ئامانج زیبایی
کاتێک هەواڵی دەستپێکی شەڕی نێوان ئوکراین و ڕووسیە بڵاو بۆوە، زۆربەی شارەزایانی سەربازی و تەنانەت سیاسی گریمانەی ئەوەیان دەکرد لە ماوەیەکی کورتدا ئەم شەڕە کۆتایی پێ دێت. زۆربەی زۆری چاودێرانیش لایان وا بوو شەڕەکە لە بەرژەوەندیی ڕووسیە کۆتایی پێ دێت و شەڕکردن لە بەرانبەر زلهێزێکی جیهانی ناتوانێ درێژمەودا بێت. بەڵام خۆڕاگریی کەموێنەی خەڵکی ئوکراین بەگشتی و کەسایەتیی کاریزماتیکی زێلێنسکی بەتایبەتی ڕیسەکەی لە ڕووسیە کردە خوری.
شەڕی ڕووسیە و ئۆکراین وا دەچێتە دووهەمین ساڵی خۆیەوە. ئەم شەڕە زۆر سادەیە ئەگەر تەنیا گرێ بدرێتەوە بە خۆڕاگریی خەڵک و ڕۆڵی کەسێکی وەک زێلێنسکی. بە سەرنجدان بە ڕووداوەکانی پێش دەستپێکی ئەم شەرە و گرژبوونی پێوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە بۆمان دەردەکەوێ کە تەقینەوەی ناکۆکییەکان هەر لە سەرتاوە گرێدراوی ڕێکخراوە هەواڵگرییە نێودەوڵەتییەکان بووە بۆ بەرنگاربوونەوەی ڕووسیە لە نیزیک سنوورەکانی خۆی. داواکاریی ئەندامەتیی ئۆکراین لە ناتۆش هەر درێژەدەری هەر هەمان سیاسەت و هەر بە یەک ئامانج بوو، واتا بێتوو ڕووسیە قەبووڵی بەئەندامبوونی ئۆکراینی لە ناتۆدا کردبا، سنووری هاوپەیمانیی نیزامیی ناتۆ دەگەیشتە نیزیکترین ئاست بۆ دامەزراندنی قەڵغانی بەرگریی مووشەکی بۆ پاراستنی ئورووپا لە هەڕەشە و مەترسییەکانی پووتین بۆ سەر یەکیەتیی ئورووپا. یا خود ئەگەریش ئەو سیستەمی بەرگرییە بەپێی داوای وڵاتی ئۆکراین قەبووڵ نەکرێت، ئەوە ئاستی ناکۆکییەکان دەگاتە پێکدادانی سەربازی و شەڕێکی ماڵوێرانکەر بەرۆکی هەموو ناوچەکە دەگرێت. بۆیە زۆر پێش دەستپێکی ئەم شەڕە ناوەندە ئەمنییەتی و هەواڵگرییەکانی جیهانی بە پڕوپاگاندای سەرهەڵدانی شەڕ ڕای گشتییان بۆ ئەم بابەتە ئامادە دەکرد. لەگەڵ دەستپێکی شەڕەکەش بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چوونە پشتی ئۆکڕاین و پشتیوانیی خۆیان لە خەڵک و حکوومەتی ئەو وڵاتە ڕاگەیاند.
شەڕی ڕووسیە و ئوکراین لە چەند ڕەهەندی دیکەشەوە گرینگیی خۆی هەیە. کەرتێکی بابەتەکە گرێدراوی بەشی ئابوورییە و بینیمان کە لە دوای دەستپێکی شەڕەکە چۆن شەڕ کاریگەریی خۆی بە سەر ئابووریی بەشێکی زۆری جیهان پێشان دا. هەروەها ئەو ڕاستییەشی دەرخست کە ڕووسیە توانای ئەوەی هەیە ئەگەر بۆ کورتماوەش بووبێ بەتایبەت لە بواری وزەدا ئاستەنگ بۆ سەر کەرتی ئابووریی جیهانی ساز بکا و جیهان دەبێ خۆی بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییە ئامادە بکات، ئەمەش پێویستیی بە دانیشتن و دانووستان هەیە لەگەڵ وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت و وزە و بۆ هاندانیان بۆ هەناردەکردنی زیاتری نەوت و بەربەست سازکردن بۆ ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ ڕووسیە و بۆڵدکردنی ئەو بابەتە کە سەودا و دانووستان لەگەڵ ڕووسیە ڕیسکێکی گەورەیە.
بەشێکی تری ئەم شەڕە بۆ ئەو مەبەستە بوو کە هێزی سەربازیی ڕووسیە بێننە ژێر پرسیار و ئەو ڕاستییەی دەرخست کە هەر وڵات و حکوومەتێک خەڵکی وڵاتەکەی پاڵپشتی نەبێت، دواجار دەستەوەستان دەبێت جا ئەگەر خاوەنی دووهەم هێزی سەربازیی جیهانیش بێت؛ تا ئەو ڕادەیە کە تەنیا کۆماری ئیسلامی شک ببەی هاوپەیمانیی نیزامیی لەگەڵ ببەستی.
بابەتێکی دی کە جێگەی هەڵوێستەکردنە لە سەری ئەوەیە بە سەرکەوتوونەبوونی ڕووسیە لەو شەڕەدا پێش بە چەندین شەری دیکە گیرا لە ناوچەکە و دەکرێ بڵێین لە جیهاندا. دوای چەند ڕۆژێک لە دەستپێکی شەڕەکە گریمانەی ئەوە دەکرا ناکۆکییەکان لە چین و تایوانیش پەرە بستێنن و تەنانەت وڵاتانی سۆئێد و فیلاندیش کەوتبوونە بەر شاڵاوی هەڕەشەکانی ڕووسیە. تەنانەت کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش هەڕەشەی هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و کۆماری ئازەربایجانی دەکرد. گرینگتر لە هەموو ئەمانەش تەریککەوتنەوەی ئەم وڵاتە لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان بوو، و ئەوانەش دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە هێرشکردنە سەر خاکی وڵاتان بە بیانووی جیاواز ئاکامێکی تری لە تەریککەوتنەوە نابێت. کۆبوونەوەکانی لووتکەی وڵاتانیG7 و داڤووس دوو نموونەی دیاری ئەم کۆڕ و کۆبوونەوانەی کە ڕووسیە تێدا بانگێشت نەکرا. جگە لەم خاڵانەی سەرەوە هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ناوکی، بەکارهێنانی درۆنە خۆکوژەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کوشتنی خەڵکی مەدەنیی ئۆکراین و گواستنەوەی کارگەی بەرهەمهێنانی ئەم درۆنانە لە ئێران ڕا بۆ ڕووسیە لەڕووی سەربازییەوە مەترسیی زۆری هەیە بۆ سەر نەیارانی هەر دوو وڵات. ڕووسیە دەستی ئاوەڵاتر دەبێ لە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی ئەم درۆنانە و بەکارهێنانی زۆرتری ئەم درۆنانە هۆکارن بۆ دۆزینەوەی خاڵە لاوازەکانی و بەهێزکردنیان لە داهاتوودا وەک خێرایی و توانای خاپوورکردن و پێکانی باشتری ئامانجەکانی و ئەم پۆینتانەش دەستی کۆماری ئیسلامیی ئیران ئاوەڵا دەکات بۆ بەکارهێنانی ئەم درۆنانە بەدژی دژبەرانی خۆی و وڵاتانی ناوچەکە.
ئێستا کە ساڵێک بە سەر ئەو شەڕەدا ڕادەبرێت و هێشتا ئاسۆکانی ناڕوونن، دەبینین وڵاتانی جیهان بە تەرخانکردنی بەشە بووجەی خۆیان بۆ گەیاندنی یارمەتیی مادی و سەربازی بە ئوکراین بەئاشکرا پشتیوانی لەم وڵاتە دەکەن و هەوڵ بۆ سەرکەوتنی ئەم وڵاتە دەدەن؛ چونکی باوەڕە گشتییەکە ئەوەیە بردنەوەی ڕووسیە ئاسۆی کۆمەڵگەی جیهانی لێڵ و ئەمنییەتی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی ناسەقامگیر دەکات.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٤١ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.