڕۆژی هەینی ٢٨ی ڕێبەندان، لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

مام عەلی لە ساڵی ١٣١٩ی هەتاوی، لە ئاوایی بازرگان لەدایک بووە، ناوبراو وەک زۆربەی خەڵکی ناوچەکە هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکەی خەریک بە کاری وەرزێڕی و ئاژەڵداری بووە.

مام عەلی وەک کەسایەتییەکی خاوەن هەڵوێست دژ بە هەموو داگیرکارییەک بوو و تا ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی لە ئێران دژی ئەو ڕێژیمە وەستایەوە و هەر بەو هۆیەشەوە لە ساڵی ٤٩ لەلایەن دەزگای ساواکەوە بۆ ماوەی ساڵێک زیندانی کرا.

لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، دوای شۆڕشی گەلانی ئێران مام عەلی هاوڕێ لەگەڵ برای بەڕێزی، شەهید حەسەن بازرگان، شان بە شانی یەکتر چەکی شەرەفیان لە شان کرد و شانازیی ئەوەیان پێ بەخشرا کە هاوبەشانە لە سەنگەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا ناوچەکەیان لە داگیرکەران پاک بکەنەوە. 

شەهید حەسەن بازرگان، برای مام عەلی، لە ساڵی ١٣٧٢ی هەتاوی، لە دۆڵی ''ئاکۆیا'' لە باشووری کوردستان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە تێرۆر کرا و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی حیزب و گەل بوو.

مام عەلی تا دوایین هەناسەکانی ژیانی بە ئاواتی ئازادیی کوردستان بوو و تەنیا وەسیەتی ناوبراو ئەوە بوو کە نەهێڵن خوێنی شەهیدانمان بە فیڕۆ بڕوات و خیانەت بە نیشتمانی پیرۆزمان بکرێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.