ناسر ساڵحی‌ئەسڵ
له مێژووی هاوچەرخی خه‌باتی میللی دێموكراتیكی گه‌لی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا، هه‌موو چین و توێژێكی كۆمه‌ڵگه به‌شداریی خه‌باتیان کردووە، به‌تایبه‌تی ژنان کە هەمیشە به‌شدارییه‌كی چالاكانه‌یان له‌و خه‌باته‌دا هه‌بووە.
ژنان به چالاكیی جۆراوجۆریان له ڕیزه‌كانی خه‌باتی گه‌لی كورددا هەمیشە پاڵپشتێكی به‌هێزی جووڵانەوەی خەباتی ڕەوای گەلی كورد بوون. وه‌ک به‌شداری له خۆپیشاندان و ڕێپیوانه جه‌ماوه‌رییه‌كان، خه‌باتی چه‌كداری، كاری ته‌شكیلاتی، كادری ده‌رمانی و په‌رستاری له نه‌خۆشخانه و ده‌رمانگاكان و هه‌روه‌ها به دابینكردنی خۆراک و جلوبه‌رگ بۆ هێزی پێشمه‌رگەی كوردستان. پشتیوانی شۆڕشی كوردستان بوون.
لەو ڕووەوە کە نه‌ته‌وه‌ی کورد لە ڕەوتی میژووی سیاسی‌دا بەردەوام خاوەن بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی خۆی بووە و کەم تا زۆر قوتابخانە و ڕێبازگەلێکی هزریی لەپێناو مافی نه‌ته‌وایه‌تی و مافه تاكه‌كه‌سییه‌كاندا بونیاد ناوە، بە جۆرێک توانیویەتی لەسەر ئاستی وشیاری و ئاگایی ژنانی کورد شوێن دابنێ. بۆ نموونه له ڕیزه‌كانی شۆڕشدا هه‌وڵ درا ژنانیش وه‌ک پیاوان سه‌یر بكرین و مافه تاكهكهسییهكانیان بپاریزرێ. دیاره مێژووی چالاکیی ژنان وه‌ک ڕێكخراو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ سه‌رده‌می كۆماری كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه. دامه‌زرانی حیزبی دێموكرات و کۆماری کوردستان، لە ڕاستای گەشەی هزری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی ژنان و كاری ڕێكخراوه‌یی كاریگهريیان هه‌بووه. هه‌ر بۆیه كاتێک لێكۆڵه‌ران له‌سه‌ر بارودۆخی پێگە و جێگه‌ی ژنان له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان دەدوێن و هه‌ڵیده‌سه‌نگێنن، تێکه‌ڵبوونی ژنی کورد له ڕۆژهه‌ڵات بە سیاسه‌ت و كاری فه‌رهه‌نگی و ڕێكخراوه‌یی بەرز دەنرخێنن.
لە سەردەمی كۆماری كوردستانەوە تا ئێستا، ژنان له ڕیزه‌كانی حیزبی دێموكرات‌دا ده‌رفه‌تیان بۆ ڕه‌خساوه که ڕۆڵێکی شوێندانه‌ریان له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، فه‌رهه‌نگی و كاری ڕێكخراوه‌یی هه‌بێت. له به‌رنامه‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران‌دا ماف و ڕۆڵی ژن و بە ڕاده‌یه‌کی بەرچاویش به‌شداریی ژنان له ئاستی به‌ده‌نه و ڕێبه‌رایه‌تیی حیزبی دێموكرات‌دا پراكتیزه کراوە. هەر بۆیه بەشێکی به‌رچاو لە ژنان له حیزبی دێموكرات‌دا توانیوایانە، پێ به پێی پیاوان خۆیان له مەیدانی به‌كرده‌وه‌ی تێکۆشان و خه‌باتدا ببیننه‌وه، هه‌م له خه‌باتی شاخ و هه‌م له خه‌باتی شاردا. حیزبی دێموكرات به كرده‌وه هه‌وڵی داوە كە هه‌لومه‌رجی یه‌كسان بۆ ژن و پیاو وه‌ک یه‌ک بڕه‌خسێنێ و شانسی به‌شداریی ژنان له پرۆسه‌کانی داڕشتن و بڕیاردانی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی زیاتر بكات.
له قوناغی ڕاپەرین و شۆڕشی ژینادا كە ژنان و كچانی نیشتمانپەروەر پێشەنگی شۆڕش و خەباتن، بۆ شوێندانه‌ری و به‌هێزبوونی ئه‌و قوناغه له خه‌باتى نوێ‌دا، له‌پێناو گه‌یشتن به ئامانجه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان، پێویسته له هه‌موو تواناکانی نێو کۆمه‌ڵ كه‌ڵك وه‌رگرین. ئه‌گه‌ر له ڕابردوودا له‌لایه‌ک له تواناكانی ژنان له خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تیدا که‌ڵکی پێویست وه‌رنه‌گیراوه، له ئاكامدا وزه‌یه‌کی زۆری كۆمه‌ڵه‌كه‌مان به فیڕۆ چووه. لەلایه‌كی دیكه‌وه، له ئیستادا كه خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له قوناغێكی هه‌ستیاردایه، پرس و كێشه‌ی ژنان له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، نابێ ته‌نیا لە پرس و كێشه‌ی "سێنفی" ژناندا قەتیس بکرێتەوە و بەدەور ئەو بازنەیەدا بخولێتەوە، به‌ڵكوو دەبێ كێشه و پرسی ژنان و به‌شدارییان له ڕاپەرین و شۆڕشی ژینادا ببێته پرسێکی نه‌ته‌وه‌یی، دێموكراتیک و پێوه‌ندیدار به چاره‌نووسی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی و لە ئاکامدا گه‌یشتن به ئازادی و مافی یه‌كسانی ژنان.
به‌كورتی، ئەرکی ژنان و كچانی نیشتمانپەروەر، له قوناغی ڕاپەرین و شۆڕشی ژینادا، به‌شداریكردن و خۆ ڕێكخستن له چوارچێوه‌ی كاری ڕێكخراوهییدایه له شێوه‌ی جۆراوجوردا تاكوو ژنانیش شانبەشانی پیاوان له سه‌ركه‌وتن و گه‌یشتن به ماف و ئازادیی خۆیان و نه‌ته‌وه‌كه‌یان به‌شداریی چالاكانه‌یان هه‌بێت. به‌شداریی به‌كرده‌وه‌ی ژنان وه‌ک نێوەی كۆمه‌ڵ له خه‌باتدا، سه‌ركه‌وتن و گه‌یشتن به ماف و ئازادی و پێشكەوتنی کۆمه‌ڵگا مسۆگەر دەكات. دەبێ به‌شداریی ژنان ببێتە بەردی بناغە و پرەنسیپی نەگۆڕی خه‌بات، تا له تواناکانی نێو كۆمه‌ڵ له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه‌ڵكی پێویست وه‌رگێرێ و سه‌ره‌نجام ڕەوتی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گه‌لی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، خێرایی زیاتر بە خۆیەوە بینێت.