کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سێنفە جیاوازەکان لە چەندین شاری ئێران و کوردستان

10:18 - 2 رەشەمه 2722

هاوکات لەگەڵ شەپۆلی گرانییەکان و هەڵکشانی نرخی دۆلار، مانگرتنی کرێکاران و ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوان بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان بەردەوامە.

ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، بەپێی ڕاپۆرتی ئازادی کرێکارانی ئێران، لە شارەکانی عەسەلوویە، زەنجان، یەزد، چابەهار، کرماشان و ئیلام کرێکاران بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان مانگرتنیان ڕاگەیاندووە. هەروەها هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە عەسەلوویە ڕێگرییان لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پاڵاوتگەی گازی ئەو شارە کرد.

لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە کرێکارانی شوێنە جیاجیاکانی ئێران، لە بەردەم بینای پێوەندیدار بە کارەکەی خۆیانەوە مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە، بەڵام لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەدا هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوویان بوونەتەوە.

دۆخی بژێویی ژیانی سێنفە جیاوازەکان لە ئێران بەهۆی پێنەدانی مووچەی مانگانەیان، لەوپەڕی خراپیدایە و بەرپرسانی ناکارامەی ڕێژیمیش نەتەنیا بەدەم داواکارییەکانیانەوە ناچن، بەڵکوو بە سەرکوت وڵامیان دەدەنەوە.