کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرخانکردنی سێ میلیارد دۆلار لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ لێدانی بەرنامە ناوکییەکانی ڕێژیمی تاران

09:37 - 7 رەشەمه 2722

ڕووبەڕووبوونەوەکانی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل چووەتە قۆناغێکی نوێوە و دەوڵەتی ئیسرائیل نیزیکەی سێ میلیارد دۆلاری بۆ لێدانی بەرنامە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران تەرخان کردووە.

ڕۆژی شەممە ٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، دەوڵەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێرشکردنە سەر بەرنامە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بودجەی بۆ هێرشکردنە سەر بەرنامەی مووشەکی و ناوکی ئەو ڕێژیمە تەرخان کردووە. کۆماری ئیسلامیش لە هەوڵێکی نوێدا مووشەکێکی نوێی دوورمەودای نمایش کرد و بڕیارە سیستمی بەرگریی مووشەکیش بە سووریە بدات.

سەرەڕای هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر بەرنامەی مووشەکی و ناوکیی کۆماری ئیسلامی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ڕێژیمی سووریە و وەزیری بەرگریی ڕێژیمی ئێران لە تاران کۆ بوونەوە و ئەگەری ئەوە هەیە کە تاران پەدافەندی ئاسمانی بۆ دەمیشق بنێرێت.

ئەو کۆبوونەوەیەی تاران و دەمیشق لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل لە هەڕەشەکردن بەردەوامە و لە ناوچەکانی سووریەش بەردەوام هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر مۆڵگەی میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی.