کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان لە کاردانەوە بە سزای سێدارەی جەمشید شارمەهد، دوو کارمەندی باڵوێزخانەی ئێرانی دەر کرد

10:27 - 4 رەشەمه 2722

دادگای ڕێژیم لە تاران، ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕەشەمە، بە تۆمەتی "موفسیدی سەر زەوی"، سزای سێدارەی بەسەر جەمشید شارمەهد هاووڵاتیی ئێرانی- ئاڵمانیی سەپاند. ئاڵمانیش لە کاردانەوەدا، دوو کارمەندی باڵوێزخانەی ئێرانی دەر کرد.

"ئانالنا بێربۆک"، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا و لە کاردانەوە لەهەمبەر سزای سێدارەی جەمشید شارمەهد، دوو کارمەندی باڵوێزخانە ڕێژیمی ئێرانی لە وڵاتی ئاڵمان بە ئاژاوەگێڕ و پێشێلکاری مافی مرۆڤ ناو برد و بڕیاری دەرکردنی ئەو دوو کارمەندەی دەر کرد و وتی: دەبێ بە خێراترین کات خاكی ئاڵمان بەجێ بهێڵن.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکوەزیرانی ئاڵمان، بە توندی سزای سێدارەی "جەمشید شارمەهد" لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوەی مەحکووم کرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی خێرای ئەو سزایەی کرد.

دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران بە تۆمەتی ئەوەی کە "جەمشید شارمەهد" لە هێرشی تێرۆریستیی ساڵی ٢٠٠٨ی زایینی بۆ سەر مزگەوتێکی شیراز، کە لەو هێرشەدا ١٤ کەس کوژران و زیاتر لە ٢٠٠ کەسیش بریندار بوون، دەورونەخشی هەبووە، سزای سێدارەی بەسەر ناوبراودا سەپاندووە.