کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان، سەبارەت بە سیاسەتی دوولایەنەی کۆماری ئیسلامیی ئێران

18:40 - 4 رەشەمه 2722

ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان، لەهەمبەر سیاسەتی دوولایەنە و فریوکارانەی دەسەڵات ڕوو بە خەڵکی کوردستان، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

ئەو ئەنجومەنە لە بەیاننامەکەیدا بە سەرنجدان بە دەورانی دەسەڵاتداریی حکوومەتی پەهلەوی و هەروەها کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند کە هەرکام لەو دەسەڵاتانە بە چاوی هەڵاواردنی دەزگای دەسەڵاتدارییەکەیان چاویان لە نەتەوەکانی دیکەی ئێران کردووە. هەروەها لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و بارهێنانەوە تەنیا یەک مەبەستیان هەبووە ئەویش تواندنەوەی نەتەوەکانی دیکە لە ئێراندایە.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: ناوەندگەراکان چ لە سەردەمی پەهلەوی و چ لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی، تەنیا و تەنیا مەبەستیان تواندنەوەی نەتەوەکانی دیکە لە چوارچێوەی ئێران بووە و تەنانەت ئەو یاسا بنەڕەتییەش کە بۆ خۆیان لەسەر مافی نەتەوەکانی دیکە لە ئێران نووسراوە، پێشێل دەکەن. ئێمە نە پەهلەویمان دەوێت و نە کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان بە ئاماژەدان بە چەندین مامۆستای بەندکراو لە کاتی خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی ژینادا، ڕایگەیاند: "لێبووردنی خامنەیی وەکوو کەسی یەکەمی وڵات، تەنیا خۆڵ لەچاوکردنی خەڵکە."

ئەو ئەنجومەنە لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە: دەسبەسەرکردنی مامۆستایان و فەرهەنگییانی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتەوە بە توندی مەحکووم دەکەین و داواکارین کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆتایی بە سیاسەتە چەواشەکارانەکانیان بێنن.