کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تیرێژەکانی گەلاوێژێک (بەبۆنەی سەدەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی د. عەلی گەلاوێژ)

18:03 - 2 رەشەمه 2722

د.کامران ئەمین ئاوە

"کوڵی بۆ تۆڵە، خوێنی خاوێنم
بە شێعری خوێنین خۆم دەلاوێنم

تەم و تاریکی و خەم و هەژاری
بێ شک لادەچێ لە کوردەواری

بەکەیفی خۆمان دەگەین بە ئاوات
زامنی فەتحە حزبی دێموکرات

بۆ حزبەکەمان گیانمان فدا کەین
دەست دەینە دەست یێک، دەردمان دەوا کەین"

                               ئاگری(١)، جۆزەردان ١٣٢٨

کەم نین ئەو وڵاتانەی بەپێی ناوی کەسایەتییە به‌ناوبانگەکانیان پێناسە دەکرێن و ئەو کەسایەتییانه هۆی شانازیی و سەربەرزیی خەڵک و نەتەوەکانی خۆیانن. گەلی کوردیش دەتوانی شانازی بەوەی بکات کە سەرەڕای نەبوونی دەوڵەت و کەیانی خۆی و، هەبوونی گەلێک دوژمنی غەددار و حیلەکار خاوەن کەسایەتیی بەنرخ و بەرز لە بواری جۆراوجۆرە، و هەرکام لەوان لە پێناوی بەختەوەری و گەشەسەندی کۆمەڵگەی خۆیان تێکۆشاون و تەنانەت گیانی پاکی خۆیان فیدای گەل و نیشتمانیان کردووە.

یەکێک لەو کەسایەتییە گەورانەی گەلی کورد، زانای پایەبەرز دوکتور عەلی گەلاوێژە کە مامۆستا هەژار بەحەق وەکو "مەولانای ڕۆمی زەمانی شەمسی تەبرێزی" پێناسەی دەکات. به داخەوە ژیانی درێژخایەنی نزیک به چوار دەیه لە تاراوگه، مانەوەی کورتخایەنی لە ئێرانی پاش سەرکەوتنی ڕاپەڕینی ڕێبەندانی ١٣٥٧ی هەتاویی و گیرانی و لە سێدارەدرانی لە زیندانی ئێڤینی تاران لە خەرمانانی ساڵی ١٣٦٧ ئەو دەرفەتەی بۆ نەڕەخساند بتوانێ توانایی خۆی بخاته خزمەتی وڵات و گەلەکەی خۆی و گەلی کوردیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارچەکانیتر بتوانن ناسیاوی تواناییەکانی لە بواری جۆراوجۆری زانستی، ئابووری، سیاسیی و شێعر و ئەدەبی کوردی بن و سوودی لێ ‌وەربگرن. عەلی گەلاوێژێک کە بەرهەمە زانستییەکانی سەبارەت به کوردستان به زمانی تورکیی ئازەربایجانی و ڕووسی وەک سەرچاویەکی جێ‌متمانه لەلایەن زانایانی ڕۆژهەڵاتناس و کوردناسی یەکیەتیی سۆڤییەتییەوە کەڵكی لێ وەردەگیرا و سەدان خوێندەواری سۆڤییەتیی کۆماری ئازەربایجان لە بواری زانستیدا لە پۆلی وانە گوتنەوەی ئەو پەروەردە ببوون و دەکرا لە کۆمەڵگەیەکی ئازاددا زانست و تواناییەکانی بخرێته خزمەت گەڵ و نیشتمانەکەی، بە داخەوە به دەستی نوێنەرانی نەزانی و خورافاتی کۆماری ئیسلامی شەهید کرا.

یەکی ڕەشەمەی، ئەمساڵ بەرامبەرە لەگەڵ سەدەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی عەلی گەلاوێژ، که ساڵی ١٣٠١ی هەتاویی له گوندی ساروقامیش، لە ٣٠ کیلۆمێتری ڕۆژهەڵاتی شاری بۆکان لە بنەماڵەیەکی نیشتمان‌پەروەر، ئازادیخواز و فەرهەنگدۆستی فەیزوڵڵابەگی لەدایک بوو.

نەمر دوکتور عەلی گەلاوێژ ڕێگایەکی پڕ لە هەوازونشێوی دوور و درێژی لە ژیانی پڕ لە ڕووداوی خۆی بڕی. ڕۆژگاری منداڵی و لاویەتیی ئاوێتەی ڕیزێک لە ڕووداوە گەورە و چارەنووسسازەکان لە ئاستی ئێران و جیهاندا بوو. گەلاوێژ شایەدی زیندووی زوڵم‌وزۆری حکوومەتی ڕەزاشا لە کوردستان، هاتنی هێزی وڵاتانی هاوپەیمان بۆ ئێران و کوردستان، خۆبەدەستەوەدانی سپای شلوێقی ئێران، هەڵاتنی ژاندارمە سەرکوتکەرەکان لە کوردستان و، کرانەوەی فەزای سیاسی لە ناوچه ئازادکراوەکان، ڕاگەیاندنی حکوومەتی میللیی ئازەربایجان لە ٢١ سەرماوەزی ١٣٢٤ و کۆماری کوردستان لە دووی ڕێبەندانی هەر ئەو ساڵەدا، هەروەها سەرهەڵدانی هیوای بەرچاوی نەتەوەیەک بوو کە بۆ هەوەڵ جار تامی شیرینی دەسەڵاتی نەتەوەیی خۆی دەچێشت. گەلاوێژی لاو شایەدی پێشکەوتن و گەشەسەندنی کۆمەڵگەی خۆی به دوور لە حوکمی سەرنێزەی ڕێژیمی سەرەڕۆی پاشایەتیی ئێران بوو.

گەلاوێژ وەکوو یەکێک لە بەشدارانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد له سپای میللی کوردستاندا به پلەی کاپیتانی گەیشت و لە یەکی بانەمەڕی ساڵی ١٣٢٥ لەگەڵ گرووپێک لە لاوانی کورد بۆ خوێندن لە زانستگای سپایی چوو بۆ ئازەربایجانی سۆڤییەتی. دوای سەرکوتکرانی بزووتنەوەی نەتەوەیی ئازەربایجان و کوردستان له ئێران و لەسێدارەدرانی پێشەوا قازی محەمەد و هاوڕێیانی لە ١٠ خاکەلێوەی ١٣٢٦ لە چوارچرای مەهاباد، ناچار بوو بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە یەکیەتیی سۆڤییەتی پێشوو، بولغارستان و ئاڵمانی دێموکراتیک بمێنێتەوە و سەفەری باکۆی پتر له سێ دەیەی خایاند. بەڵام دووریی نیشتمان و یاد و بیرەوەریی قازی محەمەد و کۆماری ساوای کوردستان کاریگەرییەکی تایبەتی لەسەر تەواوی ژیانی سیاسی و فەرهەنگی گەلاوێژ دانا و، بوو به هۆی خولقاندنی گەلێک شێعر و نووسراوەی بەکەڵکی زانستی و سیاسی به زمانی کوردی، ڕووسی، تورکی ئازەربایجانی و فارسی لە دەرەوەی وڵات.

گەلاوێژ لە ساڵانی بوونی له تاراوگە، وەکوو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ ساتێکیش نەتەوە و زێدی خۆی لەبیر نەکرد و لە بواری جۆراوجۆری سیاسی و فەرهەنگی بۆ ناساندنی نەتەوەی کورد و گەشەکردنی سیاسی و فەرهەنگی نەتەوەکەی هەوڵێکی زۆری دا.

ئەو یەکێک لە کارگێڕانی دەرکردنی نزیکەی ١٣٣٧ ژمارەی ڕۆژنامەی "کوردستان"، بێژەری ڕادیۆ پەیکی ئێران، نووسەری کتێبی به نرخی "پێوەندییه وەرزێڕییەکانی کوردستانی ئێرانی ئەمڕۆ، به تورکی ئازەریی، باکۆ ١٩٥٥" و به ڕووسی، باکۆ١٩٦٠، "پێوەندییە ئەرزییەکانی کوردستان: ڕووخانی سیستمی عەشیرەیی به زمانی فارسی، تاران ١٣٦١"،  هۆنراوەی زووحەیاتەین به زمانی کوردی، بابەتی زۆر لە پێوەندی لەگەڵ کێشەی نەتەوەیی کوردستان لە گۆڤاری "دنیا" و هتد بوو.

گەلاوێژ کە به ئاواتی ئازادی و بەختەوەریی کوردستان و خەڵکەکەی بوو، بەم باوەڕە کە لە جیهانی دوو جەمسەریی سەرمایەداری و سۆسیالیزمدا، ئارەزووە نەتەوەیی، ئینسانی و دادپەروەرەکانی لە سیستمێکی سۆسیالیستی وەدی دێ، وێڕای پاراستنی کارتی ئەندامیەتیی خۆی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان و باوەڕی ڕاستەقینه به مافی چارەی خۆ نووسینی نەتەوەکان، وەکوو کوردێکی دێموکرات پەیوەست بوو به تەنیا حیزبی چەپی سەردەمی خۆی واته حیزبی تودەی ئێران و لەم پێناوەدا خەریکی چالاکییەکی ڕاسته‌قینە و بەردەوام بۆ ناساندنی مافی ڕەوای گەلەکەی بوو.

ئاهەنگی دەنگ و قسەکانی لە بەشی کوردی ڕادیۆ پەیکی ئێران تەواوی کوردستانی تەنییەوە، هەتا ڕادەیەک خەڵکی کوردستان عینوانی "ئاغا دەنگ خۆشەکەیان" پێ دابوو و هەموو ڕۆژێ به تامەزڕۆییەوە لە شار و گوندەکانی کوردستان گوێیان به قسەکانی گەلاوێژ دەدا که به ناو، خۆی نەناساندبوو. گەلاوێژ لە ساڵانی ژیانی لە تاراوگه درێژەی به خوڵقاندنی بەرهەمی گەورەی زانستی، سیاسی و فەرهەنگی دا و به دڵێکی پڕ لە هیوا لە کۆتایی بەهاری ساڵی ١٣٥٨ بۆ بەشداری لە ڕەوتی چاکسازیی وڵاتەکەی گەڕایەوە ئێران و، بوو به بەرپرسی ڕێکخراوەی ئەیالەتیی حیزبی توودەی ئێران له کوردستان.

مخابن ڕێبازی حیزبی توودەی ئێران پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ڕێبەندانی ١٣٥٧ به هۆکاری عەینی و زەینی نەیدەتوانێ ئاکامێکی باشی لێ بکەوێتەوە و سیاسەتی "یەکیەتی و ڕەخنه‌گرتن"ی ئەم حیزبه لە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئەنجامدا به گیران و کوژرانی ڕێبەران و ئەندامانی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی کۆتایی پێ هات.

عەلی گەلاوێژ که له شیعرەکانیدا‌ بەڵێنی گەڕانەوە بۆ نیشتمان و مردن لەوێی ‌دابوو، پاش چەند دەیه خەبات، ئاوارەبوون و ژیانی تاراوگه، پاش گیرانی له بانەمەڕی سالی ١٣٦٢ لە تاران لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی سپای پاسداران و هەڵکردن لەگەڵ ساڵانی زیندان و ئەشکەنجەی زۆر سەخت و لە ڕادەبەدەر، له کارەساتی کوشتاری بەکۆمەڵی خەرمانانی ١٣٦٧(١٩٨٨) لەگەڵ هەزاران شۆڕشگێر و خەباتکاری دیکەی ڕێگای ئازادی لە زیندانی ئێڤینی تاران له سێدارە درا و چووە نێو ڕیزی گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی.

نەتەوەی کورد لە میژووی خۆیدا تووشی دەیان کارەساتی گەورە و بچووک بووە و هەزاران ڕۆڵەی خۆی پێشکەشی ئازادی و بەختەوەریی وڵاتەکەی کردووە. کەسایەتییەکانی کورد بەپێی دەرفەتی ژیان به شوێن ئەوەوە بوون کە به دیتنەوەی دۆستێکی جێ متمانه و بە بیروهزرێکی ئەمڕۆیانه ڕێگایەک بۆ گەیشتنی وڵاتەکەیان بۆ ئازادی بدۆزنەوە. لە سەردەمی دووجەمسەریدا ڕۆڵەی کورد به‌و باوەڕەی کە بیری سۆسیالیزم و پێکهاتنی وڵاتێکی سۆسیالیستی دەتوانێ تەنیا ڕیگای ئازادبوونی نیشتمانەکەی بێ، ڕووی لە حیزبه چەپەکان کرد. باشترین ڕۆڵەکانی کورد وەکو نەمران دوکتور قاسملوو، عەلی گەلاوێژ، کەریم حیسامی، مامۆستا هێمن، حەسەن قزڵجی، حەمەدەمین سێراجی، غەنی بلووریان، دوکتور جەعفەر شەفیعی، سەدیقی کەمانگەر، فوئاد سوڵتانی، حەمەدەمین شێرخانی، تەها پارسا و هەزاران سەربازی ونی کورد خۆیان لەم بەرەیدا دیتەوە و لەم پێناوەدا کوێرەوەری و زیانی زۆریان بینی، تەنانەت بەشێکیان وەک مامۆستا قزڵجی، گەلاوێژ و مینه شێرخانی لە زینداندا گیانیان بەختکرد یا وەک دوکتور قاسملوو و سەدیق کەمانگەر لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێرۆر کران یان به هیوای گەیشتن به ئاواتە لەمێژینەکانیان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات سەریان لە غەریبایەتی نایەوە.

ئەرکی ڕووناکبیری کورد ئەوەیه به دوور لە پاوانخوازی، دەمارگرژی و ڕۆمانتیزمی خەیاڵی، وێرای پیرۆزڕاگرتنی یادی هەموو ئەو کەسایەتییانە کە بێ هیچ چاوەڕوانییەک باشترین سات و کاتی ژیانی خۆیان تەرخانی خزمەت به گەلەکەیان کرد، مێژووی گەلەکەی و حیزب و کەسایەتییەکانی به درووستی هەڵسەنگێنی و سوود لە ئەزمونی ئەوان وەربگرێ، تایبەتمەندییەکانی سەردەمی ژیانی کەسایەتییەکان و بارودۆخ و توانایی ئەوان بە هەمان ئەو چەشنەی کە بووە لێک بداتەوە و ئاوات و چاوەڕەوانییەکانی خۆی پێوەری لێکدانەوە و داوەری نەکات. مێژوو ئەوە نییه کە ئاواتی ئێمەیە، میژوو ئەوەیه که لە دنیای ڕاستەقینەدا ڕووی داوە و ئەگەر لە ڕەوتی خەباتدا کەس یان حیزبێک بۆ کورتخایەن تووشی هەڵەیەکی سیاسی بووبێ، ئەمە نابێ پێوەری هەڵسەنگاندنی تەواوی ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و چاوپۆشی لە دەیان ساڵ خەباتی لەپێناوی ئازادی و بەختەوەریی نەتەوەکەی بێ. لە ژیانی ڕاستەقینەدا هیچ کەس و هیچ حیزبێک ناتوانێ ئیددیعای ئەوە بکات کە چالاکی، لێکدانەوە و پێشبینییەکانی هەمیشە ڕاست دەردەچن و تووشی خەتای گەورەو بچووک نابێ. ئەوەی کار دەکات تووشی هەڵەش دەبێ، بەڵام لەم ڕەوتەدا، گرنگ ئەوەیە، هێڵی سەرەکیی خەباتی ئەوان لە پێناو و لە خزمەتی گەیشتن بە ئامانجی نەتەوەیی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ئازادی، دێموکراسی و دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین و دامەزراندنی کەیان و سەروەریی نەتەوەییدا بووبێ.

***

١) ئاگری نازناوی د. عەلی گەلاوێژە