کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پەسنی مامۆستایانی پێشەنگ و دەروەست‌دا

14:05 - 1 رەشەمه 2722

مەنسوور مروەتی

بەشداریی گەرموگوڕ و چالاکانەی مامۆستایانی ئایینیی کوردپەروەر لە شۆڕشی ژینا و پشتگیری و پشتیوانیی ئەوان لە داوا ڕەواکانی خەڵکی کوردستان، یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم شۆڕشەیە. سەرنجڕاکێش لەو ڕووەوە کە ئەم هەڵوێستەی مامۆستایان بەلای زۆر کەس و لایەنەوە تا ڕاددەیەکی زۆر بابەتێکی نوێ بوو. هەڵبەت بەشداریی مامۆستایانی کوردپەروەری کوردستان لە مێژووی شۆڕشەکانی کورددا بابەتێکی تازە نییە، بەڵام جیاوازییان لەگەڵ ئەوەی ئێستا ئەوەیە کە پێشتر بەشداریی مامۆستایان بە شێوەی تاک و تەرا و جیاواز لەوەی ئەم شۆڕشە بوو، بەڵام ئەوەی ئێستا بە شێوەی کۆمەڵ و بە دەرکردنی بەیاننامە و نیشاندانی هەڵوێستی بەکۆمەڵی ئەم توێژەی کۆمەڵگەی کوردەواری بوو. ئەگەرچی هەر لە سەرەتاوە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم کەوتنە هەڕەشە و گوڕەشە لە مامۆستایان، بەڵام ماوەی زیاتر لە دوو حەوتوویە دەستیان کردووە بە ڕەشبگیر و چەندین کەس لەوانیان لە شارەکانی کوردستان دەسبەسەر کردووە.

کۆماری ئیسلامی جگە لە هێزی سەرکوت هیچ هێزێکی دیکەی لە پێوەندی لەگەڵ خەڵکدا بەدەستەوە نەماوە و مەبەستی ئەوەیە بە گرتنی مامۆستایان لەلایەک دەنگی ئەوان کپ کا و لە خەڵکیان داببڕێ و لەلایەکی دیکەوە وێڕای بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگە؛ درێژە بە سەرکوتی بێ‌ئەنجامی خەڵکی ڕاپەڕیو بدا، کە ئەزموونی ئەم پێنج مانگەی شۆڕشی ژینا پێچەوانەی ئەوەمان پێ دەڵێ.

ئەم مامۆستا تێکۆشەرانە بەپێچەوانەی مەلاکانی سەر بە حکوومەت کە لە بەرەی دژی خەڵکدان و پاڵیان بە ڕێژیمەوە داوە و پتر لەوە لە خزمەتی دەزگا ئەمنییەتی و سەرکوتکەرەکانی ڕژیم‌دان، هەر لە سەرەتاوە بەڕوونی باسیان لەوە کرد کە پەروەردەی قوتابخانەی پێشەوا قازی محەممەدن و بڕیاریان داوە تا سەر وەکوو پێشەوا پشتی خەڵکی خۆیان بەرنەدەن. ئەم مامۆستایانە بەردەوام بە خوێندنەوەی سروود و شێعری شۆڕشگێڕانە لە ڕاستیدا مینبەری مزگەوتەکانیان کردووەتە سەنگەرێکی ئاوەدانی ئەم ڕاپەڕینە.

هەوڵەکانی ڕێژیم لەم دەسبەسەرکردنانە بۆ کپکردنی دەنگی مامۆستایان و نانەوەی ترس بۆ پێشگرتن بە پەرەگرتنی زیاتری شۆڕشەکە لە حاڵێک‌دایە کلیلی سەرەکی و بەهێزی پەرەگرتنی ئەم شۆڕشە ڕووخانی دیواری ترس لە کۆمەڵگە و پەرەگرتنی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕەین لە نێو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیە. کە واتە گومان لەوەدا نییە کە ئەم شەپۆلەی پەلامار و ڕفاندنی مامۆستایان کۆتاییەکەی سەرکەوتنی مامۆستایان و پاشەکشەی ڕێژیمی بەدواوە دەبێ.

وەک باس کرا خۆپێناسەکردنی مامۆستایان بە قوتابیی قوتابخانەی پێشەوا قازی محەممەد خاڵێکی سەرنجڕاکێشی هاتنە مەیدانی ئەوان بوو. هەر ئەم بابەتەش خۆی لە لایەکەوە بەهێزیی گوتاری کوردایەتی و لەلایەکی دیکەشەوە هێنانە بەرباسی پرسی سەرەکیی کورد لە ئێران، واتە پرسی نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ چارەسەر کردنی ئەم پرسەیە.

لەگەڵ ئەوەی خەڵکی کوردستان لە باری ئایینیەوە، سەر بە چەند ئایینی جیاوازن و حکوومەتە ناوەندییەکان و بەتایبەتیش کۆماری ئیسلامی لەمە کەڵکی خراپیان وەرگرتووە و هەوڵیان داوە لەم بابەتە کێشە و دووبەرەکی لە کوردستاندا بنێنەوە، مامۆستایان کوردپەروەر زۆر بەڕوونی لە وتارەکانیاندا باسی ئەوەیان دەکرد کە جیاوازیی ئایینی لە کوردستاندا کێشە نییە و کێشەی کوردستان پرسی نەتەوەییە کە تا ئێستا لە لایان ناوەندگەراکان و حکوومەتەکانەوە بێ چارەسەر ماوەتەوە.

خاڵێکی دیکەی سەرنجڕاکێش و گرینگ لە گوتار و هەڵسوکەوتی مامۆستایانی کوردپەروەری ئایینی ئەوەیە کە ئەم مامۆستایانە خوێندنەوەیەکی کوردانە و میانەڕەویان لە ئایین لە کوردستان هەیە و ئەم بابەتە خۆی گرینگییەکی زۆری لە باری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا هەیە. چونکە لەگەڵ پەرەگرتنی ئیسلامی سیاسی و ڕەوتی توندئاژۆی ئیسلامی لە ناوچەکە، کوردستانیش لەم بەڵایە بێبەری نەبووە و ئەم ڕەوتە بەردەوام هەڕەشەی لە ئاسایش و ئەمنییەتی کوردستان کردووە. ئەوەش لەولاوە بمێنێ کە کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆی ماکەی سەرەکیی پەرەپێدانی ئیسلامی توندئاژۆ و یارمەتیدەر و بزوێنەری ئەم ڕەوتە مەترسیدارە لە ناوچەکە و جیهان بووە.

کەواتە چالاکی و گوتاری میانەڕەوانەی مامۆستایانی کوردپەروەری کوردستان خۆی یارمەتی بە سەقامگیری ئاسایش و ئەمنیەت لە کوردستاندا دەکا و ڕۆشنگەریی ئەوان ڕێگری لەوە دەکا لاوانی کوردستان فریوی لایەنە توندئاژوەکان بخۆن و بەلاڕیدا بچن.

خویندنەوەیەکی کوردانە لە ئیسلام لە گوتاری ئەم مامۆستا تێکۆشەرانە یەکێکی دیکە لە خاڵە ئەرێنییەکانی چالاکییەکانی ئەمان بوو کە لەم شۆڕشەدا زیاتر خۆی دەرخست. لەمێژە باسی ئەوە دەکرێ نەتەوەکانی دیکەی ئەم ناوچەیە بە خوێندنەوەیەکی خۆماڵیانە لە ئیسلام، کەڵکی باشیان لە ئیسلام بۆ یەکدەست‌کردن و پێشوەچوونی نەتەوەکەی خۆیان داوە و تەنانەت کوردەکانیش لەو بوارەدا یارمەتیدەرێکی باشی ئەوان بوون. بەڵام بەداخەوە بۆ ئەو بابەتە کورد هیچ کەلکێکی لە ئایین و خۆماڵیکردنی ئایین بەپێی داب و نەریتەکانی کۆمەڵگەی کوردستان وەرنەگرتووە و ئەمە لە گوتار و هەڵسوکەوتی مامۆستایان و شارەزایانی ئایینی لە کوردستاندا هەمیشە غایب بووە. بەڵام لەم شۆڕشەدا بە خۆشییەوە ئەم مامۆستا بەڕێزانە بەباشی پەردەیان لە سەر ئەم پێویستییەی کۆمەڵگەی کوردستان هەڵدایەوە و وەک باس کرا مینبەری مزگەوتەکانیان کردە جێگای باس و خواسی داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان و خوێندنەوەی بابەت و شیعر و دەقەکانی ئەدەبیات و هونەری بەرگریی کورد.

هەموو ئەمانەی کە باس کرا بەشێک لە خاڵە ئەرێنی و پێویستیەکانی ئێستای کۆمەڵگەی کوردستانە کە مامۆستایانی کوردپەروەری ئایینی لە کوردستاندا شانیان وەبەر داوە و پێویستە بزووتنەوەی سیاسی، نەتەوەیی کوردستان پشتگیرییان بکات.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٤١ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.