کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکا لە بازاڕەکانی ئێران لە ٥٢ هەزار تمەن تێپەڕی

18:42 - 4 رەشەمه 2722

نرخی فرۆشی هەر دۆلارێکی ئەمریکا لە ڕەوتی مامەڵەکانی ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ڕەشەمە، لە بازاڕەکانی ئازادی تاران بە تۆمارکردنی ڕێکۆردێکی مێژوویی، گەیشتە ٥٢ هەزار و ٦٥٠ تمەن.

بەرزبوونەوە نرخی دۆلار لە ئێستادا لە بەراورد لەگەڵ مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ کە بەهای هەر دۆلارێک بە ٢٦ هەزار تمەن بوو، نیشان دەدات کە نرخی دراوی ئێران لەو ماوەیەدا لە بەرامبەر دۆلاردا ١٠٠ لەسەد دابەزیوە.

هەروەها نرخی هەر یۆرۆ ڕۆژی پێنجشەممە لە بازارەکانی ئێران بە ٥٥ هەزار و ٨٥٠ تمەن مامەڵەی پێ کرا کە بە نرخێکی مێژوویی دێتە ئەژمار.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە نرخی هەڵاوسانی ساڵانە لە ئێران هەتا کۆتایی مانگی ڕێبەندان، گەیشتە ٤٧.٧ لەسەد و ڕێژەی نەختینەیی لە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، ١٠ بەرابەر زیاتر بووە.

هاوکات پەرەسەندنی گرژییەکان لەنێوان ڕێژیمی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوایی لە پێوەندی لەگەڵ بەرنامەی ناوکیی ڕێژیم و ناردنی دڕۆن بۆ ڕووسیە و پێشێلکارییە مافە مرۆییەکان لە ئێران، بووەتە هۆی ئەوەیکە گەمارۆی زیاتر لەسەر ئێران دابنرێت.