کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: ئێمە داوای حکوومەتێکی دێموکراتیک، سێکۆلار و فێدراڵ دەکەین

11:37 - 3 رەشەمه 2722

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وتووێژێک لەگەڵ بەشی فارسیی کاناڵی ''بی‌بی‌سی'' لە پێوەندی لەگەڵ شۆڕشی ژینا و دواڕۆژی کۆماری ئیسلامی باسی لەوە کرد کە ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات و گەلی کورد ئامادەی هاوکاریکردن لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی نین و داوای حکوومەتێکی دێموکرات، سێکۆلار و فێدراڵ دەکەین.

کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکرات، لە وتووێژێک لەگەڵ کاناڵی ''بی‌بی‌سی'' کە ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕەشەمە بڵاو بووەوە، سەبارەت بە شۆڕشی ژینا و ئەو دۆخەی کە لە ماوەی ئەم چەند مانگەدا لە ئێران هاتووەتە ئاراوە، باسی لەوە کرد کە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران هەموو پیلانەکانی ڕێژیمی ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ دووبەرەکی سازکردن لەنێوان نەتەوەکانی ئێران، پووچەڵ کردەوە و گەلانی ئێران بە یەکگرتووییەوە ''نا''یەکی گەورە و پڕمانایان بە کۆماری ئیسلامی وتەوە.

هیجری، لە پێوەندی لەگەڵ ڕۆڵ و کاریگەریی حیزبی دێموکرات لە ڕێکخستن و بانگەوازەکان بۆ خۆپیشاندانی خەڵکی کوردستان لە ماوەی ئەم چەند مانگەدا وتی: ''بە دوای بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی، ئێمە وەکوو ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران داوامان لە خەڵک کرد کە مان بگرن و بڕژێنە سەر شەقامەکان کە ئەو داوکارییەی ئێمە بە شێوەیەکی بەرین وڵامی ئەرێنیی پێ درایەوە و لەو کاتەوە بوو کە هەموو ئێرانی گرتەوە. بە واتایەکی دیکە ئەو شۆڕشە لە کوردستانەوە و لەسەر ڕێنوێنیی حیزبەکانی کورستانەوە بیچمی گرت و کۆماری ئیسلامیش ئەو کات ئەمەی پشتڕاست کردەوە کە حیزبە کوردییەکان پێشڕەوی ئەو ڕێکخستنە بوون".

 بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکرات لە پێوەندی لەگەڵ چالاکیی سەربازیی حیزبەکانی کوردستان لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا وتی: ''ئێمە بۆ ئەوەیکە بیانوو نەدەین بە کۆماری ئیسلامی کە کارەساتی مرۆیی و وێرانی بخوڵقێنێت، دەستمان بۆ توندتیژی نەبرد و ئەگەر کۆماری ئیسلامی بیهەوێت بە شێوەی زەوینی هێرش بکاتە سەر بنکەکانی ئێمە، بەرگری لە خۆمان دەکەین."

کاک مستەفا لە وڵامی پرسیارێک لەسەر هاوکاریکردن لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی وتی: ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەڵکی کوردستان بە هیچ شێوەیەک ئامادەی هاوکاریکردن لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی نین، چونکە هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەو ڕێژیمە لە ڕێفراندۆمێکدا کە دوو بژاردەی "ڕێژیمی پاشایەتی یان کۆماری ئیسلامی'' خستبووە بەر دەنگدانی خەڵکەوە، هەر چەند  کوردەکان ئەو ڕێفراندۆمەیان بایکۆت کردبوو، خەڵکی ئێران ڕێژیمی پاشایەتییان کە ئەزمونێکی تاڵێان لێ هەبوو، ڕەت کردووە و ئێستاش کۆماری ئیسلامی ڕەت دەکەنەوە. بۆیە ئێمە ناچار نین لەنێوان ڕێژیمی پاشایەتی و ڕێژیمی ئێستا یەکێکیان هەڵبژێرین. ئێمە داوای حکوومەتێکی دێموکراتیک، سێکۆلار و فێدراڵ دەکەین کە مافی هەموو پێکهاتەیەکی ئێرانی تێدا وەدی دێت.

ناوبراو لەبابەت ئەوەیکە ئەگەر بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕەزا پەهلەوی لە داهاتوودا دەسەڵات بە دەستەوە بگرێت، وتی: ''ئەوە شتێکی مەحاڵە و ئەگەریش ڕوو بدات، ئێمە لە داواکارییەکانی خۆمان دەست هەڵناگرین."