لە درێژەی هاوکارییە مرۆییەکانی خەڵکی کوردستان بۆ خەڵکی بومەلەرزەلێدراوی خۆی، خەڵکی مرۆڤدۆستی ناوچەی بۆکان هاوکارییە مرۆییەکانیان گەیاندە دەست خەڵکی خۆی.
ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی و پاش بانگەواز بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی و هاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی بومەلەرزەلێدراوی خۆی لە کوردستان، خەڵکی مرۆڤدۆست و بەهەڵوێستی گوندەکانی "سەردئاباد، ئاشیگوڵان، شەرەفکەند، حوسێن ئاباد و ئاجیکەند"ی ناوچەی بۆکان، لە هەڵمەتێکی مرۆڤدۆستانەدا، یارمەتی و هاوکارییەکانیان گەیاندە دەستی خەڵکی لێقەماو و بومەلەرزەلێدراوی شاری خۆی.
جێگەی ئاماژەیە کە دەسەڵاتداران و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، خەڵکی بومەلەرزەلێدراوی شاری "خۆیـ"ـیان خستووەتە پەراوێزەوە و بە جێگەی ئەوەیکە هاوکاریی ئەوان بکات، هاوکارییەکانی دەنێرێت بۆ وڵاتانی دراوسێ.
لە کاتی بومەلەرزەکەی شاری خۆییەوە تا ئێستا خەڵکی مرۆڤدۆست و نیشتمانپەروەری کوردستان، سەرەڕای قەیران و گرانبوونی شتومەک و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، لە هاوکاریکردنی خەڵکی بومەلەرزەلێدراوی خۆی بەردەوام بوون.