عومەر باڵەکی
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرکوتی خوێناویی ڕاپەرینی ژینادا نیزیک بە ٦٠٠ کەسی کوشت کە پتر لە ١٠٠ کەسیان منداڵ بوون، چەند هەزار کەسی بە فیشەکی شەڕ و ساچمە بریندار کرد و لەو سۆنگەیەوە دەیان کەس کوێر کران کە بەڵگەکان دەڵێن هەمووی بەئانقەست بوون؛ هەروەها بە هەزاران کەسیشیان دەسبەسەر و ڕاپێچی گرتووخانەکان کرد کە ژمارەیەک لەوان بەپەلە ئێعدام کران. ئێستا پاش هەموو ئەو دۆخە ڕێبەری ڕێژیم قایل بووە کە بەشێک لەو دەسبەسەرکراوانە بەر بدرێن، هۆکار چییە و ئامانجەکانی ڕێژیم لەو بڕیارە کامانەن؟
ڕوونە کە سەرکوتی خوێناویی ڕاپەڕینی ژینا و ڕەشبگیر و ئێعدامکردنەکان هەم لە نێوخۆی وڵات و هەم لە ڕادەی نێونەتەوەییدا بە سەر کۆماری ئیسلامیدا قورس شکاونەتەوە. یەکەم ئەوە کە ئەم سەرکوت و زەبروزەنگە کە بۆ مەبەستی دروستکردنی خۆف و ترساندنی خەڵک بووە، بێئاکام بووە و نەک نەیتوانیوە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان بوەستێنێ؛ بگرە بۆتە هۆی کەلێن و درزی گەورە لەنێو هەیئەتی حاکمەی ئێراندا. لە ڕادەی نێونەتەوەییشدا هەم زەبری قورسی لە پێگە و ئێعتباری سیاسیی ئێران دا و هەم ئیرادەی کۆمەڵگەی جیهانیی بۆ هێنانی گوشاری پتر بۆ سەر ڕێژیم زیاتر و یەکدەستتر کرد. کۆی ئەو دەرەنجامە وای کردووە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بکەونە بیری ئەوە کە بە ئازادکردنی بەشێک لە دەستبەسەرکراوەکان ڕوخسارێکی شەریف و ئینسانی! لە خۆیان پێشان بدەن و ڕوو بە بیرورای نێوخۆ و دنیای دەرەوە بڵێن ڕێژیمەکەیان بەڕەحم و بەزەییە. بەڵام ئەوانەی کۆماری ئیسلامی دەناسن، دەزانن نە کۆماری ئیسلامی ڕێژیمێکی مرۆییە و بایەخە ئینسانییەکانی بەلاوە گرینگە، نە قەت باوەڕی بە مافی ناڕەزایەتیدەربڕین و ئاشتەوایی نێوان خەڵک و دەسەڵات بووە، نە ئاڵوگۆڕێکیش لە بیرکردنەوە و عەقڵییەتی سیاسیی ڕێبەرانی ڕێژیمدا پێکهاتووە، کەواتە دەبێ نیازەکانی پشتی ئەو بڕیارە چ بن؟
ئەوەی لەو بڕیارەی خامنەییدا کە لەسەر داوای سەرۆکی دەزگای داد بۆ لێخۆشبوون لە ژمارەیەکی زۆر لە بەندکراوانی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەدا پتر لە خودی بڕیارەکە سەرنجی لەسەر بوو، ئەو مەرج و پێشمەرجانە بوو کە لەبارەی دەسبەسەرکراوان گەڵاڵە کرابوو بۆوەی ئاخۆ بەر لێبوردنەکەی ڕێبەر! دەکەوێ یان نا؟ بەپێی فەرمان لێخۆشبوونەکە ئەو کەسانەی دەگرتەوە کە: "بەشداریی تاوانێکی نەکردبێ کە بەپێی قانوونەکانی کۆماری ئیسلامی دەچنە خانەی "مەحاربە"، "فەساد لەسەر عەرز" و "بغی"، هەروەها تاوانبار نەکرابێ بە سیخوڕی و پێوەندیهەبوون بە دەزگا ئەمنییەتی و هەواڵگرییە بیانییەکان. مەرجەکانی دیکەش بریتین لەوە کە تاوانبار نەبێ بە کوشتنی بەئانقەست، بە سووتاندن و زیانگەیاندن بە دامودەزگای دەوڵەتی و ئەندامەتیی حیزب و ڕێکخراوەکانی ئۆپۆزیسیۆن و دژەشۆرشی! بە سەردا ساغ نەکرابێتەوە و پێشینەی تاوانی لە دووجار زیاتر نەبووبێ و کەسیش سکالای لەسەر نەبێ. پاش هەموو ئەوانەش کەسی بەندکراو پەژیوانی دەربڕیبێ و بەڵێننامەی نووسیبێ کە تاوانی! لەو بابەتە دووپات ناکاتەوە."
ئێستا پرسیار ئەوەیە مادام کەسێک یەکێک ئەو بەناو تاوانانەی نەکردبێ، لە ئەساسدا بۆ دەستبەسەر کراوە و کێ بەرپرسیار لە گرتنی ئەو هەزاران کەسەی لە ڕەوتی ڕاپەرینی ژینادا قۆڵبەست کران و لە کار و ژیانیان خستن و بە شێوازی جۆراوجۆر ئەزیت و ئازار دران و ئێستا شانازیی ئەوە بە خەڵک دەفرۆشن ئەو هەزاران کەسە کەوتوونەتە بەر ڕوحم و بەزەیی ڕێبەری نیزام!
"عفو" (لێخۆشبوون) لە واتای وشەییدا مانای جۆراوجۆری هەیە، بەڵام لە دەستەواژە حقووقی و یاساییەکاندا بە مانای ئەو کردارە دێت کە لەلایەن دامودەزگای حکوومەتی بەتایبەتی کەسی یەکەمی حکوومەت، مەجلیس بەپێی ئەو دەسەڵاتەی قانوون بۆی دەستنیشان کردووە حوکمی بەدواداچوونی تۆمەتباریەک ڕادەگرێ، یان بەشێک لە ماوەی زەمەنیی سزا یان هەموو ماوەی سزاکە لەسەر تاوانبار لا دەبا و لەو ماوە زەمەنییەی سزا کە تاوانبار ماویەتی و دەبێ بیکێشی، دەبەخشرێ. مافی دانی لێخۆشبوون و عفوو لە یاسای هەموو وڵاتاندا هەیە و چۆنیەتیی بەکارهێنانی ئەو مافە لە دەسەڵاتی کام کەسایەتی یا دەزگای دەسەڵاتداریی وڵاتدایە بە قانوون دیاری کراوە و مەبەستی قانووندانەر لە هێنانی ئەو برگەیە لە قانووندا ئەوەیە لەو ڕێگەیەوە واتا لێبوردنی گشتی بە تایبەتی بۆ زیندانییانی سیاسیی جۆرێک لە ئارامی و سەقامگیری بگێڕنەوە بۆ ئەو وڵاتانەی تووشی نائارامی و شڵەژانی نێوخۆیی بوون. لە هەمان کاتدا عەفوو یا بەخشینی تاوانبار یا تاوانباران و لادانی سزاکان لە سەریان جۆرێک وەڵامدانەوەی دەسەڵاتە بە ویستی کۆمەڵگە کە ناڕازییە بەو جۆرە سزادانە و بەردەوامیی ئەو جۆرە سزادان و زیندانیکردنە خوێندنەوەی ئەوەی لێ دەکرێ کۆمەڵگە بەدژی دەسەڵات دژکردەوەی توندتری هەبێت.
بەپێی ماددەی ٩٨ لە قانوونی سزادانی ئیسلامیی ئێران لەدوای دەرچوون و جێبەجێبوونی حوکمی لێخۆشبوون هەموو ئاسەواری قانوونیی مەحکوومییەت لەنێو دەچی، واتا ئەگەر پەروەندەی تۆمەتباریک کە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا بێ وحوکمی کۆتایی وەرنەگرتبێ، هەموو بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیەک ڕادەوستی و پەروەندەکە دەبەسترێ و ئەو پەروەندانەی حوکمی کۆتاییان وەرگرتووە، ماوەی زەمەنیی سزاکە بە تاوانبار دەبەخشرێ و پەروەندەکە بە یەکجاری دادەخرێت. بەڵام کاتێک ڕاگەیەندراوی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی لەپێوەندی لەگەڵ لێخۆشبوونی ڕێبەری ڕێژیم لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەخوێنینەوە و ئەو مەرجانەی دەستنیشان کراون بۆ ئەوەی کەسێك ئەو لێخۆشبوونە بیگرێتەوە، بەتەواوی هەست بە جیاوازی لەنێوان نێوەرۆکی ماددەی ٩٨ لە قانوونی سزادانی ئیسلامی و ڕاگەیەندراوی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی دەکەین. لێرەدا چەندین پرسیار دێنە ئاراوە:
یەکەم، بە سەرنجدان بەو هەشت مەرجەی لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتوون و وەک تاوان دەستنیشان کراون و گوتراوە ئەگەر کەسێک یەکێک لەو تاوانانەی لێ ڕوو نەدابێ، لێبوردنەکەی ڕێبەر دەیگرێتەوە؛ پرسیار ئەوەیە ئەو هەزاران کەس و لاوانەی لەسەر شەقامەکان هێزە ئەمنییەتییە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم گرتوویانن و بێ لێپرسینەوە ڕاپێچی زیندانیان کردوون لەسەر چی گیراون و کێ و چ دەزگایەکی خاوەن دەسەڵات لە ئێران لەهەمبەر ئەوان وەڵامدەرە؟ چونکە هەموو ئەو هەزاران دەستبەسەرکراوە بە قسەی کارگێڕان و بەڕێوەبەرانی دەزگاکانی ئەمنی و قەزایی بە تاوانی ئەو کردەوانە گیراون کە دەزگای قەزایی لە ڕاگەیەندراوەکەی خۆیدا بە مەرجی نەکردنی داناوە. ئەوەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە هەموو ئەو کەسانەی لە ڕاپەرینی ژینادا دەستبەسەر کراون بێتاوانن و تاوانی ئەوان تەنیا بەرزکردنەوەی شوعاری "ژن، ژیان، ئازدی"یە و لەو پەروەندەیەدا تاوانباری سەرەکی دەسەڵاتدارانی نیزامی کۆماری ئیسلامین کە لەسەر ئەو باوەڕەن تەنانەت هەناسەکیشانی خەڵکیش دەبێ بە ئیزنی ئەوان بێ.
دووهەم بابەت کە دەتوانین لە جیاوازیی نیوان ماددەی ٩٨ی قانوونی سزادانی ئیسلامی و ڕاگەیەندراوەی دەزگای دادی ڕێژیمدا تیشکی بخەینە سەر ئەوەیە نێوەرۆکی ئەو ماددەیە باس لەوە دەکا پەروەندەی هەر تۆمەتبار یان تاوانبارێک کە وەبەر عەفو-لێخۆشبوون کەوت ئەو پەروەندە دەبەسترێ و هیچ لێکەوتەیەکی یاسایی لە دوای خۆی بەجی ناهێڵی. واتا جارێکی دیکە بە هەر هۆکارێک ئەو کەسە لەسەر ئەو تۆمەت یان تاوانە دەستبەسەر و دادگایی ناکرێتەوە، مەگەر ئەوەی جارێکی دیکە تاوانێک بکات کە بەپێی ئەو تاوانەی کردوویەتی یاسا لێی بپرسێتەوە. بەڵام ڕاگەیەندرای دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی لە کۆتا خاڵی مەرجەکاندا باس لەوە دەکا تۆمەتبار یا تاوانبار بە دەربرینی پەژیوانی و نووسینی بەڵێننامە دەروەست دەبێت کە تاوانی لەو بابەتە ناکاتەوە و، ئەو دڵنیایە بدا بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کە لەوە بەدواوە پابەندی هەموو یاسا و ڕێساکانی دەسەڵات بێت و لە هیچ برگەیەکی ژیاندا بەدوای مافە یاسایی و بنەڕەتییەکانی خۆیدا نەڕوات. بەکورتی ئەو بەڵێننامەیە جۆرێک لە تۆبەنامەیە کە لە ساڵەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوییەوە هاتۆتە نێو ئیجرائیاتی دەزگای دادی ئێران کە هەر خۆی لە بنەڕەتڕا پێچەوانەی بنەما قانوونییەکان و مافەکانی مرۆڤیشە. لە حاڵێکدا چاوەڕوانیی کۆمەڵگەی ئێران بۆ لێخۆشبوون لەو قۆناخەدا کە ناڕەزایەتییەکانی بەدژی حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامی هەموو کەلینوکەلەبەری کۆمەڵگەی ئێرانی گرتۆتەوە ئەوەیە لێخۆشبوون لە زیندانییانی سیاسی دەبێ بەکردەوە وەدیهاتنی ویست و داخوازییەکانی ئەوان بێت.
سێهەم، هەر لەجێدا ئەو مەرجانەی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی پێشێلکردنی ئەسڵێکی قانوونیی بنەڕەتیی وڵاتە. لە ئەسڵی ٣٧ی قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیدا هاتووە کە بۆ هەر دەستبەسەرکراوێک هەتا سەڵماندنی تاوان ئەسڵ بێتاوانییە، واتا هەتا لەلایەن دادگایەکی دادپەروەرەوە حوکمی کۆتایی بەتاوانبار ناساندنی بۆ دەرنەچووبێ، ئەوکەسە بێتاوانە. ئەدی چۆنە دەزگای قەزایی بەڵیننامە لەو دەستبەسەرکراوانە وەردەگرێ کە هێشتا هیچ تاوانێکیان لەسەر ساغ نەبۆتەوە؟!
لە ڕاستیدا ئامانجی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە ڕاگەیاندنی ئەو لێخۆشبوونەی خامنەیی ئەوە بوو لە نێوخۆی ئێراندا وا پێشان بدەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامی چەندە هەست بە بەرپرسایەتی دەکا و چەندە دڵفراوانە لە بەرانبەر ئەو کەسانەدا کە دژایەتییان کردووە. لە هەمان کاتدا دەزگای قەزایی و ئەمنییەتیی نیزام بە وەرگرتنی بەڵێننامە لە بەندکراوان بەتایبەتی زیندانییانی سیاسیی بەدوای شکاندنی کەسایەتیی ئەو بەندکراوانە لەنێو بیروڕای گشتیی کۆمەڵگەدا بن کە بەخۆشییەوە زۆربەی ئەوانەی لە زیندان ئازاد بوون لە یەکەم دەرکەوتنیاندا ڕایانگەیاندووە کە قەت خۆیان پێ تاوانبار نەبووە و هیچ بەڵێننامەیەکیشیان پڕ نەکردۆتەوە کە ئەوەش بۆ بەرەی خەڵک سەرکەوتنە و بۆ بەرەی دەسەڵات شکان و پاشەکشەیە.
ئامانجێکی دیکەی ئەو لێبوردنە گشتییەی ڕێبەری ڕێژیم بە جۆرێک دامرکاندنەوەی تووڕەیی کۆمەڵگەی جیهانییە کە لە ماوەی ڕاپەرینی ژینادا هەڵویست و گوتاریان ڕوو بە نیزامی کۆماری ئیسلامی ئاڵوگۆری بەسەردا هاتووە، بەو مانایە کە دەسەڵاتدارانی تاران لە جاران زیاتر و بەئاشکراتر کەوتوونەتە ژێر فشاری دەرەکیی هەم دەوڵەتان و هەم بیروڕای گشتیی جیهان؛ بەڵام هەموو نیشانەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو جۆرە سیناریۆ و چەواشەکارییانە تازە دادی کۆماری ئیسلامی نادەن.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٤١ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.