ڕەزا دانشجوو
لەم ڕۆژانەدا سۆشیال میدیا پڕە لە باسی پۆپۆلیستی و فریوکارانە کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ڕەوتێکی دیاریکراو ئاراستە دەکرێن و ڕێک دەخرێن.
لە ڕاستیدا ڕەوتی تۆتالیتار بە دوو شێوازی تەواو جیاواز خەریکە بیری فاشیستیی خۆی بڵاو دەکاتەوە. فۆڕمی یەکەم لەشکرێک لە کەسانی سووک و قێزەون سەرکردایەتیی دەکات کە جگە لە "شا" هیچی تریان لە جەغزی فیکریی خۆیاندا نییە و بە کردەوە هیچ ناسنامەیەک بۆ هیچ بزووتنەوەیەکی تر ناناسن. زۆربەی لایەنگرانی پەهلەوی دەتوانرێت لەنێو ئەم گرووپەدا دەستەبەندی بکرێن. ئەوانەی کە بەگشتی لە کەشوهەوای ساڵانی پێش شۆڕشی ٥٧دا ماونەتەوە و هیچ گۆڕانکارییەک ناسەلمێنن. لە چاوی ئەم گرووپەدا، بەگشتی هیچ ئاماژەیەکی زانستی بۆ هەڵسەنگاندنی سیستەمی پەهلەوی لە ڕوانگەی سیاسییەوە ڕێگەپێدراو نییە. ئەرکی خەڵک تەنیا ستایش و پشتیوانی لە سیستەمی پاشایەتییە، تاکە هۆکار بۆ ئەمەش هەندێک وێنەی سەردەمی پەهلەوین کە لەگەڵ سەردەمی ئاخوندی بەراورد دەکرێن و لە کۆتاییدا ئەم پرسیارە ئاڕاستە دەکرێت کە "چی بووین و بووین بەچی؟"
ئەوەی کە لە کەیەوە کۆماری ئیسلامی بۆتە پێوەری جیاکەرەوە بۆ نیشاندانی پێشکەوتن لێرەدا باس لێ ناکەین، بەڵام ئەوەی ئەم کۆمەڵە هەوادارە و لە ڕاستیدا خزمەتکارانی بنەماڵەی پەهلەوی وەک نموونەی پێشکەوتن و گەشەکردن پێشکەشی دەکەن، بەگشتی لە چوارچێوەی جلوبەرگی گرانبایی شای پێشوو یان وێنەکانی سەفەری فەرەح بۆ فڵان شوێنی تایبەت دەمێنێتەوە. کۆتا هونەری ئەم کەسانە نیشاندانی تاقمێک وێنەی تارانی پێش شۆڕشی 57، ئەویش نەک لە دەورووبەری شارەکە، بەڵکوو لە ناوچەکانی ناوەندی شار و بەراوردکردنی لەگەڵ بارودۆخی ئێستای تارانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندی! بەڵام هەرگیز هیچ شتێک لەسەر دانیشتووانی ئاوارە و پەراوێزنشینەکانی شارە گەورەکان، یان شێوەی ژیان لە بەلووچستان یان زیندانە ترسناکەکانی ساواک یان... نە باس دەکرێت و نە دەگوترێت. ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەوان دەزانن کە پەهلەوی تەنیا دەبێ لەگەڵ نیزامی کۆماری ئیسلامی بەراورد بکرێت، تیۆری خراپ و خراپتر لێرەدا دەبێتە بەراوردکردنی دۆزەخ و بەهەشت لەگەڵ فانتازیایەکی پۆپۆلیستی، سەبارەت بەم گروپە لە لایەنگرانی پەهلەوی باسی ڕۆشنگەری زۆر پێویست ناکات. خەڵک باش ئاگاداری پشتپەردەی ئەم ڕەوتەن. ئێستا ئەگەر هێندێک کەس سوێندیان خواردبێت کە مێشکیان بەکارنەهێنن و لە جەهلدا بمێننەوە، ئەوە شتێکی ترە.
بەڵام گروپی دووەم، بە شێوەیەکی تەواو جیاواز و لە چوارچێوەیەکی بەڕواڵەت دێموکراسییانەدا، بەدوای ئەوەدان فەزا بۆ دەسەڵاتی پاشایەتی دروست بکەن. لەبارەی ئەم گرووپە دەبێت مرۆڤ زۆر وریا و وشیار بێت، لە ڕاستیدا ئەم گرووپە لە دەرگای دۆستایەتی و یەکگرتوویی هاتۆتە ژوورەوە و بە ڕاگەیاندنی ئەوەی "هیچ حکومەتێک بەسەرتاندا ناسەپێنین، وەرن لەگەڵمان بن تا کۆماری ئیسلامی بڕووخێنین، ڕۆژی دوای ڕووخانی ڕێفراندۆمێکی ئازاد ئەنجام دەدەین و هەموومان ڕێزی لێ دەگرین." ڕەنگە مرۆڤ بڵێت ئەوە بۆچوونێکی تەواو بەجێیە و لەگەڵ پرەنسیپەکانی دێموکراسیدا دەگونجێت. بەڵام کێشەی ڕاستەقینە لە کوێیە و بۆچی دەبێت لە بەرانبەر ئەم ڕەوتە ساختەکارییەدا زۆر وریا بین؟ با بە چەند پرسیارێکی سادە دەست پێ بکەین:
ئەگەر سبەی دوای سەرکەوتنی شوڕشی ژینا ڕێفراندۆمێکی ئازاد ئەنجام بدرێت و بۆ نموونە زۆرینەی خەڵکی ئێران کۆماری ئیسلامی، یان دەسەڵاتی پاشایەتی یان هەر سیستەمێکی تری نادێموکراسی هەڵبژێرن، ئایا دەبێ گوێڕایەڵی بین؟ ئەگەر سبەینێ بۆ نموونە لە ڕێفراندۆمێکی ئازاددا خەڵکی ئێران دەنگی بەدژی فێرکردنی زمانی کوردی دا، دەبێ گوێڕایەڵی بین؟ وە ئەگەر گوێڕایەڵی نەبین، مانای وایە ئێمە باوەڕمان بە دێموکراسی نییە؟ سەرچاوەی هەموو ئەم پرسیارانە یەک پرسیارە، ئایا دێموکراسی بە مانای دەنگی زۆرینەیە؟ بە نموونەیەکی سادە دەست دەکەین بە وەڵامدانەوەی پرسیارە بنەڕەتییەکە. ئێوە لەگەڵ چوار کەسی تر لە شۆنێکدا کار دەکەن، چوار کەسەکەی تر جگە لە ئێوە جگەرەکێشن، ڕۆژێک لە ڕاپرسییەکی تەواو دێموکراسییانەدا دەنگ دەدەن ئایا جگەرەکێشان لە ژوورەکەدا ڕێگەپێدراوە یان نا؟ چوار کەس دەنگ بە بەڵێ دەدەن و مەسەلەکە دەنگی زۆرینە دێنێتەوە. دێموکراسی دەڵێت کە تۆ دەبێ دەنگی زۆرینە قبوڵ بکەیت، بەڵام ئایا مافە مرۆییەکان دەکرێ بە دەنگی زۆرینە پێشێل بکرێن؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر. هیچ دەسەڵاتێک لەژێر هیچ ناونیشانێکدا ناتوانێت ماف و ئازادییە مرۆییە قبوڵکراوەکان پێشێل بکا. "دیموکراسی واتە دەنگی زۆرینە، بەڵام بە ڕێزگرتن لە مافەکانی کەمینە". کەس ناتوانێت بە زۆرینەی دەنگ ناچارتان بکات تەحەمولی دووکەڵی جگەرەی کەسانی تر بکەی، کەس ناتوانێت بە زۆرینەی دەنگ مافە دەستوورییەکان پێشێل بکات، بۆیە دەنگی زۆرینە ناتوانێت حیجابی ناچاری بسەپێنێت و بە پێچەوانەشەوە ناتوانێت حیجاب قەدەغە بکا. دەنگی زۆرینەی خەڵکی ئێران ناتوانن بڕیار بدات کە ئایا خەڵکی کوردستان، ئازەربایجان یان بەلووچستان مافی ئەوەیان هەیە بە زمانی دایکی خۆیان لە ناوچەکانی خۆیان دەرس بخوێنن یان نا!
ئەمە پێناسەی ڕاست و قبوڵکراوی دێموکراسییە لە جیهانی ئازاددا. لە چوارچێوەی ئەم پێناسەیەدایە کە کاتێک خەڵکی سکۆتلەند دەیانەوێت لە بریتانیا جیا ببنەوە، ڕیفراندۆم لە سکۆتلەند ئەنجام دەدرێت نەک لە هەموو شانشینی یەکگرتوودا، یان کاتێک خەڵکی فەرەنسیزمانی "کێبێک" دەیانەوێت کانادا بەجێ بهێڵن، خەڵکی "کێبێک" بڕیار دەدەن کە لە کانادا جیاببنەوە نەک خەڵکی تەواوی کانادا. جێگای سەرنجە کە لە هەردوو حاڵەتەکەدا هەم وەڵامی خەڵکی سکۆتلەند و هەم خەڵکی "کێبێک" بۆ ڕێفراندۆمی جیابوونەوە "نا" بووە و ئەوان پێیان باشتر بووە کە لە چوارچێوەی یەکیەتییەکی گەورەتر، بەڵام ئازاددا بمێننەوە، ئەمە واقیعی دێموکراسییەکی گشتگیرە کە لەسەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ دامەزراوە.
ئەمجۆرە دێموکراسییە دەبێتە هۆی یەکیەتی و ئەوەی سووتەمەنیی جیابوونەوە دەدات دیکتاتۆرییەت و بیرۆکەی توندڕەوانەیە. کاتێک دێموکراسی لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە مافی کەمینەکان دامەزرا، چ لە ڕووی زمان و چ لە ڕووی بیرکردنەوە و، کاتێک بیروبۆچوونی جیاواز دەرفەتی دەربڕینی خۆیان بۆ ڕەخساوە، بە دڵنیاییەوە ناعەقڵانییە کەسێک تەنانەت بیر لە جیابوونەوەش بکاتەوە.
ئێستا، ڕەنگە ئەم پرسیارە سەرهەڵبدات، کە بەمجۆرە دەبێتە ئاژاوە و هەموو کەسێک شتێکی جیاوازی دەوێت؟ لە بەرامبەردا دەبێ بگوترێ ئەم ماف و ئازادیانە بریتین لە زنجیرەیەک مافی دیاریکراوی سەرەتایی وەک ئازادیی پۆشین، ئازادی دەربڕینی بیروڕا، ئازادی ئایین و پەروەردە، خوێندن بە زمانی دایکی و... . با ئەوەش بگوترێ هەموو ئەم مافە سەرەتاییانەش تا ئەو ڕادەیەی کە ڕێگری لە ئازادی کەس یان کەسانی تر نەکەن، ڕێگەپێدراون. بێگومان ئێوە ناتوانن هاوکارەکانتان ناچار بکەن جگەرە نەکێشن، بەڵام ئەوانیش مافی جگەرەکێشانیان لە شۆنێکی گشتیدا نییە. ئەوەی کە کەسێک لە کوردستان بە زمانی کوردی یان لە ئازەربایجان بە زمانی تورکی دەخوێنێت، ڕێگری ناکات لە ئازادیی کەسێک کە لە ناوەندی ئێران دەژێ.
ئێستا بەم پێناسە تایبەتەی دێموکراسی، با بگەڕێینەوە بۆ ئەو پرسیارەی لە سەرەتای باسەکەدا وروژاندمان. ئەگەر ڕۆژێک هەڵبژاردنێکی تەواو ئازاد ئەنجام بدرێت و دەرئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە کۆماری ئیسلامی یان دەسەڵاتی پاشایەتی یان هەر حکومەتێکی تری نادێموکراسی بە هەر ناو و ناونیشانێک بێت و ئەم حکوومەتە نوێیە دان بە مافە ڕەواکانی کەمینەدا نەنێت، بە دڵنیاییەوە کەمینەکان گوێڕایەڵی نابن. هیچ دەنگێکی زۆرینە ناتوانێت مافی بنەڕەتی مرۆڤ پێشێل بکا. مافی مرۆڤ شتێکە لە دەرەوەی ئازادی و هەڵبژاردن، مۆدێلی حکوومەت هەرچییەک بێت، لەخۆیدا هیچ گرنگییەکی نییە، جۆری حکومەتەکە ئەوکاتە گرینگ دەبێت کە لەسەر بنەمای مافە بنەڕەتی و مرۆییەکانی هەموو دانیشتووانی ناوچەیەکی جوغرافی دامەزرێت. بۆیە پێویستە بگوترێ دەنگی زۆرینە بەبێ ڕێزگرتن لەو مافە بنەڕەتییانە شتێکی جیاواز نییە لە دیکتاتۆرییەتێک کە لەسەر بنەمای زۆرینەی دەنگ دامەزراوە.
ئەم بابەتە لە ژمارەی ٨٤١ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.