کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێدانەوەی قەوانی کۆن لە دۆخی نوێدا

10:11 - 2 رەشەمه 2722

عەلی بداغی

ژمارەی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی گەلان لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاویدا لە ٥١ وڵاتەوە گەیشتە ١٤٩ وڵات و لە ساڵی ١٣٦٩ەوە هەتا ئێستا بۆ ٢٠٦ وڵات زیادی کردووە کە ١٩٦ وڵاتیان ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانن. هۆکاری بنچینیەیی ئەو گۆڕانکارییانەش بۆ بنەڕەتی "مافی دیاریکردنی چارەنووس" دەگەڕێتەوە کە وای کردووە لە ماوەی کەمتر لە ٨٠ ساڵدا پتر لە ١٥٠ گەل و نەتەوە کیانی سیاسیی سەربەخۆی خۆیان هەبێت و هەوساری چارەنووسیان بگرنە دەست.

مافی دیاریکردنی چارەنووس وەک مافێکی مرۆیی بناغە و بنەڕەتی مافەکانی دیکەی مرۆڤە و بەو هۆیەوە هەموو کەس و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان بەبێ سەرنجدان بە جۆری ئیتنیک، ڕەگەز، نەژاد و ئایین   دەتوانن جڵەوی کاروباری خۆیان لە بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتووریدا بگرنە دەست. هەربۆیەشە لە مەنشووری نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە تەنیشت پێویستیی ڕەچاوکردن و ڕێزگرتن لە ماف و ئازادییە بنگەیی و سروشتییەکاندا باس لە مافی دیاریکردنی چارەنووس کراوە و ئەو بابەتە لە ڕیزی ئەسڵە بنەڕەتییەکانی مافە نێونەتەوەییەکانیشدا جێی گرتووە کە بە پاراستن و دەکارکردنیان پێش هەموو شتێک جگە لە خاوەنێتیی سەروەریی نەتەوەیی، دەکرێ بەر بە پێشێلکردنی مافی کەمایەتییەکان لەنێو هەر پێکهاتەیەکدا بگیردرێ. بە واتایەکی دی مافی دیاریکردنی چارەنووس مافێکی قسەهەڵنەگر و دانەشکاو بۆ هەر نەتەوەیەکە هەتا بتوانێ نیزامی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی خۆی هەبێ و ستاتویەکی نێونەتەوەیی بۆخۆی دەستەبەر بکات. دواتر بە پەسەندکرانی بەڵگەنامە نێونەتەوەییەکانی دیکەش ئەو مافە نەک بەتەواوی بەڕەسمی ناسرا و پێداگریی لەسەر کرا، جێبەجێکردنیشی وەک ئەرک خرایە سەر شانی دەوڵەتەکان.     

مافی دیاریکردنی چارەنووس پێوەندییەکی گرێدراو و لێکدانەبڕاوی لەگەڵ چەمک‌گەلی وەک دێموکراسی، ئازادی و مافی مرۆڤ هەیە و یەکێک لە هۆکارەکانی گرینگیدانی ئەو ئەسڵە بە پرسی دێموکراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ لەوەدایە کە نەبوونی دێموکراسی لە هەر وڵاتێکدا پێشێلکردنی مافی مرۆڤی لێ دەکەوێتەوە، دۆخێک کە نەتەوە بندەستەکان لە ئێران لە سەت ساڵی ڕابردوودا هەموو جۆرێکی ئەو پێشێلکردنانە دەرحەق بەوان بەڕەوا زاندراوە. ئەو دۆخەش وای کردووە نەتەوەکان -کورد بەتایبەتی- بۆ دابینبوونی مافەکانیان خەباتێکی دوورودرێژ بکەن، بەڵام بێتوو دوو دەسەڵاتی ناوەندگەرای پاشایەتیی پەهلەوی و ڕێژیمی ئیسلامی ڕێژیمێکی دێموکراتیک بان و ڕێزیان لە مافی دیاریکردنی چارەنووس وەک بنەڕەتی مافەکانی مرۆڤ گرتبا و وەڵامیان بە ویست و داخوازیی بەحەقی گەلانی ئەو وڵاتە بۆ بەشداری و هاوبەشیی سیاسی و مافی وەک‌یەک بەبێ هیچ چەشنە فەڕق و جیاوازای و هەڵاواردنێک دابایەوە؛ نە کەلێنی نێوان دەسەڵات و نەتەوەکان ئاوا بەرفراوان دەبوو؛ نە ڕەوتی دێموکراتیزاسیۆنی وڵات هیندەی دەخایاند و نە ئەوەندەش تێچووی قورسی دەویست.

ڕێژیمە ناوەندگەراکانی تاران لە یەک سەدەی ڕابردوودا کە هەر لەجێدا لەسۆنگەی لاوازیی خۆیانەوە و لە چەند قۆناغێکی مێژووییدا بەشێکی زۆر لەو جوغرافیا سیاسییەی ئێستا بە ناوی ئێران دەیناسین لێ کراوەتەوە و بە وڵاتانی دیکەی دراوسێ‌وە لکێندراوە، هەموو کاتێک "تەواوەتیی ئەرزی"یان وەک پیرۆزییەک پێش بنەماکانی مافی مرۆڤ خستووە و هەڕەشەی "تەجزییە"یان گۆپاڵێک لەسەر نەتەوە مافخوازەکانی ئەو وڵاتە ڕاگرتووە. لە چەند مانگی ڕابردووشدا کە شۆڕشی ژینا بە مانیفێستێکی تەواو مەدەنی و مافخوازانەوە جێی بە وەهمی پیلان، عەقڵییەتی شوینیستی، باوەڕە نادێموکراتیک و سیاسەتی دژە مافی مرۆییەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لێژ کردووە، پرسی "تەواوەتیی ئەرزی" و "تەجزییە" نەک هەر لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ بیانووی سەرکوت، بەڵکوو لەلایەن کۆمەڵێک هێز و ڕەوتی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمیشەوە بۆڵد دەکرێ و تەنانەت بە ناوبردنی وەک هێڵی سوور دەکرێتە گۆپاڵێک بۆ هێرش و هەڕەشە بۆ سەر نەتەوە مافخوازەکانی وەک کورد لەم وڵاتەدا. بەپیرۆزکردنی سنوورێک کە بە شایەتیی مێژوو و بە هۆکاری جۆراوجۆر کە هەروەک باس کرا زۆرجار بەهۆی ناژیری و لاوازیی دەسەڵاتی ناوەندییەوە چەندین جار گۆڕانی بەسەردا هاتووە و بچووک کراوەتەوە، بەردەوام کراوەتە پاساو بۆ بەردەوامیی سەرکوت، کوشتوبڕ، سەرەڕۆیی، توندوتیژی و سەپاندنی هەڵاواردن و نابەرانبەری؛ بێ‌ئەوەی بزانن کە تەواوەتیی ئەرزی بە سڕینەوەی جیاوازییەکان و پێخوست‌کردنی مافەکانی نەتەوە بندەستەکان لەلایەن دەسەڵاتی نەتەوەی سەردەست و بەگشتی بە تەواوتیخوازی ڕاناگیرێ و ناپارێزرێت.

هاوکێشەکە ڕوونە. هەتا ئێستا هیچ کام لە نەتەوەکانی نێو جوغرافیای ئێران خواستی سەربەخۆییان نەبووە و حیزبە سەرەکییەکانی ئەم نەتەوانەش -کورد بۆ نموونە- دەیانەوێ پرسی نەتەوایەتی و مافە مرۆییەکانی خۆیان لە ئێراندا لە چێ‌بوونی نیزامێکی فدڕاتیودا چارەسەر بکەن. بەڵام کاتێک کولتووری نەتەوەیەک لە وڵاتێکی ناوەندگەرادا مەترسیی فەوتانی لەسەر بێت و نیزامی سیاسیی وڵات ئیزنی هاوبەشی لە ئیدارەکردنی وڵات و بەخاوەن‌کردنی مافەکانی ئەو پێکهاتەیە و خۆدیتنەوەیان لە شانۆ سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو وڵاتەدا پێ نەدا، مافەکانیان بە شێوەی سیستماتیک پێخوست بکات، هەوڵی سڕینەی شوناس و ژێنۆسایدی زمان و مێژوویان بدات و لە هەموو کەرتەکاندا پەراوێزیان بخات؛ ئیدی ئەوە دەسەڵاتە کە هەموو شەرعییەتەکانی لە خۆی داماڵیوە و ئەو نەتەوەیەش مافی خۆیەتی لەسەر چارەنووسی خۆی بڕیار بدات. ئەو بڕیارەش هەرچی بێت دەبێ بەڕەسمی بناسرێ و ڕێزی لێ بگیردرێت و خۆ ئەگەر بێتوو ئەو ماف‌نواندنە لە هەر فۆڕمێکدا ڕەوشی جیاواز لە پێشوو لەو وڵاتەی لێ بکەوێتەوە، بەرپرسایەتیی ئەو دۆخە نوێیە لە ئەستۆی حکوومەت و دەسەڵاتی ناوەندگەرایە.

کە واتە هیچ خاک و جوغرافیایەک پیرۆزیی پتر لە ئازادی و مافی ژیان و کەرامەتی نەتەوەیەکی ماف‌زەوتکراوی نییە و، شۆڕشی ژیناش بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" هەم خاڵگۆڕانێکە لە مێژووی ئێراندا و هەم دەرفەتێکی زێڕینە بۆوەی داهاتووی ئەم وڵاتە بە عەقڵییەتێکی جیاواز لەوەی هەتا ئێستا ناوەندگەراکان دەکاریان کردووە دابڕێژرێتەوە و باشتر وایە ئەو دەرفەتەش لەکیس نەچێت و لە بار نەبرێت.