کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕێکی تایبەت لەلایەن چالاکانی ئێرانی و کوردستانی لە شاری برێمن بەڕێوە چوو

12:12 - 3 رەشەمه 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕێبەندان، لە شاری برێمن لە وڵاتی ئاڵمان، کۆڕێکی تایبەتی سیاسی و هونەری بۆ پشتیوانی لە شۆڕسی ژینا بەڕێوە چوو.

لە کۆڕەکەدا کە ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی سیاسی لە نەتەوەکانی ئێران بەشدار بوون، شەهریار نەقشبەندی، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

نەقشبەندی وێڕای پێداگریکردن لەسەر پێویستیی یەکگرتوویی خەڵکی ئێران و بە تایبەت ئۆپۆزیسیۆنی دێموکراتیک و ئازادیخوازی ئێران لە دژی ڕێژیمی ئیسلامی، باسی ئەوەی کرد: "بۆ دەستەبەربوونی مافی گەلانی ئێران و سەقامگیرکردنی دێموکراسی لە ئێران و پێکەوە ژیان، پێویستە هەموو لایەک دۆخی ئێران و ڕاستیی فرەنەتەوەیی و ئایینیی ئێران باش بزانن و ڕێز لەو فرەچەشنییە بگرن''.

ناوبراو زیادی کرد: "بزووتنەوەی نەتەوەکانی ئێران و یەک لەوان بزووتنەوەی کورد و بە تایبەتیش حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ گەیشتن بەو ئامانجە و لەپێناو بەدەستهێنانی مافی ڕەوای گەلی کورد و دێموکراتیزەکردنی ئێران، قەوارەیەکی دێموکراتیکی فێدراڵ بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە پاش لەنێوبردنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بە باشترین ڕێگەچارە دەزانێت".

شایانی باسە هونەرمەندان "ڕافا و محەممەد تاهوو" بە خوێندنی سروودی شۆڕشگێڕانەی کوردی، کۆڕەکەیان ڕازاندەوە.