کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارودۆخی نالەباری بومەلەرزەلێدراوانی خۆی و گرانی و کەمیی نان

11:47 - 14 رێبەندان 2722

پاش تێپەڕینی ٥ ڕۆژ بەسەر بومەلەرزەکەی شاری خۆی، خەڵکی بومەلەرزەلێدراوی ئەو شارە لە بارودۆخێکی نالەباردا دەژین و لە مارکێتەکانی ئەو شارە بەستەیەک نان بە ١٠٠ هەزار تمەن دەکڕن.

بەهۆی ناکارامەیی بەرپرسانی ڕێژیم، خەڵکی بومەلەرزەلێدراوی خۆی، تووشی سەرما و سۆڵە و کەمیی خۆراک بوونەتەوە. لە کاتێکدا هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم تەنیا ئیدیعا بێ بنەماکانی بەرپرسانی ڕێژیم سەبارەت بە گەیاندنی یارمەتی و خۆراک بە بومەلەرزەلێدراوانی خۆی بڵاو دەکەنەوە، ڕۆژنامەنووسێکی خۆجێیی لەسەر تەواوبوونی خۆراک و پێداویستییەکانی ڕۆژانە و هەروەها بێ دەسەڵاتیی بومەلەرزەلێدراوان لە بەرامبەر سەرما و سۆڵەدا هوشداریی دا.

لە چوارمین ڕۆژ پاش بومەلەرزەکەی خۆی، نان لەو شارە زۆر بە کەمی دەست دەکەوێت و ئەگەریش لە مارکێتەکان هەبێت، ئەوە ئەو خەڵکە ناچارن هەر بەستەیەک نان بە ١٠٠ هەزار تمەن بکڕن و مارکێتە گەورەکانی خۆی هەموو داخراون و بە ئەگەری زۆرەوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا خەڵکی خۆی تووشی قەیرانی خۆراک دەبن.

بارودۆخی خەڵکی بومەلەرزەلێدراوی خۆی لە کاتێکدا ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران یارمەتییە نێودەوڵەتییەکانیان ڕەت کردووەتەوە و هەروەها ئیزن نادەن کە بە ئاسانی یارمەتییەکانی خەڵکی شوێنەکانی تر بە دەستی خەڵکی خۆی بگات.