کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زارا، ئەو ژنەی ڕێژیمی بەچۆک داهێنا

14:01 - 1 رەشەمه 2722

ئاسۆ مینبەری

ڕۆژی هەینی، ٢١ی ڕێبەندان و ڕێک ڕۆژێک پێش لە بەڕێوەچوونی ڕێپێوانە گاڵتەجاڕییەکەی ڕێژیم بۆ ٢٢ی ڕێبەندان، زارا محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی لە زیندانی سنە دەر کرا! ئەم دەرکرانە پاش ئەوە بوو کە خامنەیی جەلاد بە دەرکردنی بڕیارێک، لێخۆشبوونی بۆ زیندانییان ڕاگەیاند و ویستی وای پێشان بدات کە سەرەڕای ناڕەزایەتیی بەرینی خەڵک و دژایەتییان لەگەڵ سیستەمی ویلایەتی فەقیهـ، ئەوە ئەوە لە ئاست خەڵکدا وا دڵی گەورەیە و لەبیری دەکات کە چۆن لە شەقامەکاندا دژی خۆی و دەسەڵاتە نگریسەکەی دروشمی نەمانیان دەدا!

 زارا پاش دەرکرانی لە زیندانی سنە، بەپەلە و لەوپەڕی بوێریدا گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاو کردەوە کە تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە خۆی و پارێزەرەکەی بە هیچ شێوازێک داوای لێخۆشبوونیان نەکردووە و لە ماوەی ٥ خولەکدا بەبێ ئاگاداریی بنەماڵە و هاوڕێیانی و بەبێ ئەوەی ئیزن بدرێت تەنانەت کەلوپەلەکەی کۆ بکاتەوە، لە زیندان دەر کراوە.

زارا محەممەدی ڕۆژی ٢٧ی ڕێبەندانی ٩٨دا، لە لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا، دواتر حوکمەکەی زارا لە لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی سنە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مستەفا تەیاری"، بۆ پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری گۆڕدرا. زارا ڕۆژی دووشەممە ١٨ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠ لەنێو ئاپۆڕای بنەماڵە و هاوڕێیانیدا چووە بەردەم دادگوستەریی سنە و لەوێوە بەڕێی گرتووخانە کرا.

بە سەرنجدانێکی زۆر سادەی دۆسییەکەی زارا، دەردەکەوێ حوکمی داسەپاو بەسەریدا چەندە ناڕەوا بوو، بەڵام گرینگ خۆڕاگری و بەرخودانێک بوو کە لە زارا دیتمان، بەرخودانێک کە لە کاتێکی زۆر کەمدا وای کرد زارا لای خەڵکی کوردستان بە زارای نیشتمان ناوبانگ دەر بکات و لە ساڵی ٢٠٢٢دا، بچێتە ڕیزی ١٠٠ ژنی کاریگەری جیهانەوە!

ڕێژیم پێی وابوو بە دەسبەسەرکردنی چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی و سەپاندنی حوکمی قورس بە سەریاندا لە چالاکی و تێکۆشان پاشگەزیان دەکاتەوە و دەتوانێ زیندان بکاتە شوێنێک ترس بخاتە دڵیانەوە تا بە پارێزەوە درێژە بە تێکۆشان بدەن نەکا ڕۆژێک ڕێیان بکەوێتە زیندانە ترسناکەکانی ڕێژیمەوە، یان دەنا نەتوانن چیدیکە درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن. بەڵام بە پێچەوانە کەسێکی وەکوو زارا لەنێوان توێژی ژنانی سەرکوتکراوی کۆمەڵگەی کوردستاندا دەرکەوت، زارایەک کە لە قۆناغی خوێندکاربوونیشیدا و لە زانکۆدا کە بەردەوام چاوی حەراسەت و کۆمیتە ئینزباتی بەسەر خوێندکارانەوەیە، بەرەوڕووی بیری دواکەوتووانەی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم دەبۆوە و وەک کچێکی ئازا و بوێر هیچکات ملکەچی بڕیارەکانیان نەبوو، ئەمجارەیان بە هاتنە نێو ڕووبەرێکی گەورەتری کۆمەڵگەی کۆلۆنیکراوی کوردستان و بە وانەوتنەوە بە منداڵانێک کە بە حەز و خولیاوە لە سەر پۆلەکانی وانەوتنەوەکەی دادەنیشتن و لەگەل زارای مامۆستایان سروودی "خوایە وەتەن ئاواکەی"یان دەوتەوە، هەوڵی دا زیاتر لە پێشوو چالاکییەکانی بەربڵاو بکاتەوە.

ئەوانەی کە لە بواری زمان و فەرهەنگی کوردیدا لە ڕۆژهەڵات چالاکییان کردووە دەزانن کە ڕێژیم چەندە لە پەرەسەندنی ئەم چالاکییانە دەترسێت، چونکە زمان یەکێک لە پێوەرە گرینگەکانی مانەوەی نەتەوەیە و کاتێک حەشیمەتێکی زۆر ڕوو لە پۆلەکانی خوێندن بە زمانی دایکی دەکەن، بێگومان بیری نەتەوەدۆستی و هەوڵدان بۆ ڕزگاری نەتەوەیی لە مێشکیاندا چەکەرە دەکات و هەنگاو بۆ ڕزگاریی نیشتمانەکەیان هەڵ دەگرن، بۆیە ڕێژیم زۆر بە ترسەوە چاوی لە پۆلەکانی وانەوتنەوەی کوردی دەکرد و ویستی بە دەسبەسەرکردنی زارا و سەپاندنی حوکمی ناڕەوای زیندان بە سەریدا کە وانە وتنەوە بە مندالانی کوردستان پاشگەزی بکاتەوە.

لە ڕاستیدا یەکەم هەنگاوی زارا بۆ خۆڕادەستکردنی بە ناوەندە ئەمنییەتییەکان و سەربەرزانە ڕۆیشتن بۆ زیندانی ڕێژیم لەسەر ڕاستییەک کە وەکوو مافی بێ ئەملاوئەولای خۆی و نەتەوەکەی سەیری دەکرد و دواتریش بڵاوکردنەوەی خێرای ڤیدیۆیەک بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵکی کوردستان لە دەرکرانی لە زیندان، هەموو پیلانەکانی ڕێژیمی تێک شکاند!

ڕێژیم پێی وابوو بە دەرکردنی خێرای زارا لە زیندان، دەتوانێ ناو و خەبات و بەرخودانی زارا لە نێو جەماوەری کوردستاندا خەوشدار بکات و بڵێ ئەوە قارەمانەکەتان! داوای لێخۆشبوونی لە ڕێبەری نیزامەکەمان کردووە و ئێستاش ئازاد کراوە! پێیان وابوو زارا پاش ساڵێک هاتنەدەرەوە لە زیندان دەستخۆشییان لێ دەکات و بۆ لەمەوبەدوا ملکەچی بڕیارەکانیان دەبێ، نەیانزانی کە زارا وەک خۆی لە یەکەم ڕۆژی ڕادەستکردنەوەی بە زیندان گوتی "بیری ئازادیم لە زیندانا فراوانتر ئەبێ، قوڕ بە سەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە" بە هەموو هێزیەوە هیممەتی کردووە کە بەرەنگاری ستەمەکانیان ببێتەوە، بۆیە زارا لە ماوەی زیاتر لە یەک ساڵ زیندانی‌بوونیدا، بێگومان زیندانی کردە قوتابخانە بۆ ئەوەی بتوانێ بەهێزتر لە جاران، هەنگاو بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی خۆی و نەتەوەکەی هەڵ بگرێت.

زارا، کچی نیشتمانێکە کە ڕێز لە ژنبوونی کەسانێک وەک زارا دەگرێت؛ زیاتر لە ٥ مانگە کوردستان خرۆشاوە تا داوای مافی خۆی و کچەکانی وەک زارا محەممەدی و ژینا ئەمینی و زەینەب جەلالیان بکات، وەک زارا لە کاتی دەرکرانی لە زینداندا گوتی ، تا چرای ئێمە نەسووتێ ئێوە هەرگیز ڕووناکایی نابینن بە چاوی خۆتان، زاراکان ئەو چرایانەن کە نابێ بهێڵین هیچ پیلانێکی دوژمن، ڕووناکاییان کەم بکاتەوە، بوون و بەردەوامبوونی زاراکان، هێز و ورە بە هەموومان دەبەخشێ و چۆک بە دەژمن دا دەدا، هەروا کە زارای نیشتمان توانی ڕێژیمی ئاخوندەکان و زیندانەکەیان بەچۆک دابێنێ.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٤١ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.