خەڵکی بوێر و ئازادیخوازی سنە پاش نوێژی هەینی، بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە مامۆستا لوقمان ئەمینی و مامۆستا ئیبراهیم نەنەڵە، بە دروشمی دژی ڕێژیم ڕژانە سەر شەقامەکان.
ڕۆژی هەینی ١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، خەڵکی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازی شاری سنە، پاش نوێژی هەینی و بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە دوو مامۆستای بەهەڵوێستی شاری سنە مامۆستا لوقمان ئەمینی، پێشنوێژی مزگەوتی چوار یاری نەبی و مامۆستا ئیبراهیم نەنەڵە، پێشنوێژی مزگەوتی نەنەڵە، ڕژانە سەر شەقامەکان و بە دروشمی "مامۆستا تەنیا نییە، سنە پشتیوانییە" ڕووبەڕووی داگیرکەرانی کوردستان بوونەوە.
ئەو دوو مامۆستا ئایینییە نیشتمانپەروەرە، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، بەهۆی پشتیوانیی بەردەوامیان لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و هەروەها مەحکوومکردنی سەرکوت، ئەشکەنجە و ئێعدامی لاوان و گەنجانی ئێران بە تایبەتی خەڵکی کوردستان، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، لە جاددەی سنە- مەریوان دەسبەسەر کرابوون.