کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی لەمێژینەی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی مەهاباد

12:46 - 6 رەشەمه 2722

کاک محەممەد ڕەحیمی، ئەندامی دێرینی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە گوندی ئیندرقاشی سەر بە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، بەهۆی نەخۆشی ماڵاوایی لە ژیان كرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، ڕۆژی پێنجشەممە ٤ ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، كاک محەممەد ڕەحیمی ناسراو بە محەممەدی عەوڵای مەولوودی، خەڵكی گوندی ئیندرقاشی سەر بە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

كاک محەممەد ئەندامی دێرینی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و كەسایەتییەكی خۆشناوی ناوچەی شاروێران بووە كە لە دەیەی شەستەكان و پاش شۆڕشی گەلانی ئێران پێوەست بە تەشكیلاتی نهێنیی حیزب بووە و لەو سەردەمەدا وەک ئەندامێكی هەڵسووڕ و چالاک خزمەتی بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلەكەی کردووە و لە كۆمیتەی ناوچەی شاروێران كار و چالاكیی خۆی دەست پێ کردووە.

پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لەگەڵ كۆمەڵێک لە هاوڕێیانی لەسەر داوای حیزب هەر لە ناوچەی شاروێران لەسەر كار و چالاكییەكانی حیزبی بەردەوام بوو.

جێگای ئاماژەیە كە لە دوای فتوای جیهادی خومەینی بۆ سەر كوردستان باوكی ناوبراو بە ناوی كاک عەبدوڵڵا ڕەحیمی کەوتە بەر پەلاماری دڕندانەكانی سەرکوتکارانی ڕێژیم و شەهید کرا .

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک "محەممەد ڕەحیمی"، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ناوبراو و سەرجەم خەڵکی ناوچەی مەهاباد دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.