کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردناسی به‌ناوبانگی ڕووس، "یوگێنیا ئیلینیچنا واسیلیه‌وا"، کۆچی دوایی کرد

18:41 - 3 رەشەمه 2722

"یوگێنیا ئیلینیچنا واسیلیه‌وا"، دوکتوری زانستی مێژوو، ڕۆژهەڵاتناس و کوردناسی به‌ناوبانگی ڕووس، ڕێکەوتی ١٥ی فێورییەی ٢٠٢٣ی زایینی کۆچی دوایی کرد.

واسیلیەوا لە ساڵی ١٩٣٥ لە گوندی کییویتس سەر به ناوچەی نۆوۆگۆردی ڕووسیه لەدایک بوو. لە ساڵی ١٩٥٣ پاش تەواوکردنی قوتابخانه، لە زانکۆی ڕۆژهەڵاتناسیی زانستگای دەوڵەتیی لێنینگراد درێژەی به خوێندن له بەشی مێژووی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا.

ناوبراو پاش تەواوکردنی زانستگا، لە یەکی ئاگوستی ساڵی ١٩٥٨ تا ساڵی ٢٠١٦ لە ئاکادێمیی زانستیی ڕووسیه، زانکۆی دەستنووسەکانی ڕۆژهەڵات (سانکت پێترزبورگ) کاری کرد. کاری سەرەکیی ئەو لە پێوەندی لەگەڵ مێژووی کورد و کوردستان لە سەدەکانی ناونجی و سەردەمی نوێ بوو. لە ساڵی ١٩٩٢ کۆتایینامەی دوکتوراکەی لە پێوەندی لەگەڵ "باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان" بوو.

بەشێک لە کتێبەکانی "واسیلیەوا" بریتین لە:

١.‌ باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەدەی ١٦ تا ١٩. سەرچاوە‌ لەسەر مێژووی میرنشینە کوردییەکانی ئەردەڵان و بابان. ساڵی ٢٠١٦

٢.‌ مێژوونووسی سەبارەت به هۆزە کوردەکان (لە شەرەفخان بدلیسییەوە -  سەدەی ١٦ تا میرزا عەلی ئەکبەری کوردستانی – سەدەی ١٩).  ساڵی ٢٠١٢

٣.‌ هۆزی کورد لە سەرچاوە و بڵاوکراوەکاندا ٢٠٠٥

٤.‌ شەرەف خان بدلیسی، سەردەم، ژیان. هەمیشه زیندوو ٢٠٠٣