کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕوو لە کوردستان بۆ بەهێزبوون لە تاران

17:12 - 2 رەشەمه 2722

ئەلبورز ڕوویین‌تەن

لە تەواوی مێژووی کورد هەر لە مادەکانەوە تا شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، زۆر بەدەگمەن دەبیندرێت کە ئێمە هێرشمان کردبێتە سەر دراوسێ، یا چەوساندنەوەی ئەوی دیکەمان لە سیاسەت حوکمڕانییەکانماندا هەبێت. بەتایبەتی لە مێژووی هاوچەرخ کە بە شێوەیەکی سیستماتیک چەوسێندراوین، نەک دژەکردەوەی وەک ئەوانمان نەبووە، بەڵکوو ئاشتیخوازی و برایەتی لەبیر و گوتار و کردەوەکانمان بۆ یەک چرکەش لەبیر نەکراوە، تەنانەت بەرگری ڕەواش بە شێوەیەک کە زیانی بە ئێمە گەیاندبێ نەمانکردووە.

با نموونەیەکی دیکە بێنمەوە، لە تەواوی ئەو ساڵانەی ڕۆڵەکانمان بە شێوازی جیاواز ئامانجی گوللە و زیندان و ئەشکەنجە و چەوساندنەوەن، تەنانەت بە دەگمەن خوێن لە لوتی یەک ئەندامی بنەماڵەی دەسەڵاتداری ڕێژیم لە کوردستان نەهاتووە. لە ئاستی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی فارس کە هەمیشە فەڕشێکی سووری بە درێژای شەقاممان ڕاخستوە بۆیان و ئامادەی گفتوگۆ و دیالۆگ بووین، لە هەموو هەوڵێک بۆ یەکیەتی و هاودەنگی بە کەمکردنەوەی داواکانمان پێشوازیمان لێ  کردوون،  تەنانەت ئەوەندە ئاشتیخوازین کە ئامادەی دانیشتن و دیالۆگ لەگەڵ قاتڵی ڕێبەرانمان هەین.

لە ئاکامی ئەو هەموو ئاشتیخوازی و هەوڵە بۆ برایەتی و بەرابەری ژمارەی ئەو کەس و لایەنانەی کە بڕوایان بە مافی کورد هەیە یا دانیان بە لانیکەمی مافەکانمان هێنابێ لە ژمارەی یەک یا زۆر خۆشبین بین لە ژمارەی قامکەکانی دوو دەست تێپەڕ نابێ. واتە دوای ٢٥٠٠ ساڵ ئاشتیخوازی تا فارسێک دەبینین بڵێ کە کورد نەتەوەن و مافی خۆیانە، قیڕی ڕەش سپی دەبێ. سەیرتر لەوە ئەوەیە کە کورد بەو حاڵە، تا بە ئێستاش لە دوایین هەستانەوەی ناوداری ژن، ژیان، ئازادیشدا بەشێکی بەرچاوی کورد و دینامیزمەکانی کۆمەڵگەی کوردی بە گشتی لەو هەوڵانەی خۆی دەستی هەڵنەگرتووە و باوەڕی تەواوی هەیە کە دەبێ هەر لەسەر ئەو ئاراستەیە بەردەوام بێت.

بەڵام پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە تا کەی؟ تا کەی ئێمەی کورد لاوازی نەتەوەکانی دیکە بەهێز بکەین و بۆ ئەوەی دوبارە ستەمان لێ بکەن؟ تا کەی داخوازە ڕەواکانمان بکەینە قوربانی یەکیەتییەک کە هیچ کات باوەڕیان پێمان نەبووە و ناشبێت. بۆ بە کەمترین هەنگاوی ئەوان ڕوو بە خۆمان شاگەشکە دەبین، بەڵام بە گەورەترین هەنگاوی خۆمان بەرانبەر ئەوان کە بێ‌ئاکام دەمێنێتەوە بێهیوا نابین. بەتایبەتی ئەگەر دەبینین هێزی کۆمەڵگەی کوردی و دینامیزمەکانی لە بەهێزترین ئۆپۆزیسیۆنی فارسی قات بە قات بەهێزترە.

بۆیە کاتی ئەوە هاتوو ڕێگەیەکی جیاواز بگرینە بەر، ئەو ڕێگەیەش ئەوەیە ڕوو لە کوردستان بکەین و خۆمان لە کوردستان بەهێز و بەهێزتر بکەین تا بتوانین بەو هێزەی خۆمان ئەوان ناچار بکەین. چونکە بەبێ ناچارکردنی ئەوان مومکین نییە کە بە لانیکەمی داخوازەکانمان ڕازی بن. بێگومان هەر دەبێ دەرگامان کراوە بێ بۆ گفتوگۆ، بەڵام نابێ ئێمە لەبەر دەرگای خەڵک بپاڕێینەوە، تا دەرگامان لێ دەکەنەوە. هەموو هێز و وزەی خۆمان بۆ یەکیەتی و یەکدەنگی کورد بە کاربێنین ئەو کات وزەمان ڕوو لە تاران زیادتر دەبێ و دەستکەوتی زیادتریشمان دەبێ. بە شەو و ڕۆژ بۆ کوردستان بدوێین لە لوڕستانەوە تا خۆی بکەینە بەردەنگی خۆمان، بەوەش ماندوو نەبین و هەر بەردەوام بین. چونکە سێ بەردەنگی کورد بەهێزترە لەو تریبوونەی کە بە فێڵ و بە مەبەستی تایبەت تەنیا بۆ چەند خولەک وەک خێر بە ئێمەی دەدەن.

بە کورتی و کوردی ڕوومان لە کوردستان بێ، چونکە لە کوردستان بەهێز بین لە تاران هەین، ئەگەر نا بە هیوای تاران بین هەر بێ کوردستان دەمێنینەوە، تەنانەت ئەگەر مەبەستمان دەستکەوتی کورت ماوە و زۆر کەمیش بێ بە بەهێزی کوردستان بەدی دێ و بەپێچەوانەی نا مومکینە.