کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ناڕەزایەتیی ئازادیخوازانی بەلووچ

19:22 - 5 رەشەمه 2722

لە ٢١ـەمین هەینیی ڕاپەڕینی خەڵکی بەلووچستان دژی کۆماری ئیسلامی، وێڕای کەشێکی ئەمنیی توند، ئازادیخوازانی بەلووچ ڕژانەوە سەر شەقامەکان.

ڕۆژی هەینی ٥ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، سەرچاوە خۆجێییەکان بەلووچستان بڵاویان‌ کردەوە کە مزگەوتی مەکیی زاهیدان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە گەمارۆ درا و بەپێچەوانەی حەوتووی ڕابردوو، ڤیدیۆی نوێژی هەینی و وتارەکانی مەولوی عەبدولحەمید بڵاو نەکرایەوە. 

لەمبارەوە لاپەڕەی ئینستاگرامی مەولەوی عەبدولحەمید پۆستێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، هۆکاری بڵاو نەکردنەوەی ڤیدیۆی نوێژی هەینی ئەوەیە کە هێڵی ئینتێرنێت لە بەلووچستان پچڕاوە.
  
سەرەڕای گوشار و کەشی توندی ئەمنیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی زاهیدان ڕژانەوە سەر شەقامەکان و دژی کۆماری ئیسلامی دروشمیان وتەوە.

هەروەها ئەمڕۆ، هێزە چەکدارەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران هەوڵیان دا بە جلی شەخسییەوە لەسەر دیواری مزگەوتی مەکییەوە بچنە نێو مزگەوتەکەوە، بەڵام خەڵکی شۆڕشگێڕی نێو مزگەوتەکە ڕووبەڕوویان بوونەوە و ڕێگرییان لێ کردن.