کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران لە ٥٦ هەزار تمەن تێپەڕی

17:13 - 6 رەشەمه 2722

لە درێژەی ڕەوتی بەرزبوونەوەی نرخی دراو لە ئێران، نرخی دۆلاری ئەمریکا لە بازاڕی ئازادی تاران لە ٥٦ هەزار تمەن تێپەڕی. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕۆژی شەممە محەمەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم، لەبارەی دانیشتنێکی نائاشکرا لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیم لەسەر نرخی دۆلار وتبووی: ''لەو دانیشتنە بە کۆبەندێکی باش گەیشتین''.

هەروەها بەرپرسانی دەوڵتی لەو دانیشتنە بۆ جارێکی دیکە نرخەکانی دۆلاریان بە ناڕاست ناو برد و فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانیش وتبووی کە خەڵک نابێ تەسلیمی هیچ کێشەیەک بن.

خولی نوێی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دوای سنوردارکردنی مامەڵەی دراوی عێراق لەگەڵ ئێران بەهۆی گۆشاری ئەمریکا دەستی پێ کرد.

هاوکات لەگەڵ هەڵکشانی نرخی دۆلار، نرخی خۆراکییەکانیش بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بوونەوە. بە شێوەیەک کە یەک کیلۆ گۆشتی مەڕ لە باشووری تاران لەنێوان ٣٧٠ هەتا ٤٨٠ هەزار تمەن و لە باکووری ئەو شارە بە ٥٠٠ هەزار تمەن دەفرۆشرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندەی ئاماری ئێران، نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ گەیشتووەتە ٥٣.٤ لەسەد کە لە بەراورد لەگەڵ مانگی بەفرانبار ٢.١ لەسەد بەرز بووەتەوە.