بەرەی یەکگرتووی کورد بە بۆنەی ٢١ی فێورییە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
لە بەشگەلێکی ئەم پەیامەدا هاتووە:
گەلی کورد بەهۆی پارچە پارچەبوون و ژێردەستەیی نەیتوانیوە زمانەکەی لەژێر گوشار و زەبروزەنگ دەربهێنێت. سەرەڕای هەموو ئەو بەربەستانە و بە دانی باجی زۆر، گەلی کورد توانیویەتی زمانی خۆی بپارێزێت و گەشەی پێ بدات، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە زاڵبوونی زمانەکانی تر بەتایبەت لە بواری پەروەردەوە، کاریگەریی نەرێنیی نەبووبێت.
بەداخەوە لە سەد ساڵی ڕابردوودا و دوای دروستبوونی چەمکی دەوڵەت- نەتەوە و یەکسانکردنی زمانی پەروردە بەسوودی زمانی نەتەوەی باڵادەست و بە زیانی زمانی نەتەوەکانی تر و لەنێویاندا زمانی کوردی بووە و ئەم زمانە یەکێک لە هەرە خەسار لێکەوتووەکان بووە.
هێژموونیی سێ زمانی فارسی، عەرەبی و تورکی و هێرشیان لە هەموو لایەکەوە، تەنگی بە زمانی کوردی هەڵچنیوە و زۆربەی کات لەسەر سایکۆلۆژیی تاکی کوردیش، کاریگەریی قووڵی بووە و خۆبەکەمزانیی لە ناخی تاکی کورد دروست کردووە. بۆ ئەوەی ئەم تاکی کوردە خۆی یان منداڵەکەی بتوانێت لەنێو نەتەوەی باڵادەست جێپێی بکاتەوە، ناچار بووە زمان و کولتووری خۆی وەلا بنێت و ڕێ و ڕەوشت و زمانی نەتەوەی زاڵ وەک ئامرازی پێشکەوتن وەربگرێت.
بەڵام لە دنیای ئەمڕۆدا و بە هەبوونی کەرەستەکانی پێوەندی و لێک ئاگاداربوون و لێک حاڵیبوون، هەرچەندە گوشار و پیلان بۆ فەوتان و تواندنەوەی زمانی کوردی لە ئارادا بێت؛ هەر بەو ڕادە و بگرە زیاتر پەرچدانەوە و هەوڵ و تێکۆشان بۆ گەشە و نەشەی زمانی کوردی لە ئارادایە. گەلی وشیار ئەستەمە ڕێگە بە فەوتان و لەناوچوونی زمانی دایکی خۆی وەک ناسنامەی لەمێژینەی بدات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بە پێوەری هەموو یاسا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، ئەرکی دەسەڵاتە کە بە ڕادەی زمانی هاوبەش بۆ زمانی نەتەوەکانی تریش هەلی پەروەردە و فێربوون بڕەخسێنێت و بەداخەوە تا ئێستا دەسەڵات بەپێچەوانەوە هەڵسوکەوتی کردووە.