کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی کۆمەڵەی کومونیست بۆ ڕەتکردنەوەی چەواشەکاری و درۆکانی ڕێژیمی ئێران

17:12 - 13 رێبەندان 2722

حیزبی کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کومونیستی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێکدا، چەواشەکاری و درۆکانی کۆماری ئیسلامیی ڕەت کردەوە کە گوایە حیزبە کوردییەکان لە هێرشە دڕۆنییەکەی سەر ئیسفەهان ڕۆڵیان هەبووە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمەڵە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و نووسیویەتی: بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاو کراونەتەوە، کۆماری ئیسلامی، کۆمەڵێک زانیاریی درۆیینەی سەبارەت بە هێرشی دڕۆنیی ئێوارەی شەممە ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی بۆ سەر دامەزراوەی وەزارەتی بەرگریی ڕێژیم لە ئیسفەهان بڵاو کردووەتەوە.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هەڵبەت ئەمە یەکەم جار نییە کە کۆماری ئیسلامی لاوازی و بێ‌توانایی بۆ پاراستن و کۆنترۆڵی نێوخۆیی لە بەرانبەر ڕەقیبە ناوچەییەکانیدا دەخاتە ئەستۆی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بەڵام وەها سیاسەتێک لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بێجگە لەوەی کە هەوڵدانە بۆ داپۆشینی لاوازی و بێتوانایی دامودەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم، لە هەمان کاتدا هەوڵێکیشە بۆ بەلاڕێدابردنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە ڕیشەی لە خەبات و بەرەنگاربوونەوەی ٤٣ ساڵ سەرکوت و دیکتاتۆری مەزهەبیدایە، شۆڕشێک کە لە کوردستانەوە و بە کوژرانی حکوومەتیی "ژینا ئەمینی" دەستی پێ کرد.

کۆمەڵە، وێڕای مەحکوومکردنی تەبلیغاتی درۆیینەی ڕێژیم، سەبارەت بە سیاسەتە شەڕەنگێزەکانی دەرەوەی سنووری کۆماری ئیسلامی بۆ بەڕێوەبردنی کردەوەی سەربازی دژی هەرێمی کوردستان، داوا لە سەرجەم ڕێکخراو، حیزب و ناوەندە پێشکەوتنخواز و چەپ و مرۆڤدۆستەکان دەکات، بەرەنگاری کردەوە سەربازی و دژە مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی ببنەوە.