کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە کۆڕی ڕێزلێنان لە د. "ئەسکەر بۆیووک"، کەسایەتی و نووسەری بەناوبانگی کورد

10:44 - 5 رەشەمه 2722

هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی ئەیووب مورادی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ناوچەی "نۆردراین وستفالێن" لە وڵاتی ئاڵمان، لە کۆڕێکی ڕێزلێنان بۆ نووسەر و کەسایەتیی بەناوبانگی کوردی ئەرمەنستان، د. "ئەسکەر بۆیووک"، لە شاری کۆڵن بەشدارییان کرد.

لەو کۆڕەدا کە لەلایەن ناوەندی کوردیی کۆمکار لە شاری کۆڵن گیرابوو، د. ئیبراهیم مەحموود، ئاوڕێکی لە کار و بەرهەمەکانی د. بۆیووک دایەوە و باسێکی تێروتەسەلی لە ڕۆڵ و کاریگەریی بەرهەمەکانی ناوبراو لە هەرچوار بەشی کوردستان پێشکەش کرد.

دواتر د. ئەسکەر بۆیووک لەسەر پرسی کورد لە هەر چواربەشی کوردستان و دۆخی کوردەکانی یەکیەتیی سۆڤییەت و بەتایبەت کوردەکانی ئەرمەنستان، قسەی کرد. ناوبراو بە ئاماژەدان بە ژینۆسایدی نەتەوەی کورد و بەتایبەت ئیزەدییەکان، بەفەرمی ناساندنی کۆمەڵکۆژیی ئیزەدییەکان لەلایەن پارلمانی ئاڵمانی بەرز نرخاند.

پاشان حیسام ئەحمەدی لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە دەستەگۆڵێکی پێشکەش بە د. ئەسکەر بۆیووک کرد و کار و تێکۆشانی ناوبراوی لە پێوەندی لەگەڵ تێکۆشانی ناوبراو بۆ پاراستنی شوناسی کوردی لەنێو کوردەکانی ئەرمەنستانی بەرز نرخاند.

لە کۆڕەکەدا سیاوەش محەممەدی، ئەندامی شاندی حیزب، ئاماژەی بە فرەڕەنگی و زەنگینیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و بە ئاماژەدان بە ئایینی یارسان و پێوەندیی مێژوویی بەتایبەت لەنێوان دەقەکانی دیوانە گەورەی یارسان و "مەسحەفا ڕەش" و قەولە پیرۆزەکانی ئایینی ئیزەدی، پەڕژایە سەر پێوەندیی ئەو دوو ئایینە بە یەکتر و باسی لە پیلانەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان بۆ لەنێوبردنی ئەو دوو ئایینە کرد.

ئەو کۆڕە بە خوێندنەوەی دەستبژێرێک لە بەرهەمەکانی د. ئەسکەر بۆیووک، کۆتایی پێ هات.