کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان لە جاڕنامەی کۆمەڵێک لە مامۆستایان و توێژەران

18:23 - 4 رەشەمه 2722

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتیوانیی خۆی لە جاڕنامەی کۆمەڵێک لە مامۆستایان و توێژەرانی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران دەربڕی.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان کە لەسەر بنەمای دێموکراسی و بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی دێموکرات و سێکۆلار دامەزراوە و بۆ ئازادی و سەربەستیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بونیاتنانی نیشتمانێکی سەربەست و دێموکراتیک بۆ نەتەوەی کورد لە پەنای نەتەوەکانی دیکەی ئێراندا خەبات دەکات، پشتیوانیی خۆی لە جاڕنامەی کۆمەڵێک مامۆستای زانکۆ و توێژەری نەتەوە جیاوازەکانی ئێران دەردەبڕێت.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، وێڕای پشتیوانیکردن و پێزانین لە وەها هەوڵ و هەنگاوێکی مرۆڤتەوەرانە و ئازادیخوازانە، دەستی هاوکاری و پێوەندی بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی دێموکراتیک و پێشکەوتنخواز ڕادەکێشێت و لە ڕاستای ئازادیی گەلانی ئێران و سەروەریی نەتەوەیی کورد خۆی بە بەرپرس و دەروەست دەزانێت و لە هیچ هەوڵ و تێکۆشانێک بۆ دێموکراسی و دادپەروەری بۆ گەلانی ستەملێکراوی ئێران کە ساڵانێکە لەژێر ستەمی دەسەڵاتە سەرەڕۆ و پاوانخوازەکانی ناوەندگەرا دەچەوسێندرێنەوە، خۆی نابوێرێت.

لە کۆتاییدا هاتووە کە یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان ئەم جاڕنامەیە کە لە ٢٣ خاڵ پێک هاتووە بە هەنگاوێکی جیددی و ڕاستگۆیانە بۆ گەیشتن بە دێموکراسی، دادپەروەری و بونیاتنانی ئێرانێکی سێکۆلار و بە دوور لە هەر دەمارگیرییەکی ڕەگەزپەرستی، تئۆکراسیخوازی و نادادپەروەری دەزانێت.