کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی جان بۆڵتۆن و ئەنستیتۆی جۆرج بووش لە خستنی سپای پاسداران بۆ نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان

10:14 - 5 رەشەمه 2722

ڕاوێژکاری پێشووی ئەمنییەتی نیشتمانیی ئەمریکا و ئەنستیتۆی جۆرج بووش، لە دوو بەیاننامەی جیاجیادا پشتیوانیی خۆیان لە خستنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بۆ نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی یەکیەتیی ئورووپا، دەربڕی.

جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری پێشووی ئەمنییەتی نیشتمانیی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانیی لە خستنی سپای پاسداران بۆ نێو ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان کرد و وتوویەتی: ئەگەر یەکیەتیی ئورووپا ئەو کارە بکات، ئەو پەیامە نێونەتەوەییە دەگەیەنێت کە سەرکوتی نێوخۆیی و هەڕەشەکانی سپای پاسداران، بۆ ئاشتی لە ناوچەکە و جیهان قەبووڵ ناکرێت.

هەروەها ''دەیوید جی کرامێر''، بەڕێوەبەری کارگێڕیی ئەنستیتۆی جۆرج بووش، بۆ پشتیوانی لە بە تێرۆریست‌ناساندنی سپای پاسداران لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: سپای پاسداران ڕێکخراوێکی تێرۆریستییە و پێشێلکاری بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤە.

ناوبراو باسی لەوەش کردووە: ئێمە وەکوو هاوپەیمانی دێموکراتیک و پێبەند بە ئازادی و پاراستی کەرامەتی مرۆڤ، دەبێ لەگەڵ یەکتر لە بەرامبەر ئەو هەڕەشەیە ڕابووەستین.