برایم چووکەڵی
چۆن بترسم لە مردن گەر بزانم دیسان دێمەوە، دایکە کوردێک گۆشم دەکا، شیرم دەدا، زمانی کوردیم فێر دەکا، باوکە کوردێک، جلی کوردیم لەبەردەکا، دەمخاتەوە هەمان ڕێگە، دەمنێرێتەوە بۆ کوێستان و دەمکاتەوە بە پێشمەرگە. چ شتێک گرینگتر و سەرنجڕاکێشتر لە بەسەرهاتی پێشمەرگەی نیشتمان، پێشمەرگەی شەهید. لەم ژمارەیەی "هەگبەی شاخ و شۆڕش"دا یادی شەهید ڕەسووڵ مستەفاپوور ناسراو بە (ڕەسووڵە مستە) دەکەینەوە.
شەهید ڕەسووڵ مستەفاپوور ساڵی ١٣٤٢ لە ئاوایی "سێ‌گرتکان" لە بنەماڵەیەکی مامناوەندیی ناوچەی پیرانشار چاوی بە دنیای ڕوون کردەوە. بەداخەوە به‌هۆی وه‌زعی ناله‌بار و هه‌لومه‌رجی سه‌ختی ژیان نەیتوانی بچێتە قوتابخانە و لە منداڵی‌دا نه‌خوێنده‌وار مایه‌وه و ژیانی لاوێتیشی به كار له مووچه و مه‌زرا و كوێره‌وه‌ری تێپه‌ڕی. به‌دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران و ئاشكرابوونی تێكۆشانی حیزبی دێموكرات، ڕەسووڵ تازه پێی له ته‌مه‌نی ١٥ ساڵان ده‌نا. ئەو له‌نێو ئاوایی به كوڕێكی بەئەدەب، له‌سه‌ره‌خۆ و ڕهوشتجوان ناوبانگی دەرکردبوو.
دوابه‌دوای ئاشكرابوونی تێكۆشانی حیزبی دێموكرات و پاش هێرشی سوپای ڕێژیمی تازه به‌ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتوو بۆ سه‌ر كوردستان، ڕەسووڵ ڕێبازی پڕ له شانازیی حیزبی دێموكراتی هه‌ڵبژارد و له ڕیزی پێشمه‌رگه‌كانی هێزی ئاوارەی ئەو کاتدا سازمان درا. شه‌هید ڕەسووڵ كوڕێكی هێدی، له‌سه‌ره‌خۆ، به‌نه‌زم و دیسپلین و هاوکات؛ ئازا، نه‌ترس و بێ‌باك بوو. هه‌ربۆیەش هه‌موو هاوسه‌نگه‌رانی ڕێزیان لـێ ده‌گرت و خۆشیان ده‌ویست. ئەو دڵگه‌رمییه‌كی له ڕاده‌به‌ده‌ری به ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی هه‌بوو. بۆ بردنه‌سه‌ری پله‌ی زانیاریی خۆی بێپسانهوه هه‌وڵی ده‌دا و، یەکەمین هەنگاو لەو هەلومەرجەی ئەوکاتدا فێربوونی خوێندن و نووسین بوو کە هاوکات خەباتی دژی دوژمن دەکرد و دەرسیشی دەخوێند و هەوڵی خۆپێگەیاندنی دەدا.
شەهید ڕەسووڵ ساڵی ١٣٦٠ بۆ سەردانی ماڵی خۆیان لە "سێ‌گرتکان" مەرەخەسیی وەرگرتبوو و گەڕابوویەوە لای بنەماڵەکەی، بەڵام سیخوڕ بەوەیان زانیبوو. هێزەکانی ڕیژیم دەوری ئاواییان دابوو و مخابن ڕەسووڵ بە دیل گیرا. بەڵام ئەو له گرتنگەکانی ڕێژیم‌دا تابلۆیەکی دیکەی لە پێشمەرگەی بەباوەڕی حیزب و گەلەکەی پێشان دا. ڕەسووڵ بەتوندی كه‌وته به‌ر ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی دڕه‌ندانه. ناوەندە ئەمنیەتییەکان زۆریان هه‌وڵ دا بهچۆكی دابێنن و ئیراده‌ی پێشمه‌رگانه‌ی تێك بشكێنن، بەڵام ئەوە ڕەسووڵ بوو کە زیندانی كردبووه مه‌یدانی شه‌ڕ و به‌ربه‌ره‌كانی له‌گه‌ڵ ڕێژیمی ئاخوندی و له‌م تاقیکارییەشدا ڕووسوور هاته‌ده‌ر و سەلماندی كه به‌ڕاستی پێشمه‌رگه‌ی بەوەجی حیزبه‌كه‌یه‌تی. ئەوە بوو کە دواجار لەگەڵ یەکێک لە دیلەکانی شەر گۆڕینەوەی پێ کرا و لە زیندان ئازاد بوو.
شەهید ڕەسووڵ پاش ئازادبوون دەمودەست بۆ سەنگەری بەرگری لە ماف و مان و کەرامەتی نەتەوەکەی گەڕایەوە و وەک پێشمەرگەیەکی لێهاتوو دژی داگیرکەران وەستایەوە. ڕەسووڵی لەکڵدەرهاتوو ئاماده‌ی هه‌ر چه‌شنه فیداكاری و گیانبازییه‌ك بوو. سەرکەوتنی لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیدا وای کرد کە بەرپرسایەتیی نیزامیی پێ بدرێ و پلەکانی پێشمەرگایەتی یەک لەدوای یەک بڕی و وەک سەرپەڵ، سەردەستە، جێگری لک و سەرئەنجام بە فەرماندەری لک دیاری کرا. ئەو له ماوه‌ی ژیانی پێشمه‌رگایه‌تییدا چەندین جار له شه‌ڕ دژی پارێزه‌رانی كۆنهپهرستیدا بریندار بوو، و هه‌رجاره‌ی پاش ساڕێژبوونه‌وه‌ی برینه‌كه‌ی بهئیمانتر له پێشوو ده‌گه‌ڕایه‌وه سه‌نگه‌ری بەرگری لە ئازادی.
ههڵسوڕیی شەهید ڕەسووڵ له خه‌بات دژی دوژمنانی ئازادی‌دا به‌رچاو بوو. له زۆربه‌ی شه‌ڕه‌كاندا به‌شداریی چالاكانه‌ی هه‌بوو و وه‌ك قه‌ڵایه‌كی پۆڵایین له‌به‌رانبه‌ر دژی‌گه‌لییه‌كاندا ڕاوه‌ستا. لە شه‌ڕه‌كانی جادەی سەردەشت-پیرانشار، سەرشاخان، چیانە، سێپەکان، نێو شاری پیرانشار و زۆربەی شەڕە حەماسییەکانی ئەو مەڵبەندەدا بەشداری کرد. فەرماندەیەکی لێوه‌شاوه و خاوه‌نئه‌زموون و شاره‌زا و به بیروباوه‌ڕ بوو. خۆشه‌ویستی هه‌ژارانی ناوچه و هاوسه‌نگه‌رانی بوو، و له دڵی هه‌موویاندا ده‌ژیا. لە ساڵەکانی ١٣٦٧-١٣٦٨ بە فەرماندەهی شەهید ڕەسووڵ چەندین عەمەلیاتی شۆڕشگێڕانە بەڕێوە چوون، وەک کەمین‌دانانەوە، بەرپەرچدانەوەی پەلامارەکانی ڕێژیم، هێرش بۆ سەر چەندین پایەگا و لەو حەماسە لەبیرنەکراوانەشدا شەهید ڕەسووڵ وەک ئەستێرەیەکی پڕشنگدار لە ئاسمانی خەباتی ڕۆڵەکانی گەلی کورددا درەوشایەوە.
ڕۆژی ١٣ی خەزەڵوەری ساڵی 136٨ی هه‌تاوی پێشمه‌رگه‌كانی حیزب، ماندوو و شه‌كه‌ت لە گەشتێکی سیاسی-نیزامی بۆ پشوودان و حه‌سانه‌وه چوونه داوێنی كێوی سه‌ركه‌ش و به‌دیمه‌ن و جوانی "دووسەر" له ناوچه‌ی نەڵێنی پیرانشار. هێزی پێشمەرگە سەرلەبەیانی له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌ی نیگابانه‌وه ئاگادار كرانه‌وه كه ڕێژیمی دژیگهلی هێرشێكی پان و به‌رینی هێناوه‌ته سه‌ریان. پێشمه‌رگه وه‌ك هه‌میشه ئازا لێیان وه‌ده‌ست هاتن و هێزه‌كانی ڕێژیم زه‌برێكی كاریگه‌ر و گورچکبریان وێ كه‌وت. ژمارەیەکی زۆریان لێ كوژرا و بریندار بوون و به ده‌یان قه‌بزه چه‌ك و كه‌لوپه‌لی نیزامیی دیكه بوو به ده‌سكه‌وتی هێزی پێشمه‌رگه. له‌و شه‌ڕه‌دا ڕەسووڵی قارەمان كه شان به‌شانی هاوسه‌نگه‌رانی هه‌ڵی ده‌كوتایه سه‌ر دوژمن، به‌داخه‌وه گولله‌ی دژی گهلییهك سینگی پڕ له ئاواتی پێکرا و خوێنی گەشی ڕژایه سه‌ر خاكی پیرۆزی کوردستان.
ڕەسووڵ گیانی بۆ نیشتمان به‌خت كرد و تێكه‌ڵ به كاروانی سوورخه‌ڵاتی شه‌هیدانی حیزب و گه‌ل بوو، و لە نێو گەلیشدا ناوێکی بەرز و پیرۆزی پاش خۆی بەجێ هێشت.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٤١ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.