کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی چۆمی مەجیدخان

10:25 - 2 رەشەمه 2722

کاک بایزید حەسەن‌پوور، خەڵکی گوندی قەرەگۆلی ناوچەی چۆمی مەجیدخان و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، کاک بایزید حەسەن‌پوور، ئەندامی تێکۆشەری حیزبی دێموکرات، لە گوندی قەرەگۆلی ناوچەی چۆمی مەجیدخان سەر بە شاری مەهەباد، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد و لەنێو ئاپۆرای خەڵکی نیشتمانپەروەری ئەو ناوچەیە ئەسپەردەی خاکی پیرۆزی کوردستان کرا.

کاک بایزید لە سەرەتای خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات، وەکوو کەسێکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی حیزب لە ناوچەکەدا ناسراو بوو و ئەندامێکی چالاک و جێی متمانەی حیزب لەو ناوچەیە بوو و هەر ئەرکێک کە حیزب پێی سپاردبا بەوپەڕی شانازییەوە بەجێی دەگەیاند.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە، کەسوکار و هەروەها خەڵکی ناوچەی چۆمی مەجیدخان دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.