کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی کۆمەڵێک مامۆستا و توێژەری کوردستان بۆ شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی"

10:36 - 4 رەشەمه 2722

کۆمەڵێک مامۆستا و توێژەری کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا شۆڕشی ژینایان وەک سەرهەڵدانێک بۆ ڕەتکردنەوەی پاوانخوازی و ڕێزلێنان لە ئازادی و دێموکراسی ناو لێ برد و لەو قۆناغە مێژووییەدا، یەکگرتنی هێزە شۆڕشگێڕەکان لەسەر بنەما سیاسی و یاساییە مۆدێڕنەکانیان بە پێویست زانی.

ئەو ڕاگەیەندراوە بە مەبەستی نزیکبوونەوەی زیاتر و بەدیهاتنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە چوارچێوەی سیاسیی ئێران پاش تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی بڵاو کراوتەوە و تێیدا داوا لە سەرجەم ئازادیخوازان و دێموکراسیخوازان کراوە کە بەپێی چەندین بنەما بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی نوێ هەوڵ بدرێت.

''قەبوڵکردنی فرەنەتەوەییبوونی وڵاتی ئێران، نەهێشتنی هەڵاواردن دژی ژنان، پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ، پابەندبوون بە یەکسانیی مرۆڤ، پابەندبوون بە سەروەریی گەل بۆ دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی، دژایەتیکردنی تێڕوانینی ناوەندگەرایی، پابەندبوون بە خاڵەکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مافەکانی خەڵکی خۆجێیی و...'' بەشێک لەو خاڵە بنەڕەتییانەن کە کۆمەڵێک مامۆستا و توێژەری کوردستان باسیان لێ کردووە.