کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاپۆڕای مەرگ!

19:35 - 3 رەشەمه 2722

کوێستان عومەرزادە

 

پۆلێک ژن

لەچاوەڕوانیی هاتنەوەیان

مانەوەیان

دەرکەوتنیان

لەسەر پێکانیان

وەستاون!

 

چاوەکانیان ماندوو

دەستەکانیان پر لە لەرز

لێوەکانیان لە نزادا وشک

لێرەن!

 

دەستەو ئەژنۆ  تێر ڕاماون

لە ئاپۆڕای مەرگی ئەمرۆی

نیشتیمانی هەژارەکان

بێ‌لانەکان

 

چی دەبینم

تەنها مشتێ گریانی ڕۆژ

هەنیسکی قەتیسماوی

خۆر

دڵیان  کوون‌کوون

ڕوحیان لە خەمدا خنکاو

چاوەڕوانی

باوک، برا، خوشک، کۆرپە و هاوژیانیان!

 

ئەمە چ غەزەبێکی  قووڵە

بەرۆکی وڵاتی تەنیوە

ئەمە چ بوغزێکە بەرۆکی ماڵ بە ماڵ و

کۆلانە و کۆڵانی

ئێرەو ئەوێی لە بەژنی مەرگا چنیوە!

 

ئەمە ئاپۆڕای مەرگە

مەرگێکی سەرشین

لەنێو خەونی گەنج و لاو و پیرو پەکەوتەی شاردا

ڕووت بۆتەوە بە بێ‌سامی

ڕوحی وەک گەڵا و

پەلکی داران دەوەرێنی