کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنای ئوسترالیا داوای لە دەوڵەتی وڵاتەکەی کردووە کە سپای پاسداران بە تێرۆریست بناسێنێت

16:46 - 13 رێبەندان 2722

ئەنجومەنی سێنای ئوسترالیا ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە دەرئەنجامە مافە مرۆییەکانی هەڵسوکەوتی توندوتیژانەی ڕێژیمی ئێران بەرامبەر بە خۆپیشاندەران لە ئێران، پێشکەشی دەوڵەتی ئوسترالیا کرد و بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڵسوکەوتی ئەم ڕێژیمە بەرامبەر بە خۆپیشاندران، دوازدە ڕاسپاردەی داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئەی‌بی‌سیـ"ـی ئوسترالیا، "کۆمیتەی کاروباری دەرەوە، بەرگری و بازرگانیـ"ـی ئەنجومەنی سێنا، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی ڕێبەندان، داوای لە دەوڵەتی ئەو وڵاتە کرد بە سەرنجدان بە هەڵسوکەوتی ترسناکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی ئێران، پێوەندیی دیپلۆماتیکی خۆی لەگەڵ ئەو ڕێژیمە کەم بکاتەوە و سپای پاسداران بخاتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.

ئەنجومەنی سێنای ئوسترالیا داوای لە دەوڵەتی ئەو وڵاتە کردووە کە کارئاسانی بۆ وەرگرتنی کەسانی ژێر گوشار لە ئێران بکرێت، هەروەها ئەو ئێرانییانەی کە ڤیزای کاتییان هەیە و بەهۆی قەیرانی ئێستا ناتوانن بە سڵامەتی بگەڕێنەوە ئێران، ناچار نەکرێن کە بگەڕێنەوە.

لە ڕاپۆرتی سێنادا پێشنیار کراوە کە دەوڵەتی ئوسترالیا سزا بەسەر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و ئەو کەس و دامەزراوانەی سەر بە سپای پاسداراندا بسەپێنێت کە بەرپرسیاری چالاکیی زیانباری سایبێری دژی ئوسترالیان.