کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆی نوێی بریتانیا و ئورووپا دژی ڕێژیمی ئێران

10:52 - 2 رەشەمه 2722

هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانی بەشکۆی نەتەوەکانی ئێران لە بروکسێل، دەوڵەتی بریتانیا و یەکیەتیی ئورووپا گەمارۆی نوێیان دژی چەندین بەرپرس و چەند ناوەندی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەپاند.

شۆرای وەزیرانی یەکیەتیی ئورووپا لە پێنجەمین بەستەی گەمارۆکانی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران لە دەستپێکی شۆڕشی ژینا دژی ڕێژیمی ئێران، ٣٢ کەس و یەک لەوان دوو وەزیری کابینەی ئیبراهیم ڕەئیسی، ژمارەیەک لە بەرپرسان دەزگای قەزایی و نوێنەرانی مەجلیس و دوو دامەزراوەی خستە نێو لیستی گەمارۆکانی خۆیەوە.

لەو لیستەدا کە ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕەشەمە ڕاگەیەندرا، یووسف نووری، وەزیری پەروەردە و بارهێنان و محەممەد مەهدی ئیسماعیلی، وەزیری ئیرشاد و هەروەها دوو دامەزراوەی بنیادی تەعاوەنی فەراجا (فەرماندەیی ئینتزامی) و ناوەندی توێژینەوەی زانستی ئینتزامی و لێکۆڵینەوەکانی فەراجا، خراونەتە نێو ئەو لیستە نوێیەوە.

هاوکات دەوڵەتی بریتانیاش لەهەمبەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ٨ کەس لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەوانە چەند فەرماندەی سپای پاسداران و ٣ دادوەری ئەو ڕێژیمەی خستە نێو لیستی گەمارۆکانی ئەو وڵاتەوە.

لە ماوەی دەستپێکی شۆڕشی ژینا بەگشتی ١٩٦ کەس و ٣٣ دامەزراوەی ڕێژیمی ئێران کە دەستیان لە سەرکوتکردنی خەڵکدا هەبووە، خراونەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.