کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆ دەجووڵێی، ئەوان وەدوات دەکەون (ئاشکراکردنی سیستەمی گوێهەڵخستنی یاسایی موبایل لە ئێران)

23:20 - 1 رەشەمه 2722

کەماڵ حەسەن‌پوور

پێشەکی

وەک دەزانین بە سەردەمی ئێمە دەڵێن سەردەمی تەکنەلۆژیای زانیاری. لەو سەردەمەدا کەلکوەرگرتن لە ئینتەرنێت، تەلەفۆنی مۆبایل و پلاتفۆرمە جیاوازەکانی سۆشیال‌مێدیا بوونە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ. ئەگەر بڵێین دەستڕاگەیشتن بەو خزمەتگوزارییانە بەشێک لە مافەکانی مرۆڤن، شتێکی دوور لە ڕاستیمان نەگوتووە. دەستڕاگەیشتنی ئازاد بە ئینتەرنێت و خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندییەکانی موبایل بە شێوەیەک کە هەرێمی تاکەکەسیی بەکارهێنەران پارێزراو بێ، پەیوەندیی ڕاستەخۆیان بە ئازادیی بیروڕاوە هەیە کە یەکێک لە مافە سەرەکییەکانی مرۆڤە.

لە کاتێکدا کە سیستەمە ئازاد و دێموکراتیکەکان هەوڵ دەدەن لەگەڵ دەستەبەرکردنی مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی سەرهێڵ بۆ خەڵکی وڵاتەکەیان، پارێزگاری لە هەرێمی تاکەکەسیی بەکارهێنەرانیش بکەن. لە زۆر وڵاتی دێموکراتیکدا جگە لەوانە، بودجەی تایبەتی بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ هەواڵ و زانیاریی چەواشەکارانە، کە لە هێندێک لاوە بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای خەڵکی ئەو وڵاتە بەڕێوە دەچن، تەرخان دەکرێ. بەپێچەوانە لە وڵاتانی دیکتاتۆر و یەکێک لەوان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، نەتەنیا دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی سەرهێڵ ئاسانکاریی بۆ ناکرێ، بەڵکوو بە زۆر شێوە سنووردار دەکرێ و پێشی پێ دەگیرێت. هاوکات بودجەی تایبەتی بۆ چەواشەکردنی ڕووداوەکان تەرخان دەکرێ تا بیروڕای جەماوەریی بەلاڕێدا ببەن، لەو خزمەتگوزارییە کەمەشدا کە پێشکەش دەکرێ، ئەوەی لەلای دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی گرینگ نییە، هەرێمی تاکە کەسیی بەکارهێنەرانی ئەو خزمەتگوزارییانەیە. بێچگە لە سیخوڕی و گوێهەڵخستن، کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی ئەوەدایە تا هەرکات پێی خۆش بێ دەستڕاگەیشتنی تاک یان جەماوەر بە ئینتەرنێت، خزمەتگوزارییەکانی سیستەمی پەیوەندیی موبایل و پلاتفۆرمەکانی سۆشیال‌مێدیا بپچڕێنێ یان سنوورداریان بکات.

لە کاتی سەرهەڵدانە جەماوەرییەکانی چەند ساڵی ڕابردوودا و هەروەها لە شۆڕشی هەنووکەی ژیناشدا، کۆماری ئیسلامی هێندێک جار هێڵی ئینتەرنێتی بەتەواوی پچڕاندووە یان تا ڕادەیەکی زۆر سنوورداری کردووە، باسی سانسۆڕیش ناکەین کە هەمیشە بەڕیوە چووە و دەچێت.

ئەو وتارە کورتکراوەی ڕاپۆرتێکە کە سیتیزێن لاب (Cityzen lab)، تاقیگایەکی سەر بە زانستگای تۆرۆنتۆی کانادا بۆ توێژینەوە و گەشەپێدانی سیاسەتی ستراتێژیک لە ئاستی باڵادا بۆ تێوەگلانی یاسایی لە یەکبڕینی تەکنەلۆژیاکانی زانیاریی، پەیوەندیی و هەروەها مافەکانی مرۆڤ و ئاسایشی جیهانییە، بڵاوی کردۆتەوە. وتارەکە پشت بە ڕێژەیەکی زۆر بەڵگەنامە دەبەستێ کە سەرچاوەیەکی نهێنی بۆ ڕێکخراوی هەواڵی سەرهێڵی ئینتەرسێپتی ناردووە و ئەوانیش لەگەڵ سیتیزێن لاب بەشیان کردووە. لە وتارەکەدا باس لە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆنتڕۆڵی پەیوەندیی موبایل و ئینتەرنێت و هەروەها سیخوڕیی و کۆکردنەوەی زانیاری لە سەرجەم تاکی ئێرانی کە کەلک لە خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیی موبایل وەردەگرن کراوە. ئەگەرچی ئەو پرۆژەیە هێشتا بەتەواوی جێبەجێ نەکراوە بەڵام بەشێکی هەر ئێستا جێبەجێ کراوە و بێتوو ڕێژیم لەو پرۆژەیەدا سەرکەوێ، ئەو وڵاتە یەکێک لە داخراوترین وڵاتان لە ڕوانگەی دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت و زانیاریی سەرهێڵ دەبێ.

یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ڕێژیمی ئێران، توندوتیژیی بەردەوام دژی مافەکانی ئازادیی دەربڕینی بیروڕا، کۆبوونەوەی ئاشتیخوازانە، ئازادیی ئایینی و دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە. کۆماری ئیسلامی بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی ڕێکاری جیاوازی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چالاکییەکانی گۆڕەپانی دیجیتال هەڵبژاردووە، لەناێیاندا گوێهەڵخستنی سەرهێڵ، سانسۆڕ، سیخوڕیی سایبەری و یاسای کۆنتڕۆڵ‌کردنی زانیاریی پەسەند کردوون و هەوڵ دەدا ببێتە پۆلیسی گوتاری سەرهێڵ.

ئێران لە مەزەندەکردنی ئاستی ئازادیی چاپەمەنیدا لە ساڵی ٢٠٢٢، لە نێوان ١٨٠ وڵاتدا پلەی ١٧٨ی وەدەست هینا و لە مەزەندەکردنی ئازادیی ئینتەرنێتدا وەک وڵاتێکی "گەلێک سنووردار کراو" سەیر دەکرێ. ئەو ڕێژیمە کەلک لە ژمارەیەک ڕێوشوێنی پێشکەوتووی کۆنتڕۆڵکردنی زانیاریی بە مەبەستی کارتێکەری لەسەر و بەربەست‌دانان بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، فۆرمدان بە نێوەڕۆکی سەرهێڵ و دامرکاندنی ناڕەزایەتی وەردەگرێ. یەکێک لە گرینگترینی ئەو ڕێوشوێنانە ڕایەڵەی زانیاریی نەتەوەییە کە بە ناوی "ئینتەرنێتی حەڵاڵ" ناسراوە و وەها نیشان دەدرێ کە گوایە بە مەبەستی باشترکردنی پانتایی ئینتەرنێت، بەرفراوانکردنی ڕووبەری ناوچەی خاوەن ئینتەرنێت، پارێزگاری لە ئاسایشی زانیاریی و پێشگرتن بە گوێهەڵخستنی ناودەوڵەتی دامەزرێندراوە، بەڵام لە ڕاستیدا بەکارهێنەران لەژێر چاودێریی بەردەوامدان و ئامانج لەوە پێشگرتن بە بەشێک لە نێوەرۆک و فیلتەرکردنە. بەگوێرەی ناوەندی ئازادیی سەرهێڵ، کاربەدەستانی ئێران توانایی ئەوەیان هەیە لە ماوەی چەند کاتژمێردا دەستڕاگەیشتن بە ماڵپەڕان نەهێڵن.

یاسای تازەپەسەندکراو، بە تایبەتی یاسای پارێزگاری لە بەکارهێنەران، دەتوانێ ئێران بەتەواوی لە ڕوانگەی دیجیتاڵییەوە تەریک بخاتەوە. بەگوێرەی ئەو یاسایە کۆنتڕۆڵی دەروازەکانی ئینتەرنێت (Internet Gateway) لە ئێران دەکەوێتە دەست هێزە ئەمنیەتییەکان، دابینکارانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی بیانی ناچار بە ملکەچ بوون بۆ یاساکانی کۆماری ئیسلامی دەکرێن و کەڵکوەرگرتن لە vpn لەلایەن ئێرانییەکانەوە بە مەبەستی دەورلێدانەوەی سانسۆڕ بە تاوان دێتە ئەژمار. وەک بەشێک لە جێبەجێ‌کردنی ئەو یاسایە، دەوڵەت کەلک لە شێوازی پشکنینی قووڵی پاکەتان بۆ دیتنەوە و لەکارخستنی پەیوەندیی بە vpn وەردەگرێ.

کاربەدەستانی ئێرانی بە شێوەی ستراتێژیک کەلک لە پچڕاندنی هێڵێ ئینتەرنێت لە کاتی هەڵبژاردنەکان و ناڕەزایەتیی جەماوەریی وەردەگرن، ئەوان هەروەها زۆرجار خزمەتگوزارییەکانی سێ کۆمپانیای سەرەکی دابینکردنی پەیوەندیی موبایل واتە "ایرانسل"، "رایتل" و "همراە اول"یان وەستاندووە.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی سیتیزێن لاب لەو بەڵگەنامە و ئیمەیلانەی لەبەر دەستیاندا بوون، چوار کۆمپانیا و ناوەند لە پرۆژەی سیخوڕیی و کۆنتڕۆڵی پەیوەندییە سەرهێڵەکانی بەکارهێنەرانی ئێرانی بەشدارن کە بریتین لە:

- ئاریانتێل (Ariantel) ئۆپەراتۆرێکی ڕایەڵەی مەجازی موبایلە لە ئێران.

- تێلینسۆل (Telinsol) کۆمپانیایەکی بریتانیایی ڕاوێژکاری پەیوەندیی ساتەلایتی کە بە نوێنەرایەتیی ئاریانتێل مامەڵەی بازرگانیی لەگەڵ هێندێک کۆمپانیای ناودەوڵەتی کردووە.

- پرۆتەی (PROTEI) فرۆشیارێکی ناودەوڵەتیی سیستەمی پەیوەندییەکانە کە لە ڕووسیە دامەزراوە و لەلایەن ئاریانتێلەوە بۆ دابینکردنی پێکهاتە سەرەکییەکانی تۆڕ وەک ئامێری ناسینەوەی ڕەسەنایەتی بەکارهێنەر، بەرێوەبەریی داتا، پشکنینی قووڵی پاکەت، گەیاندنی کورتەپەیام و ئاماژەدانی تۆڕی موبایل، هەڵبژێردراوە.  

- پۆرتا وان (PortaOne) کۆمپانیایەکی کانادایی و فرۆشیاری سیستەمی پشتگیریی سیستەمی موبایلە و وەک لە بەڵگەنامەکان دەردەکەوێ لە لایەن ئاریانتێل وەک دابینکەری دروستکردنی ئەژماری موبایل، دابینکردنی خزمەتگوزاریی، سیستەمی وەرگرتنی پارەی خزمەتگوزارییەکە و جێگیر کردنی تایبەتی لەگەڵ سیستەمی چاودێریی یاسایی ئێران، هەڵبژێردراوە.

- دەسەڵاتی تۆمارکردنی پەیوەندییەکانی ئێران دامودەزگای ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی ئێرانە کە ئەرکی جێبەجێکردنی دەسەڵاتە حکوومییەکان، چاودێریکردن و دەسەڵاتە جێبەجێکارەکەی وەزارەتی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکانی لە ئەستۆیە.

وردەکارییە تەکنیکییەکانی نێو بەڵگەنامەکان، تیشکی نوێ دەخەنە سەر ئاستی پێشکەوتوویی ئەو ئامرازانە کە کاربەدەستانی ئێران بەتەمان بە یارمەتیی ئەوان ئۆپەراسیۆنی چاودێری و کۆنتڕۆڵی دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی و پەیوەندییەکانی موبایل دەستەبەر بکەن. نەرمەواڵە و خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکانی فرۆشیاران ڕێگا بە دەسەڵاتی تۆمارکردنی پەیوەندییەکانی ئێران دەدەن تا ئەی پی ئای (API) تایبەتی لە ناو ئامێرەکانی ئۆپەراتۆرەکانی پێشکەشکاری خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتدا کە بۆ وەرگرتنی پارەی خزمەتگوزاریی، چالاککردنی خزمەتگوزاریی و ئەرکەکانی بەڕێوەبردن کەڵکیان لێ وەردەگیرێت، جێگیر بکات. یەکێک لەو ئەی پی ئایانە ناوی "سیام"ــــە کە بۆ شوێنهەڵگرتن و کۆنتڕۆڵی تەلەفۆنی موبایل کەلکی لێ وەردەگیرێت.

بەگوێرەی بەڵگەنامەکان سیستەمی چاودێریی یاسایی لە چەند بەش پێک هاتوون کە لە سەرانسەری ئێران کاریان پێ دەکرێ و بریتین لە:

١- سیستەمی چاودێریی یاسایی. ئەو بەشە بۆ چالاکیی کۆنتڕۆڵ و چاودێریی کەڵکی لێ  وەردەگیرێ. ئەو سیستەمە زانیاریی لە بارەی کەلکوەرگرتن لە خزمەتگوزارییەک لەلایەن بەکارهێنەری موبایل کۆ دەکاتەوە و دەتوانێ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکە لەکار بخات یان دەستکاریی بکات. سیستەمی چاودێریی یاسایی دەتوانێ داوای تۆماری بەکارهێنانی ورد بکات و خزمەتگوزارییە هاوبەشەکان لەکار بخات. بۆ ئەو کارە ئەی پی ئای سیام لە لای سەرجەم دابینکارانی خزمەتگوزاریی موبایل لە ئێران جێگیر کراوە.

٢- سیستەمی کۆنتڕۆڵی ئامێری نایاسایی. ئەو بەشە بۆ ئاگادارکردنەوەی سیستەمی چاودێریی یاسایی لە ئاڵوگۆرەکانی پرۆفایلی خزمەتگوزاریی سیمکارتی بەکارهێنەر کەلکی لێ وەردەگیرێ. سیستەمی کۆنتڕۆڵی ئامێری نایاسایی، سیستەمی چاودێریی یاسایی لە دۆخی هەنووکەیی سیم کارتی چالاک کە بە ناوی بەکارهێنەرێک تۆمار کراوە یان خەریکی تۆمار کردنە ئاگادار دەکاتەوە.

٣- سیستەمی شاهکار. کۆگایەکی داتایە کە زانیاریی لەسەر سەرجەم بەکارهێنەرانی موبایل لە ئێران بۆ پشکنینی "ڕەوایی بەکارهێنەر"  کۆ دەکاتەوە و بێتوو سیستەمی چاودێریی یاسایی بڕیار لەسەر ناڕەوایی هەوڵەکە بدا، پێش بە هەر هەوڵێکی تۆمار کردن دەگرێ. ئامانجی سیستەمی شاهکار ئاگادارکردنەوەی سیستەمی چاودێریی یاساییە لە هەوڵی بەکارهێنەران بۆ گواستنەوە بۆ پێشکەشکارێکی دیکەی خزمەتگوزاریی ، گۆڕینی زانیاریی ئابوونەکەیان یان گۆڕینی ژمارە تەلەفۆنەکەیان. شاهکار پێش بە بەکارهێنەران دەگرێ ئەژماری موبایلی نوێ لە پێشکەشکاری خزمەتگوزاریی دیکە وەرگرن. بەتایبەتی، لە بەڵگەنامەکاندا ئاماژە بە نموونەیەک کراوە کە لەویدا هەوڵی تۆمار کردن دراوە: "شاهکار لەو زانیارییەی بۆی نێردراوە دەکۆڵێتەوە و دەبینێ بەکارهێنەر لە لای پێشکارێکی دیکە تۆمار کراوە، بۆیە تۆمار  کردنەکە قەدەغە دەکرێ." ئەو شیکردنەوە ئەوە دەگەیەنێ کە ئێران بڕیاریداوە هەر بەکارهێنەرێک یەک سیم کارتی هەبێ تا ئاسانکاریی بۆ ئۆپەراسیۆنی  چاودێرییەکەی بکات. ئەوە بە سیستەمی چاودێریی یاسایی ئەو توانایە دەبەخشێ تا دەستبەجێ داوای ئەژمارێکی موبایل لە لایەن بەکارهێنەرێک یان ئاڵوگۆڕ لە هەژماری هەنووکەیی ئەودا هەڵوەشێنێتەوە.

٤- شەمسا. ئەو بەشە وەک ڕووکارێک بۆ کۆکردنەوەی دەنگ، کورتەپەیام، وردەکاریی پەیوەندییەکان و وردەکاریی داتای پرۆتۆکۆلی ئینتەرنێت، کەڵکی لێ وەردەگیرێ.  

جێگای ئاماژەیە کە ئەو سیستەمەی خزمەتگوزاریی یاسایی کە لە بەڵگەنامەکاندا باسی دەکرێ تا ڕادەیەکی زۆر لە  ستانداردە یاساییەکانی چاودێریی، گەشەپێدراو لەلایەن تاقمە کارییەکانی ٣ جی پی پی (3gpp) و کۆمیتەکانی ستانداردی ئێتسی (ETSI) جیاوازە.

 

دۆزینەوە سەرەکییەکان

ڕێساکانی دەسەڵاتی تۆمار کردنی پەیوەندییەکان لە ئێران دەڵێن سەرجەم ئۆپەراتۆرەکانی پەیوەندیی موبایل لە ئێران دەبێ دەستڕاگەیشتنی ڕاستەوخۆ بە سیستەمەکەیان بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی و وەرگرتنی پارەی خزمەتگوزارییەکان لە بەکارهێنەران، بدەن بەو ناوەندە. بە ئاماژە بە پێناسەی بەرینی "گوێهەڵخستنی یاسایی" لە لایەن خۆیانەوە، ئەو ناوەندە بەتەمای کەلکوەرگرتن لە سیستەمی پێشکەوتوویە بۆ پاشەکەوت‌کردنی زانیاریی بەکارهێنەران، ڕێگاپێدان یان ڕەتکردنەوەی دەستڕاگەیشتنی بەکارهێنەر بە خزمەتگوزارییەکانی موبایل و، سەیر کردنی مێژووی کەڵکوەرگرتنی دەنگیی، کورتەپەیام و داتا.

سیستەمی چاودێریی یاسایی دەسەڵاتی تۆمار کردنی پەیوەندییەکان، بۆ جێگیرکردنی ڕاستەخۆ لە ناو سیستەمی کارپێکردنی ئۆپەراتۆرەکاندا کەڵک لە ئەی پی ئای وەردەگرێ تا بتوانێ زانیاریی ورد لەسەر خزمەتگوزاریی کەڵک لێ وەرگیراو، ئاستی دابین کردنی خزمەتگوزاریی و مێژووی دانی تێچووی خزمەتگوزارییەکان، وەدەست بێنێ. هەر داوایەکی نوێ، کۆتاییهێنان و داوای ئاڵوگۆڕ لە سیم کارتی بەکارهێنەران دەبێ بە کەڵکوەرگرتن لە ئەی پی ئاییەکانی ئەو ناوەندە پەسەند بکرێ.

ئەو جۆرە سیستەمی پشتگیریکراو لە لایەن دەوڵەتەوە بۆ بەڕیوەبردنی کاروباری ڕایەڵەی موبایلی سەربەخۆ لە وڵاتیكدا لە ناو پیشەسازیی مودێڕنی پەیوەندیگرتنی موبایلدا لە ڕادەبەدەر دەگمەنە. بێتوو ئەوە بەو شێوەیەی لەو بەڵگەنامانەی ئێمە لێمان کۆڵیونەوە بەتەواوی جێبەجێ بکرێ، توانایی ئەوە بە دامودەستگای دەوڵەتی دەبەخشێ تا سەرجەم پەیوەندییە مۆبایلییەکانی خەڵکی ئێران، لە ناویاندا ئەوانەی ئالنگاریی بۆ ڕێژیم دروست دەکەن،  ڕاستەوخۆ چاودێریی بکات، گوێهەڵخات، لادا، کەم بکاتەوە یان بە تەواوی بپچڕێنێ.

بەڵگەنامەکان نیشان دەدەن کە کۆمپانیای ڕووسیەیی، بریتانیایی و کانادایی خەریکی گفتوگۆی بەربڵاون بۆ پێشکەش کردنی خزمەتگوزاریی بازرگانی و تەکنەلۆژیا بۆ پشتگیریی لە داواکانی گوێهەڵخستنی یاسایی ئێران بۆ چاودێریی، کۆنتڕۆڵی خزمەتگوزاری و بەڕێوەبرایەتی ئەژمار. لە کاتێکدا ئەو بەڵگەنامانەی ئێمە پێداچوونمان بۆ کردوون باسی جێبەجێ کردنی ئەو ڕێککەوتنانە ناکەن، دانوستانەکان لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارە سەرەکییەکاندا مەودایەکی باشیان بڕیوە و وردەکاریی بەربڵاو لەمەڕ سیستەمی گوێهەڵخستنی ئێران و شێوەی خزمەتگوزاریی و ئەو تەکنەلۆژیایەی کە لە کەرتی تایبەتییەوە بۆ ئەو مەبەستە دەتوانن دابین بکرێن، لە خۆ دەگرن.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٤١ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.