کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی عەبدولحەمید، ڕوو بە دەسەڵات: ئەگەر ناتوانن کێشەکانی خەڵک چارەسەر بکەن، لە دەسەڵات بکشێنەوە

10:21 - 6 رەشەمه 2722

پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی زاهیدان، ڕوو بە دەسەڵاتدارانی ڕێژیم وتی: ئەگەر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ناتوانن کێشە و گرفتەکانی خەڵک چارەسەر بکەن، دەبێ لە دەسەڵات بکشێنەوە و ئیزنی بەڕێوەبردنی وڵات بە کەسانی دیکە بدەن.

مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی مەکیی زاهیدان، ڕۆژی هەینی ٥ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، لە خوتبەکانیدا بە ئاماژەدان بە ناکارامەیی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی وڵات وتی: گوێ لە قسەی خەڵک و دژبەرانی دەسەڵات بگرن و ئەگەر ناتوانن کێشەکانی گەلانی ئێران چارەسەر بکەن، دەبێ لە دەسەڵات بکشێنەوە و ئیزن بدەن کە کەسانی دیکە کێشەی وڵات چارەسەر بکەن.

ناوبراو وتیشی: لە هەموو جیهاندا دەسەڵاتداری بەو شێوەیەیە کە کاتێک دەسەڵات ناتوانێت خواست و ویستەکانی خەڵکی وڵاتەکەی دابین بکات، لە پێشدا سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار بەرپرسایەتییەکانیان وەلا دەنێن و ئیزن دەدەن کە کەسانی دیکە بێنە سەر کار و کێشە و گرفتەکانی وڵات چارەسەر بکەن.

مەولەوی عەبدولحەمید بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی نێوخۆ و دەرەوەی کۆماری ئیسلامی وتی: بەرپرسانی ناکارامەی ڕێژیم بە هیچ جۆرێک نایانهەوێت لە دەسەڵات بکشێنەوە.