دیمانە: دیاکۆ دانا
بەرایی: ٢٢ ڕێبەندانی ئەمسال ٤٤ مین ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە کاتێکدا گەیشتەوە کە شۆڕشێکی نوێ بە ناوی شۆڕشی ژینا لە کوردستان و ئێران لە ئارادایە. ئامانجەکانی ڕاپەڕینی ٥٧ ئازادی و دێموکراسی و بەرهەڵستبوونەوە دژی دیکتاتۆریی پەهلەوی بوو، بەڵام خومەینی کە سواری شەپۆلەکانی شۆڕش ببوو، نیزامێکی سیاسیی داخراوتر و نادێمۆکراتیکتر لە ڕێژیمی پەهلەویی بنیات نا. خەسارناسیی شۆڕشی ٥٧ و ئاماژەکانی شۆڕشی ژینا مژاری وتوێژێکی "کوردستان" لەگەڵ دوکتور ئازاد محەممەدیانی، لێکۆلەری سیاسییە:
لە کاتێکدا ٢٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ هاتەوە، کە گەلانی ئێران لە گەرمەی شۆڕشێكی قووڵ بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمێک دان کە ٤٤ ساڵ لەوەپێش هەر بە شۆڕش هاتە سەر کار، ئێوە باکگراوندە مێژوویەکانی ناڕەزایەتی و شۆڕشەکان لە ئێرندا چۆن دەبینن؟ ئەوەی شؤڕشی ٥٧ی لێکەوتەوە و ئەو شۆڕشەی کە ئێستاش لە ئارادایە؟
ئەوەی ئێستا لە ئارادایە درێژەی هەمان ڕەوتە کە لە دەورەی قاجارەوە دەستی پێ کردووە. بزووتنەوەی مەشرووتە سەرەتای سەرهەڵدانی بیری ئازادیخوازی و حەول بۆ سەقامگیرکردنی حکوومەتی یاسا لە ئێراندا بوو. بزووتنەوەیەک کە دەیویست کۆتایی بە واتای "ڕەعیەت" بێنێ و تاکی ئێرانی لە قەوارەی هاووڵاتیەکی ئازاددا کەڕامەتی پارێزراو بێت، هاوکات دەسەڵاتی شا لە چوارچێوەی یاسادا بەرتەسک بکرێتەوە و نەتوانێ وەک سێحەبی ماڵ و نامووسی خەڵکی هەڵسوکەوت لەگەڵ هاووڵاتی بکا، ئەو دوو بنەما سەرەکییەی بزووتنەوەی مەشرووتە بووە هۆی جووڵاندنی کۆمەڵگەی ئێران و حەولی بێوچانیان بۆ دەستەبەربوونی مافی یەکسانی و ئازادی. لە ڕاستیدا ئەو بیرۆکەیە وەک خۆی بەپێی زەروورەتی مێژوویی ویست و داواکاری دیکەشی لێ زیاد و کەم بووە، بەڵام وەک سەرەکیترین تەقەلای ئێرانییەکان تا ئێستاش بەردەوام بووە، سەرەڕای ئەو بنەما سەرەکییانە دەسەڵاتی زاڵی شای ئێران لە دوو دەورەی باوک کوڕدا بووە هۆی هێندێک گۆڕانکاری لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ئێراندا کە هۆکاری ناڕەزایەتیەکان بوون. ئەگەر ناڕازیانی دژ بە دەسەڵاتی پەهلەوی پۆلێنبەندی بکەین لەم چوار بەرەیەدا خۆیان دەبیننەوە:
١) ئیسلامییەکان کە دژایەتیی ئەوان لە سەرەتادا، واتە لە ساڵەکانی سەرەتای هاتنە سەرکاری پەهلەوییەوە پیشەیی بوو، بەو هۆیەی کە بەرنامەکانی ڕەزاخان بۆ مۆدێڕنکردنی ئێران لە پێش هەموو چێنێکدا چینی مەزهەبی بەتایبەت مەلاکانی خستە ژێر کاریگەریی خۆیەوە، تا ئەوکات نەهادی دین یا ڕۆحانییەتی شیعە دوو نەهادی گرینگی قەزاوەت و پەروەردەی لە ئیختیاردا بوو، بێجگەلە هێندێک حەول کە لە دەورەی قاجاردا بۆ نیزامی پەروەردەی سەربەخۆ لە دین درابوو، پەروەردە و فێرکردن هەر لەژێر دەسەڵاتی مەلاکاندا مابۆوە، قەازوەتیش هەر بەم شێوەیە تەنیا لە پاوانی مەلاکاندا بوو کە بە شێوەیەکی سوننەتی و لە چوارچێوەی فێقهی شیعەدا دەکرا. دامەزرانی دەزگای داد و پەروەردەی مۆدێڕن لەو قۆناغەدا ئەو دوو بنکە گرینگەی دەسەڵاتی کۆمەلایەتیی لە ڕۆحانییەتی شیعە ئەستاند و بازنەی دەسەڵاتدارێتی و هەر بە کاریگەری لەوە ئابوورییشی تەسک کردنەوە، سەرەڕای ئەوەیکە بەپێی یاسایەکی نوێ مەلاکان مەجبوور دەکران بە سەربازیکردن. ئەو هۆکارانە ببووە هۆی ئەوەیکە لە سەفی پێشەوەی ناڕازیانی دژ بە پەهلەویدا بن و زۆر زوو کەوتنە بەربەرەکانێ لە گەڵی، ئەوانە هۆکارەکانی پیشەییبوونی ناڕەزایەتی ڕۆحانییەت بوون و لە درێژەی دەسەلاتدارێتیی پەهلەویدا هێندێک هۆکاری وەک کەشفی حیجاب و مافی دەنگدانی ژنان و شتی دیکەشی پێوە زیاد بوو. لە بەرەی ئیسلامیەکاندا چینێکی دیکە هەبوون کە پێوەندییەکی مێژووییان لەگەڵ ڕۆحانییەتی شیعە هەبوو، بازاڕی سووننەتیی ئێران، بازاڕێک کە لە پێوەندییەکی ئابووری و شەرعییدا بوو لەگەڵ ڕۆحانییەتی شیعە، وەک شەرعییەتوەرگرتن بۆ کەسابەت و پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتییان. لە ڕاستیدا بەرنامە ئابوورییەکانی پەهلەوی بە تایبەت محەمەدڕەزاشا پێگەی ئابووریی ئەوانی خستبووە مەترسییەوە و ئێستا مەجبووربوون بۆ درێژەی کاری بازرگانی و تیجارەت لەگەڵ بازاڕێکی مۆدێڕن بکەونە کیبەرکێیەوە کە بەرهەمی سیاسەتی نوێی حکوومەت بوو. ئەوانە دواتر بوون بە پێگەی سەرەکیی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ڕۆحانییەت لە ڕەوتی شۆڕشدا و تەنانەت دوای سەرکەوتنی شۆڕش و تا ئێستاش وەک هاوپەیمان ماونەتەوە.
٢) چەپەکان، کە دوای تەبعیدی ڕەزاشا و کرانەوەی فەزای سیاسیی ئێران لە دەیەی بیستی هەتاویدا بە کاریگەری لە کەشی سیاسیی جیهان و هاوسنووری لەگەڵ یەکیەتیی سۆڤییەت لەگەڵ ئێران بوونە بەشێکی گرینگ لە ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی پەهلەوی، دیارە ئەوە بەو مانایە نییە جیاوازی لەنێوان جەریانە چەپەکاندا نەبوو، بە شێوەیەکی گشتی لایەنە چەپەکان بە دوو بەشی مائۆئیستەکان و مارکسیست-لینینیستەکاندا دابەش ببوون، گرینگترین هۆکاری دژایەتییان لەگەڵ پەهلەوی نزیکبوونی لە ئەمپڕیالیزمی ئامریکا بە تەعبیری ئەوان و نەبوونی ئازادییە سیاسییەکان و پەراوێز خستنی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بوو. زیندانەکانی حکوومەتی پاشایەتی لێوانلێو بوو لەو جیاوازبیرانەی کە باوەڕیان بە مارکسیزم هەبوو، بە شێوەیەک کە ئەم توێژە ببوونە بەشێکی گرینگی ڕزگاریخوازانی دژبەری پاشایەتی. بێجگە لە مارکسیستەکان هێندێک لایەن بە کاریگەریی لە فەزای جیهانی و فەزای سیاسیی نێوخۆی ئێران کە گوتاری ئیسلامی خەریک بوو تێیدا پەرەی دەستاند، ئەم دوو شێوە ڕوانینەیان تێک هەڵکێشابوو و مارکسیزمی ئیسلامییان ساز کردبوو کە کەمیش نەبوون و دواتر بوونە سەرسەختترین دوژمنانی کۆماری ئیسلامی، کە "سازمانی مجاهدینی خەڵقی ئێران" یەک لەو نموونانەن یا تاقمی "خداپرستان سوسیالیست".
٣) لایەنە ناسیۆنالیستەکان کە "جبهەی میلی" ئێران گرینگترین نوێنەری ئەو توێژە بوون کە دوای کوودەتای ٢٨ی گەلاوێژ بە تۆمەتی پشتیوانی لە موسەدیق کەوتنە ژێر گوشار و پەراوێز خران. وەک لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی پاشایەتی زۆربەیان لایەنگری گەڕانەوە بۆ ویست و خولیاکانی بزووتنەوەی مەشرووتە و دەوڵەتی میللی بوون.
٤) نەتەوەکانی نێو جوغرافیای ئێران وەک بەشێکی گرینگی دژبەرانی حکوومەتی پەهلەوی بە درێژەی دوو دەسەڵاتداری باوک و کوڕ لە بەربەرەکانێدا بوون کە گرینگترینیان کوردستان، ئازەربایجان و خووزستان بوو، جگە لەوەیکە ئەو نەتەوانە لە چوارچێوەی ڕەوتە سەرانسەرییەکانی ئێرانیشدا لە تێکۆشانێکی کەموێنە بۆ ڕووخاندنی حکوومەتی پاشایەتیدا بوون. گرینگترین داواکاریی ئەو لایەنانە کە دەکرێ کوردستان وەک نموونەی بەهێزی ئەم نەتەوانە بێنینەوە، مافی چارەی خۆنووسین و دەسەڵاتێک بوو کە ناوەندخواز نەبێ. هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆنی پەهلەوی کە لە سەرەتای دەسەڵاتی پەهلەوییەوە لە چوارچێوەی "گوتاری ناسیۆنالیزمی کەونارای پەهلەوی" لەسەر بنەمای زمانی فارسی و مۆدێڕنیزاسیۆنی ڕەزاخان هاتە ئاراوە و ئەویتری خۆی بە نەتەوەکانی ئێران دەزانی و ڕێگەچارەی گەیشتن بە ئێرانێکی یەکپارچەو مۆدێڕنیان لە سڕینەوەی جیاوازیەکاندا دەدیت و ئەو سیاسەتە هۆکاری سەرەکیی دژایەتی نەتەوەکانی ئێران بەرامبەر حکوومەتی پەهلەوی بوو.
بێشک ئەو هۆکارانەی کە بوونە هۆی دژایەتیی پەهلەوی و دواتر ڕووخانی، لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادییشدا ڕەنگدانەوەیان هەیە و من ئەو شۆڕشە بە ڕەوتی گەشەسەندووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلانی ئێران و گەلی کورد دەزانم، کە ڕەنگە دواقۆناغی خەباتی ئێرانییەکان بێ بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتێکی دێموکرات، ئازاد و بەرانبەریخواز.
لە کۆمەڵگەی ئەوکاتی ئێراندا هێزی سیاسی گۆڕانکاریخوازی جۆراوجۆر لە دەرەوەی بەرەی ئیسلامیستەکاندا بوونیان هەبوو، ئەو هێزانە چۆن و بە چ هۆیەک پەراوێز خران کە بەمجۆرە ڕێگا بۆ کۆماری ئیسلامی خۆش کرا؟
جگە لە کوردستان، تەحلیلی نادروستی لایەنە سیاسییەکانی ئێرانی بە نیسبەت نەخشی خومەینی و جەریانی مەزهەبی بووە هۆی ئەوەیکە متمانە بە ئەم مەلایە بکەن و خۆیان لەژێر چەتری ئەودا ببیننەوە. لە ڕاستیدا ڕووناکبیرانی ئێرانی کە بەشی هەرە زۆریان چەپ بوون، هاوشێوەی لایەنەکانی دیکە تەحلیلێکی دروستیان لە تیۆرییەکانی ئیسلامی سیاسی شیعە و حەولیان بۆ گەێشتن بە حکوومەتی ئیسلامی نەبوو، لە پێش هەموویاندا چەپەکان لە سەر بنەمای ئەو لێکدانەوەیە کە ئیسلامییەکان دژی ئێمپڕیالیستن و بۆ گەیشتن بە ئێرانی سەربەخۆ دەتوانن هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو بن و بە هاوکاری ئەوان دەتوانن ئێران لە بلووکی ڕۆژهەڵاتی دونیا نزیک بکەنەوە، بەرەی نەتەوەییش لەسەر ئەو بنەمایەی کە مەلاکان لەوە بێهێزترن کە حکوومەت بکەن و پێویستیان بەوان هەیە کە وڵات بەڕێوە بەرن، کەوتنە ڕیزی ئەوانەوە و متمانەیان پێ کردن. لە ڕاستیدا خوێندنەوەی هەموویان لە خومەینی و مەلاکان، ئەوە بوو کە ئەوانیان وەک توێژێکی دژی شا دەدیت کە تەنیا دەیانهەوێ وەک بەشێک لە کۆمەڵگە نەخشیان لە ڕووخاندنیاندا هەبێ و ئاگایان لەوە نەبوو کە خومەینی و تیئۆریسیەنەکانی ئیسلامی سیاسیی شیعە وەک "دوکتور عەلی شەریعەتی" و "موتەهەری" و "بەهەشتی" و ... بیریان لە دەزگایەکی ئایینی لە سەر بنەمای فیقهی شیعە دەکردەوە کە نەخشی هەبێ لە پەروەردە و سیستەمی دادی وڵاتدا، متمانەیەک لە سەر نەبوونی زانیاری لەسەر ماکی بیرۆکەی خومەینی و هاوبیرەکانی لێکەوتەکەی یاسایەکی بنەڕەتی ئیسلامی و کۆمەڵگەیەکی داخراو بوو کە وردە وردە هەموو لایەنەکانی جیاواز بیری حەزف کرد.
شۆڕشی ساڵی ٥٧ بۆچی نەیتوانی بە ئامانجەکانی خۆی بگات؟ بۆچی دیموکراسی لێ نەکەوتەوە؟ بۆچی ڕزگاریی بە دیاری نەهێنا؟
حکوومەتێک کە هاتە سەر کار لە ئەساسدا هیچ باوەڕێکی بە ئازادی و دێموکراسی نەبوو، لە ڕاستیدا حاکمانی نوێی ئێران بۆ ئەوەیان شۆڕش نەکردبوو کە حکوومەتێکی دێموکڕات بەپێی ویست و داواکارییەکانی گەلانی ئێران و زەروورەتی مێژوویی ئێران پێک بێنن. وەک لە پرسیاری یەکەمدا باسم کرد مەلاکان بۆیە دژی پەهلەوی بوون کە سەروەریی کۆمەڵایەتییان بگەڕێننەوە. حزووری ئەوان لەسەر ئەساسی داواکاری پیشەیی بوو، کە لە چوارچێوەی حکوومەتێکی ئیسلامیدا دەکرا ئەو ویستە پیشەییانە گەڕەتی بکرێن. کە چاو لە ئەو یاسا بنەڕەتییە دەکەی کە لێکەوتەی شۆڕشە، سەروبەری ئەو یاسایە بە قازانجی مەلاو توێژی ڕۆحانییەتی شیعەیە. لەوەها دۆخێکدا ناتوانی چاوەڕوانی حکوومەتێکی دێموکڕات و وڵاتێکی ئازاد بی.
گەورەترین پرسەکان لە شۆڕشی نوێدا چیین؟ ململانێیەکانی نێوان دینداری و سێکۆلاریزم، فێدێڕالیزم و ناوەندخوازی، ئیدئۆلۆژی و دێموکراسی؟
لام وایە شۆڕشی ژینا لێکەوتەی گۆڕانکارییەکی مەزنە لە توێی کۆمەڵگەی ئێران و کوردستاندا، جۆرێک گۆڕانکاری کە لە ئەساسدا جیهانبینییەکی جیاواز و سەردەمیانەی بە نیسبەت هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی ئینسان و مافی ئەو ئینسانە لە دنیایەکی ئەمڕۆییدا هەیە. شۆڕشی ژینا شۆڕشی ژنانە دژ بە عەقڵیەتی پیاوسالاری چەقبەستووی ئینسانی ڕۆژهەڵاتی (مەبەست ڕۆژهەڵاتی ناوینە)، شۆڕشی نەوەی نوێی ئێران و کوردستانە دژ بە نۆڕم و بەها سوونەتیەکانی داسەپاو لەلایەن دەسەڵات و کۆمەڵگەوە، شۆڕشی نەتەوەکانی ئێرانە بەدژ دەسەڵاتی ڕەهای ناوەندخواز و سەد سال پەراوێز خران و هەڵاواردن، شۆڕشی عەقڵی مۆدێڕن و چەند ڕەهەندی دژ بە عەقڵیەتی تاک ڕەهەندییە، شۆڕشی جیاوازییەکانی ڕەگەزایەتییە دژ بە هەڵپەساردن و نەدیتن، شۆڕشی چینی زەحمەتکێش و کاریگەرە دژ بە سەرمایە و نیزامی چینایەتی سەد ساڵەی ئێران و لە ئاکامدا شۆڕشێکە بۆ دنیایەکی جیاواز و نیزامێکی ئەخلاقی کە ڕوانینێکی ئەخلاقی تایبەت، داسەپاو نەبێ، بەڵکوو هەلبژاردنێک بێ لە نێوان هەموو جۆراوجۆریە ڕەوشتیەکاندا. ئەوە خوێندنەوەی منە لە شۆڕشی ژینا و هەموو ئەوانە ململانێیەکی مێژوویین کە ئەو شۆڕشە دەیهەوێ کۆتایی پی بێنێ.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو فاکتەرانە چۆن دەکرێ شۆڕشی نوێ بە سەر کۆماری ئیسلامیدا سەرکەوێ؟
پێداگری، بەردەوامی، یەکگرتوویی و سەلمانی بنەمای قەبوولی جیاوازییەکان، تەنیا ڕێگەی سەرکەوتنی ئەو شۆڕشەیە. ئەگەریش ئەو بنەمایە نەسەپێندرێ ڕەنگە کۆماری ئیسلامی بڕووخێ بەڵام ناتوانین بڵێین شۆڕشی ژینا سەرکەوتووە، چون پێموایە بزووتنەوەی هەمەلایەنەی "ژن-ژیان-ئازادی" بزووتنەوەیەکی کولتوورییە کە دەبێ ئاکامەکەی گۆڕانی ئەو کولتوورە سەپاوە باوەی ئێستا بە هەموو تایبەتمەندییەکانیەوە. بێ ئەو گۆڕانکاریە مەزنە ناتوانین بڵێین شۆڕشی ژینا سەرکەوتووە.
کورد چۆن دەتوانێ لە هاوکێشە سیاسییە نوێیەکاندا لە نێوان شوناسخوازیی خۆی و هەوڵدان بۆ هاوپێوەندیی سیاسی سەرانسەری کایە بکات، کە هەم چاوێکی لە گەرەنتیی مافە نەتەوایەتیەکانی هەبێت و هەم بەشێکیش بێت لەو هاوپەیوەندییە سەرانسەریە؟
ئەم شۆڕشە، شۆڕشی کوردە و دروشمە سەرەکییەکەی لە کوردستانەوە هەناردەی ئێران کراوە و ئێستا جیهانی بووە. کورد دەبێ ئەو زەرفییەتە بەجیهانیبوونە بقۆزێتەوە، ناتوانی شتێک هەناردە بکەی و دواتر پلانت بۆ ئیدارە و تەبیینی نەبێ. پێداگری لەسەر دروشمە سەرەکییەکەی شۆڕشی ژینا و کەڵکوەرگرتن لەو سەرمایەیەی خەڵکی کوردستان لەسەر شەقام و مەیدانی خەباتدا بۆ ڕێبەرانی سیاسییان کۆ کردەوە، وشیاری نوێنەرانی کوردی لە مەیدانی سیاسەتدا پێویستە. لام وایە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە کوردستان بەهێزترین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی تێیدا شەپۆل دەدا و خەڵک حوزووری ڕۆژانەیان هەیە، نوێنەرایەتی کورد دەبێ بە پشتبەستن بە ئەم سەرمایە بەهێزە کۆمەڵایەتییە، بۆ پێداگری لە سەر مافەکانی کورد لە فەزای سیاسی ئێراندا حزووری کاریگەریان هەبێ و بە متمانەبەخۆییەوە هەموو هەلەکان بۆ گەیاندنی دەنگی ئەو گەلە بقۆزنەوە. کوردستان ناتوانێ ئیدی مافەکانی دەستەبەر نەبن ئەگەر ڕێبەرایەتی کورد بتوانێ دروست و دەقیق هەنگاو هەڵهێنێتەوە. ئەوە نابێ لە بیر بکەین تۆران لە سیاسەت و ململانێکاندا مانایەکی نیە جگەلە دۆڕان، کەواتە دەبێ هەموو مەیدانە سیاسییەکان بکرێتە مەیدانی کایەی سیاسەتی کوردی.
زۆر سپاس بۆ بەشداریتان لەو دیمانەیەدا
سپاس بۆ بەسەرکردنەوەی ئێوە