کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە سنە، بەخشنامەیەکی دژی مامۆستایان دەر کرد

17:25 - 3 رەشەمه 2722

بەڕێوەبەریی گشتیی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە پارێزگای سنە لە بەخشنامەیەکدا داوای کردووە کە جموجۆڵی مامۆستایان بخەنە ژێر چاودێرییەوە و ڕێگە بە هیچ جۆرە چالاکییەکیان نەدرێت.

ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە پارێزگای سنە لە بەخشنامەیەکدا دژی مامۆستایان بڕیارێکی داوە و بەپێی ئەو بڕیارە یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان بوونی نییە و لە ئەگەری هەر جۆرە چالاکییەک یان دەرکردنی تەنانەت ڕاگەیەندراوێک، بە توندی ڕووبەڕوویان دەبنەوە.

هەروەها بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە داوا لە ناوەندە سەرکوتکەرەکان کراوە کە بە هەموو توانایانەوە چاوەدێری بەسەر هەڵسوکەوتی مامۆستایاندا بکەن.

دەرکردنی ئەو بڕیارنامەیە ئاماژەیە بۆ داهاتوویەکی مەترسیدار بۆ سەر دۆخی چالاکانی سێنفیی مامۆستایان و وا دەردەکەوێت کە دەسەڵات بە تەمایە لە ئەگەری زاڵبوون بەسەر دۆخی کۆمەڵگەی ناڕازی و ڕاپەڕیوی ئێران و کوردستاندا لە هیچ چەشنە جووڵەیەکی مەدەنی و کۆمەڵایەتی چاوپۆشی نەکات.

مامۆستایانی کورد پێیان وایە کە ئەو مەترسییە کاتێک دەڕەوێتەوە کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئێران یەکگرتووانە درێژە بە خەبات بدەن و هەتا کۆتایی بە تەمەنی پڕ لە جینایەتی کۆماری ئیسلامی نەهێنن، لە داخوازییەکانی خۆیان پاشگەز نەبنەوە.