کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایانی خانەنشینکراوی کوردستان لە تاران

18:27 - 2 رەشەمه 2722

مامۆستایانی خانەنشینکراوی کوردستان بەشدارییان لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەردەم وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی تاراندا کرد و داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆیانیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، مامۆستایانی خانەنشینکراوی پارێزگاکانی ورمێ و سنە، وێڕای مامۆستایانی شارەکانی دیکەی ئێران لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی تاراندا بەشدارییان کرد و هەموویان بە یەکدەنگ داوای مافە زەوتکراوەکانی خۆیانیان کرد.

مامۆستایانی کوردستان لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، بە دژی زوڵم و ستەم و سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر مامۆستایان دەنگیان هەڵبڕی.

لەو کۆبوونەوەدا کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، مامۆستایانی کورد داوای مافی خوێندن بە زمانی دایکییان کرد و مامۆستایانی دیکەی کۆبوونەوەکە پێشوازییان لەو داوایەیان کرد.