کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەبەری کارگێڕیی چاوەدەێریی نەتەوە یەکگرتووەکان: دەبێ قسەکردنی وەزیری دەرەوەی ئێران لە شۆرای مافی مرۆڤ تەحریم بکرێت

11:52 - 7 رەشەمه 2722

بەڕێوەبەری کارگێڕیی چاوەدەێریی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە وەزیرانی هەموو وڵاتان کردووە کە لە کاردانەوە بە هەڵسوکەوتی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ خۆپیشاندەران، لە دانیشتنی ئەم زووانەی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێنێڤ، لە کاتی قسەکردنی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، هۆڵی دانیشتنەکە چۆڵ بکەن.

هیلێل نویر، بەڕێوەبەری کارگێڕیی چاوەدێریی نەتەوە یکگرتووەکان، سەبارەت بە دانیشتنی شۆرای مافی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕەشەمە بەڕێوە بچێت، لە گونجاندنی ناوی ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە لیستی ناوی ئەو کەسانەی کە بڕیارە لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ئەو دانیشتنەدا قسە بکەن، سەرسووڕمانیی خۆی دەربڕیوە.

 ناوبراو لە تویتێری خۆیدا نووسیویەتی: "وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی قاتڵ، یەکێک لەو کەسانە دەبێت کە لەو دانیشتنەدا قسە دەکات. داوا لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی بەشدار لەو دانیشتنەدا دەکەم کە لە کاتی قسەکردنی عەبدوڵلاهیان هۆڵەکە چۆڵ بکەن."

بە دوای دەستپێکی شۆڕشی ژینا بەشێک لە وڵاتان و سیاستوانانی ئەو وڵاتانە پشتیوانی لە خەڵکی ئێران دەکەن و لە ڕاستای گۆشەگیرکردن و گوشار بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، هەنگاو هەڵدەگرن.