خەڵکی بە ئەمەگ و قارەمانپەروەری شاری سنە، ڕۆژی ڕابردوو لە گۆڕستانی ئەو شارە لەسەر گڵکۆی پیرۆزی شەهیدانی شۆڕش کۆ بوونەوە و پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ شەهیدان نوێ کردەوە.
ڕۆژی پینجشەممە ٤ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، خەڵکی نیشتمانپەروەری شاری سنە بە نیشانەی ڕێز و وەفا و درێژەدانی ڕێگەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا، لەسەر گڵکۆی پیرۆزی شەهیدان لە گۆڕستانی "بەهەشتی محەممەدیـ"ـی شاری سنە کۆ بوونەوە و پەیمانی وەفاداری و درێژەدانی ڕێگەی شەهیدانیان دووپات کردەوە.
بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە بە دەستی ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە، خەڵکی نیشتمانپەروەری سنە، سەرەڕای دووپاتکردنەوەی پەیمانی وەفاداری لەگەڵ شەهیدانی کوردستان، بە دروشمی "مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر و شەهید نامرێت" ڕووبەڕووی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بوونەوە.
جێگەی ئاماژەیە کە خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان لە هەموو شارەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی خاوەنداریەتی لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا دەکەن و بڕیاری درێژەدانی ڕێگەی ئەو شەهیدانەیان لەمێژە داوە و سوورن لەسەر داوا ڕەواکانیان.