کاروان مێراوی
یەکێک لە فاکتەر و بنەماکانی پێناسەکردنی نەتەوە زمانە. هەر بەم هۆیەشەوە خودی پرسی زمان بۆ هەموو نەتەوەکان پرسێکی گرنگە و ئەو پرسە بۆ ئەو نەتەوانەی لە چوارچێوەی وڵاتانی فرەپێکهاتەدان هەستیارتریشە.
بەپێچەوانەی بیرکردنەوەی جیهانوەتەنییەکان کە هەردەم پاساوی ئەوە دەهێننەوە زمان تەنیاوتەنیا ئامرازێکە بۆ پێوەندیی نێوان مرۆڤەکان و ئەم ئامرازە هیچ گرینگ نییە لە زمانی کام گرووپی مرۆڤەکانەوە بەکار ببرێت، موژگان کاڤووسی، لێکۆڵەری زمانی کوردی و لە کوردە کۆچێندراوەکانی کەلاردەشت کە لەنێو خاکی کاسپییەن (باکووری ئێران) هەڵکەوتووە؛ پێی وایە: "زمان کەرەستەیەکە بۆ بەرهەمهێنانی واتا و بووژاندنەوەی شوناسێک و ڕەتکردنەوەی شوناسێکی تر... کەرەستەیەکی تێگەیشتنی بوونە و بەم هۆیەشەوە شوناسی تاکەکەسی و کۆمەلایەتیی هەر مرۆڤێک دیاری دەکات"(١). یان ویتگێنشتاین دەبێژێت: "زمانی من جیهانی منە و جیهانی من زمانی منە".
کورد وەک نەتەوەیەکە کە سەدان ساڵە خاکەکەی داگیر و دابەش کراوە و، بە درێژاییی ئەو مێژووە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی، کێشەی زمانەکەی بووە. بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە زمانی کوردی لەلایەن گرووپێکی سەردەستی فاشیزمەوە بەردەوام هێرشی جۆراوجۆری توانەوەی لەسەر بووە. هەزاران ساڵە -هەر لە سەردەمی شۆڕشی گێئۆماتا تا هەنووکە- کورد و فارس ململانێی عەقڵانییەتی سیاسی، شوناس و ناسنامەیان پێکەوە هەبووە و، ئەم ناکۆکی و ململانێیەش لە پاش دابەشکرانی خاکی کوردستان لە نێوان دوو ئیمپراتۆریی عوسمانی و سەفەوی و هەروەها لە سەردەمی سەفەوییەکاندا بە کۆچاندنی کوردەکان بۆ ناوچەکانی تری نێو جوگرافیای ئەو حوکمڕانییە سیاسییە زیاتر بووە و لە سەردەمی بنەماڵەی پەهلەوی و بەتایبەت پڕۆژەی دەوڵەت-نەتەوەی پەهلەویی یەکەمدا زۆر چڕتر بووەتەوە.
بەهۆی ئەوەی کە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبێ ویست و ئیرادەی خۆی لە جوغرافیایەکی سیاسیدا کە کەمتر لە ٩٠ ساڵ لەوەپێش ناوی "ئێران"ی لەسەر داندرا دەژی و، هەمیشە هەوڵی سڕینەوەی شوناسەکەی دراوە؛ پرسی پارێزگاری لە زمان هەموو کاتێک خەمی گەورەی خۆمخۆرانی نەتەوەی کورد بووە. بە قورسایی ئەو خەمە و زیاتریش دەسەڵاتی ناوەندی ترسێکی جیاوازتری لە زمانی کوردی هەبووە و هۆکارێکی ئەو ترسەش بۆ پێشینەی ئەو ململانێیە مێژووییە دەگەڕێتەوە کە ئاماژەی پێ کرا. هەرچەند دەسەڵاتی ناوەندی بە نێوەرۆکی فاشیزمییەوە بەردەوام لە کوردستان بە پڕۆژەی جیاواز هەوڵی "ئەوی تر"سازییان داوە و بنەمای ئەم هەوڵەش لەنێوبردنی زمانی کوردییە هەتا لەم ڕێگەیەوە کورد بتوێننەوە، بەڵام بەخۆشییەوە کوردیش لە هیچ بڕگەیەکی مێژوویی خۆی ڕادەستی ئەوی تر نەکردووە، و بەرگری لە شوناس و هەبوونی سەربەخۆ و جیاوازی خۆی کردووە.
یەکێک لە ڕێکارە کۆن و پێشووەکانی دەسەڵاتدارانی فارس بۆ لەنێوبردن و ئاسمیلەکردنی زمانی کوردی، کۆچاندنی زۆرەملێی مێژوویی کوردەکان بووە بۆ ناوچەکانی تری دەرەوەی کوردستان و سەبارەت بە مێژووی ئەو کۆچاندنانەش نووسراوە و گێڕانەوەگەلی جیاواز هەیە، بەڵام لێکۆڵەران پێیان وایە بەگوێرەی بەڵگە مێژووییەکان لە سەردەمی سەفەییەکاندا ژمارەیەکی بەرچاوی نەتەوەی کورد بە شێوەی زۆرەملێ بۆ ناوچەگەلێکی جیاوازی نێو جوغرافیای ئێران دەستی پێ کردووە کە تا سەردەمی قاجاڕەکان و تانەنەت بنەماڵەی پەهلەوییش ئەم ڕەوتە بەپێی پیلانی دەسەڵاتداران و بە شێوەگەلی جیاوازتر هەر بەردەوام بووە. "هێنری فیڵد"، کەونارناسی ئەمریکایی پێی وایە؛ کۆمەڵێک لەو کوردە کۆچێندراوانە لە کۆتاییەکانی فەرمانڕەواییی پاشایەتیی کەریم خانی زەند بۆ نیشتمان و زێدی ئاژدادیی خۆیان گەڕێندراونەتەوە، بەڵام محەممەد خانی قاجاڕ لە سەردەمی دەسەڵاتداریی خۆیدا دیسان ئەوانی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە کۆچێندرابوون تاکوو دانیشتووانی ئەو ناوچەیە ملکەچی خۆی بکات و وەکوو ژێردەستی خۆی بەکاریان بهێنێت.
بە بۆچوونی موژگان کاڤووسی کۆچاندن و گواستنەوەی کوردەکان ئامانجگەلێکی دوولایەنەی بووە، هەم لە زێدی خۆیان و هەم بۆ ئەو شوێنەی کۆچێندراون و ئەم ڕەوتەش، دیاردەیەکی سیاسییە کە ئامانجی ڕاستەوخۆشی کاریگەریی کولتوور ـ شوناس ـ زمانییە.
لە سەردەمی دەسەڵاتداریی بنەماڵەی پەهلەویدا بە هێنانەئارای پڕۆژەی دەوڵەت ـ نەتەوەی فارس_شیعی و دواتر بە گۆڕانی ناوی ئەو جوغڕافیایە لە "مەمالکی مەحرووسە"وە بۆ "ئێران" لە سەردەمی ڕەزاشای پەهلەوی و لە ساڵی ١٩٣٥ی زایینییەوە (واتە نزیک ٨٨ سال پێش) بەهۆی پەرەگرتنی شوڤینیزمی فارسی لەژێر ناوی ناسیۆنالیزمی ئێرانی و ئەو گۆڕانکارییە ئامانجدارانەی کە لەنێو ئەو وڵاتە فرەنەتەوە و فرەپێکهاتەیەدا دەستی پێ کرد، زمانی فارسیی شێوەی ئاخاوتنی دەسەڵاتدارانی پەهلەوی بەفەرمی بەسەر زمانی هەموو دانیشتووان و نەتەوەکانی تری نێو ئەو چوارچێوەیەدا سەپێندرا. ئاسمیلاسیۆنی زمانییش کە بەشێک بوو لەو پڕۆژەیە جیاوازتر لە جاران دەستی پێ کرد کە دەتوانین بێژین بە شێوەیەک دەستپێکی ئەم ئاسمیلاسیۆنەش لە کوردستان بووە و بۆ نموونەی ئەم دەستپێکەش دەکرێت ئاماژە بە شێوازێکی فارسیی تەقولەقی کرماشانی بە تێکەڵاوکردنی وشە ڕەسەنەکانی زمانی کوردی بۆ کوردەکانی باشووری ڕۆژهەڵات و بەتایبەت کرماشان بکرێت. فاکتی ئەم وابێژییەش بیرەوەرییەکانی ئۆسکار مەن، گەڕیدەی ئاڵمانییە کە زمانی فارسیی زۆر بەباشی زانیوە و لە ساڵی ١٩٠٥ی زایینی سەردانی کرماشانی کردووە. ئەو دەڵێ: "ئەگەر سەردانی کرماشانتان کرد، بێگومان پێویستتان بە دیلمانج دەبێت، چونکە لەوێ جیا لە کەسانی سەر بە هێزەکانی حکوومەت، هیچ کەسێک زمانی فارسی نازانێت".
دواتر بە تێپەڕبوونی کات و لە ماوە جیاوازەکانی خۆسەپاندنی دەسەڵاتی فارس بەسەر هەموو دانیشتووانی ئەم وڵاتەدا، ئەو پڕۆژەیەیان کرد بە پڕۆسەکی بەبڵاو و فرەڕەهەند و ئاسمیلەکردنی زمانی نەتەوەکانی نێو ئەو جوغرافیایەشیان کرد بە یەکێک لە زەنجیرە پڕۆژەکانی ئەو پڕۆسەیە. ئەو پڕۆژەیەیشان لە کوردستان بە جۆرێک بردە پێشەوە و پەرەیان پێ دا کە زمانی کوردیی بە ڕادەیەک پەراوێز خست کە تا نێو بێشکەی منداڵەکانمان چووبوو. ئەم دیاردەیە تەنانەت پاش شۆڕشی ١٣٥٧ و بەتاڵانبردنی دەستکەوتەکانی و دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن ڕێژیمی خومەینی و خۆسەپاندنی ئەو ڕێژیمەش بەسەر ئەو وڵاتەدا تاکوو نیزیک پانزە-بیست ساڵی ڕابردوو ڕۆژ لە دوای ڕۆژی زیاتر تەشەنەی دەکرد.
کاریگەریی دیاردەی ئاسمیلاسیۆنی زمانی لە کوردستان گەیشتبووە ئاستێک کە بەشێکی بەرچاو لە ئاخێوەرانی کوردزمان لە زێد و نیشتمانی مێژوویی و باوباپیرانی خۆیاندا لە شەقامەکان و تەنانەت لەنێو بنەماڵەکانیشدا کوردیئاخاوتن شەرم و فارسیگوتن پۆزلێدان بوو، ئەمەش بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر زمانی کوردی و شوناسی نەتەوەییمان ئەژمار دەکرا و بەداخەوە بەشیکی کۆمەڵگە خەریک بوون لە زمان و شوناسی خۆمان دوور دەکەوتنەوە و لەنێو ناسنامەی ئەویتردا دەتوانەوە. هەرچەند لواوە بوترێت لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا ڕووناکبیرانی کورد لە بەرپەرچدانەوەی ئەم هێرشانە بەردەوام سەنگەری زمانیان چۆڵ نەکردووە و سەرەڕای گشت ئاستەنگ و چەڵەمەکان تا ڕادەیەکی زۆر توانیویانە پێش بە پێکانی هەموو ئامانجەکانی ئەو پڕۆژەیە بگرن کە لەنێوبردنی زمانی کوردی لە ماوەیەکی کەمی دیاریکراودا بوو. بە واتایەکی تر، وێڕای خەسارەکانی ئەو هێرشە ئاسمیلاسیۆنییە لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان، ئەو ڕێژە کەمە ڕووناکبیرە دیسان توانیویانە پەیکەری زمانی کوردیی بپارێزن و ڕایگرن، لێرەشدا ناکرێت باسێکی هاوشێوەی بکەین و ئاماژە بە تێکۆشانی بێوچانی کەسانێکی مامۆستا شەریف حوسێنپەناهی نەکەین.
کەواتە جیا لە بەردەوامیی ئەو ململانێیە عەقڵیەتیی سیاسی، شوناس و ناسنامەیییەی نێوان نەتەوەی کورد و فارسەکان بە درێژایی مێژوو، دواتر بە تێگەیشتنی سەردەمیانەی مرۆڤایەتی لە گرنگیی زمان وەک ڕیشە و کۆڵەکەی نەتەوە، لە ماوەی نزیک بە دوو سەدەی ڕابرووشدا کێشەی زمان یان ململانێی زمانییشی پێ زیاد بووە و لێرەدایە کە ئەو ترسە مێژووییەی دەسەڵاتی فارسەکان لە زمانی کوردیمان بۆ دەردەکەوێت. بۆیە ئێستەش هەر لە درێژەی ئەم ڕەوتەدا زمانی کوردی لە دوو بەرەی پانفارسیزمەوە هێرشی لەسەرە؛ بەرەیەکی ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێرانە کە هەنووکە دەسەڵاتدارە و هەموو توانا، کەرەستە و هێزی دەسەڵاتەکەی بۆ تواندنەوە و لەنێوبردنی زمانی کوردی خستووە کار و تەنانەت مافی خوێندنی منداڵانی کورد بە زمانی دایک و نەتەوەیی خۆیان کە بەپێی جاڕنامە و یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان مافێکی سەرەتایی هەر مرۆڤێکە و هەر مرۆڤێکیش نەزانێت بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێت و بنووسێت بە نەخوێندەوار دادەنرێت، هەروا پێشێل دەکرێت. بەرەیەکیش پانفارسیزمەکانی کۆمەڵگەی فارسی دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتی نێوخۆی ئیران و هەروەها ئۆپۆزیسیۆنی فارسزمانی ئەو ڕێژیمەیە لە دەرەوەی ئێرانی ئێستە کە بەردەوام نکۆڵی و تەنانەت هەڕەشە لە زمانی نەتەوەکانی تر و بەتایبەت لە زمانی کوردی دەکەن و زمانی کوردی بە مەترسییەکی جیددی و تۆقێنەر بۆ سەر خۆیان پێناسە دەکەن. نموونەی نوێترین دەربڕینی ڕاشکاوانەی ئەم ترسە، لێدوانی ئەم ماوەیەی کوڕی شای پێشووی ئێرانە کە زمانی هەموو نەتەوەکانی ناو جوغڕافیای ئێران ڕەت دەکاتەوە و نووکی ئەم نێزەیەشی ڕوو لە کوردستان و زمانی کوردییە.
د. هاشم ئەحمەدزادە، نووسەر و زمانناسی کورد دەبێژێت: "لە دەرەوەی زمان هەرچی هەیە، هەر زمانە"(٢)، بۆیە دەکرێت بگوترێ لەسەر ئەم بنەمایەش نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زمانی کوردیی کردووەتە سەنگەرێکی لەگیراننەهاتوو بۆ بەرەنگاربوونەوە و بەرپەرچدانەوەی پیلانەکانی فارسەکان و هەروەها بناغەیەکی هەرە پتەو و قاییم بۆ گەشەکردنی ناسیۆنالیزمی کوردستانی کە ئەمەش ترسی فارس و بەتایبەت پانفارسیزمەکانی لە زمانی کوردی زیاتر هەژاندووە.
***
سەرچاوەکان:
١) کاڤووسی، موژگان، "کوردەکانی کەلاردەشت و خەسارەکانی سەر زمانەکەیان". لە چەند جێیەکی دیکەی ئەو نووسینەش لەو وتارەی خاتوو موژگان کەلک وەرگیراوە.
٢) ڕۆژنامەی "کوردستان"، ژمارەی ٨١٤. وتووێژ لەگەڵ د. هاشم ئەحمەدزادە.