وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا، ٧ کۆمپانیای ڕێژیمی ئێرانی بەهۆی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیە، خستە لیستی گەمارۆکانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠١، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە "کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ماتۆڕی فڕۆکە، هێزی ئاسمانیی سپای پاسدارانی ڕێژیم، ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و بەرهەمهێنانی سپا، کۆمپانیای ئەوج پەرواز، کۆمپانیای پەرئاوەری پارس، کۆمپانیای پیشەیی بەرهەمهێنانی کەرەستەی فڕۆکەی قودس و شاهید"، بەهۆی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیە و بەکارهێنانیان لە شەڕ دژی ئۆکراین، خراونەتە لیستی ڕەشی بازرگانییەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا هاوکات لەگەڵ گەمارۆکان ڕایگەیاندووە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕێژیمی ئێران کە نێردراون بۆ ڕووسیە و لە شەڕ دژی ئۆکراین کەڵکی لێ وەردەگرن، دژی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییەکانی سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەمریکایە.