کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەواویەتی ئەرزی و تەجزییەتەڵەبی وەک گوتاری بەئەمنییەتی‌کردن

11:48 - 5 رەشەمه 2722

ئارمان حوسێنی

بێگومان تا ئێستا ئەم دوو چەمکە واتە "تەجزییەتەڵەبی" و "تەواویەتی ئەرزی"مان لە زمان و وتارەکانی داکۆکیکارانی وێژمانی ئێرانشاری و کۆماری ئیسلامی بیستووە. چەمک‌گەلێک کە لە بەرانبەر مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین و دابینبوونی مافی نەتەوە بندەستەکان و باقی کۆمەڵ و گرووپەکانی ئێران بەردەوام وەکوو چەکێک کەلکی لێ وەرگرتووە. کەوابوو هەرکات پرسی مافی نەتەوەکان و فرەنەتەوەبوونی ئێران هاتووەتە بەرباس، بە زەقکردنەوەی تۆمەتی "تەجزییەتەڵەبی" و "تەواویەتی ئەرزی" وڵامی خواستی ڕەوای ئەوان دراوەتەوە. بەڵام پرسیار ئەمەیە کە چەمکی "تەجزییەتەڵەب" و "تەواویەتی ئەرزی" بەرهەمی چ وێژمانێکە و بۆ لە ئاوەها تۆمەت‌گەلێک لە بەرامبەر خواستی ڕەوای نەتەوە بندەستەکان کەڵوەردەگرن؟

دەتوانین وڵامی ئەم پرسیارەمان لە "قوتابخانەی کۆپنهاگن" و گەڕانەوە بۆ چەمکی بەئەمنییەتی‌کردن  Securitization ببینینەوە. قوتابخانەی کۆپنهاگن تا ئێستا بە وڵامە گونجاوەکانی خۆی توانیویەتی وڵامی زۆربەی پرسیارەکانی پێوەندیدار بە پرسی ئەمنییەت (نێوخۆیی، ناوچەیی و نێونەتەوەیی) بداتەوە.

پێش لەوەی بپەرژینە سەر پرسیارەکەمان پێویستە ئەم ڕاستییەمان لە بەرچاو بێت کە چالاکانی ئەمنییەتی‌ساز یان بەئەمنییەتیکەر کەس یا گرووپێکن کە بوونی پرسێک یان شتێک بە مەترسی دەزانن و بۆ ئەوەی پرسێک بە ئەمنییەتی بکرێت، دەبێت سنوورەکان و یاساکانی وڵاتێک وەلا بنێت یان لەژێر پێ بنێت. بە واتایەکی تر بۆ ئەوەی پرسێک بەئەمنییەتی بکرێت پێویستە وا پێشان بدرێت کە ئەو پرسە بووەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە کە بە شێوەیەکی ئاسایی یان لە ڕێگای سیاسییەوە چارەسەر نابێت و پێویستە ڕێگاچارەیەکی خێرا و نائاسایی بگیردرێتە بەر. 

لە ئێران بۆ ئەوەی نەتەوەکان و داخوازییە نەتەوەییەکان بەئەمنییەتی بکەن هەوڵ دەدەن باسکردن لەو مافانە کە لە ڕاستیدا سیاسین وەک هەڕەشەیەکی هەبوو و ڕاستەقینە نیشان بدەن. هۆی ئەم بەئەمنییەتی‌کردنەش ئەوەیە کە کاتێک پرسێک وەکوو کێشەیەکی سیاسی بێتە ئەژمار، ناتوانن بە ئاسانی پشت گوێی بخەن و سەرکوتی بکەن، بەڵکوو پێویستە لە ڕێگای گفتوگۆ یان سیاسەتی ئاسایی چارەسەری بۆ بدۆزنەوە. بەڵام کاتێک پرسەکە بوو بە پرسێکی ئەمنییەتی، زۆر بە ئاسانی دەتوانێت دژی بوەستیتەوە و بە پەنابردن بۆ هێزە چەکدارەکان سەرکوتی بکات و هەوڵی لەنێوبردنی بدات. لە ڕاستیدا لە ئێرانی سەردەمی پاڵەوی و کۆماری ئیسلامیدا بەو جۆرە، واتە بە پەنابردن بۆ چەمک‌گەلێک وەک تەجزییەتەڵەبی و تەواوییەتی ئەرزی باسکردن لە مافە نەتەوەییەکانیان بەئەمنییەتی کردووە.

پرسی بەئەمنییەتی‌کردن لە ئێران بۆ سەردەمی سەپاندن و دامەزراندنی دەوڵەت – نەتەوە لە ئێران دەگەرێتەوە. هاوبیرانی ڕەزا پاڵەوی بۆ ئەوەی پڕۆژەکەیان کە بریتی بوو لە ئێرانی یەک زمان، یەک دەوڵەت و یەک نەتەوە سەر بکەوێ، هەوڵیان دا بە دروستکردنی قوتابخانە، زانکۆ و ناوەندیی فەرهەنگستانی زمانی فارسی و ڕێوشوێنە سیاسی و ئەمنیەتییەکانی دیکە ئەم ئامانجە بێتە دی. ئامانجەکەش ڕوون و ئاشکرایە، بۆ ئەوەی ئێران بکرێت بە یەک نەتەوە و یەک زمانی هەبێ، دەبوو هەموو فێری زمانی فارسی بن و شوناسی خۆیان لەدەست بدەن و تێکەڵ بە شوناسی ساختەی دەسەڵات بن کە هیچ ڕەنگ و بۆنێکی نەتەوە نافارسەکانی تێدا بەدی نەدەکرا. بە وتەی مێژوونووسانی بیانی، گەر دەتانەوێ سەردانی کرماشان بکەن پێویستە وەرگێڕێکتان لەتەکا بێت لەبەر ئەوەی خەڵکی کوردستان لە زمانی فارسی تێ ناگەن. بێگومان بۆ نەتەوەکانی دیکەیش هەروایە و لە زمانی فارسی تێ ناگەن و خاوەنی ناسنامە و زمانی نەتەوەیی خۆیانن.

بێجگە لە زمان کە ئاماژەمان پێ‌کرد هەموو نەتەوەکان وەکوو نەتەوە بە هەموو مافەکانیانەوە یاساغ کران لەبەر ئەوەی وڵاتی نوێ بە ئێرانی یەک نەتەوە و یەک ئاڵا و زمان پێناسە کرا.

لە بەرانبەر ئەم پڕۆژە فاشیستییەی ناوەندگەراکان، نەتەوەکان و لەسەرەوەی هەموویانەوە نەتەوەی کورد نەک هەر کۆڵیان نەدا، بەڵکوو بە خۆڕاگری خۆیان بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە دەستی پێ کرد کە تا ئێستاش بەردەوامە.

بیرمەندانی وێژمانی ئێرانی نوێ، بۆ ئەوەی هەموو سامان و سەرچاوەکانی هێز لە ئیراندا بخەنە ژێر دەستی خۆیان لە گوتاری بەئەمنییەتیکردن کەڵکیان وەرگرتووە و هەر چەشنە خواستێکی نەتەوەکانیان لە چوارچێوەی سیاسی دەر هێناوە و کردوویانتە پرسێکی ئەمنی.

بۆیە دەبینین کە چ لایەنگرانی سەڵتەتەنت و چ لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی و هەموو ناوەندگەراکان لە بەرانبەر ویست و خواستی ڕەوای نەتەوەی کورد چەمکی "تەجزییەتەڵەب" و تەواویەتی ئەرزی" زەق دەکەنەوە و کوردەکان تۆمەتبار بە پارچەپارچەکردنی ئێران دەکەن.

لە ڕوانگەی بیرمەندانی قوتابخانەی کۆپنهاگنەوە، بەئەمنییەتی‌کردن پێویستی بە سێ فاکتەرە: ئەکتەری بەئەمنییەتیکەر، بەردەنگ و دەق.

ئەکتەری بەئەمنییەتیکەر بە دەسەڵاتداران و جێگرەوەکانیان دەگوترێ کە بە کەلک‌وەرگرتن لە هێز و چەواشەکردنی مێژوو خۆیان بە حەقدار و خاوەن ماف دەناسێنن. بەردەنگ هەمان خەڵکانێکن کە بەهۆی نەزانین یان مەبەستدار بە شوێن ئەم وێژمانە دەکەون و کاری بۆدەن و بەردەوام دەیڵێنەوە و هەوڵی جێخستنی دەدەن. دەقیش بریتییە لە گێڕانەوەی بەئەمنییەتیکەران کە هەوڵی شاردنەوەی ڕاستییەکان و چەواشەکاری دەدەن و هاوکات هەوڵ دەدەن پرسێک وەک هەڕەشە بنوێنن. بۆ ئەم کارەش قوتابخانەکان، زانکۆکان و ناوەندە ئەدەبی، سینەما و ... دەوری سەرەکییان گێڕاوە.

بەم ڕوونکردنەوە کورتە دەبێ لەم ڕاستییە تێ‌گەیشتبین کە ئامانجی ئەم تۆمەت و ناوزڕاندنانە (تەجزییەتەڵەبی و تەواویەتی ئەرزی) کە بەردەوام لە بەرامبەر پرسی مافی نەتەوەکان بەرجەستە دەکرێنەوە، یەک ئامانج هەیە ئەویش بە ئەمنییەتیکردنی پرسی کورد و مافە ڕەواکانی نەتەوەی کوردە. بۆیە کاتێک دەڵێین پرسی کورد و کوردستان سیاسییە و ڕێگەچارەی سیاسی هەیە، مەبەست ئەوەیە کە لە ڕێگەی دیالۆگ و یاسا و ڕێکەوتنەوە دەکرێت مافەکانمان دابین بنن، ئەمە پێچەوانەی ڕوانگەی ناوەندگەراکانە کە دەیانەوێت لە ڕێگای بەئەمنییەتیکردنەوە ڕێگاچارەی ناسیاسی واتە سەرکوت و پەنابردن بۆ هێز و هێزە چەکدارەکان بگرنە بەر.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٤١ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.