کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەیشتنی ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی ئێران بە پارلمانی کانادا

16:29 - 7 رەشەمه 2722

ڕاپۆرتی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کە دژی گەلانی ئێران ئەنجام دراوە، گەیشتە پارلمانی كانادا.

ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان "چاو نیوز" ڕایگەیاند: ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەنێوان ئەندامانی بەڕێوبەریی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی کانادا لقی ترای سیتی و "ڕان مەکانن"، ئەندام پارلمانی فیدراڵی کانادا سەبارەت بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و دۆخی زیندانییانی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو.

لەو کۆبوونەوەدا سەرکوتی خوێناوی و ئەشکەنجەدانی دەسبەسەرکراوان لەلایەن سەرکوتکەرانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە کوردستان و بەلووچستان بە تایبەتی و هەموو ئێران بە گشتی، بۆ "ڕان مەکانن" باس کرا و دوایین ڕاپۆرتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤی هەردووک ڕێکخراوی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان "چاونیوز" و "هەنگاو" بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

ڕان مەکانن، ئاماژەی بە بەردەوامیی گەمارۆکانی دەوڵەتی لیبراڵی کانادا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران کرد، بە تایبەتی گەمارۆ خستنە سەر زیاتر لە ١٠ هەزار ئەندامی سپای پاسداران. هەروەها باسی لە گۆڕانی یاسای پەنابەران بۆ ڕێگریکردن لە هاتن و دەرکردنی ئەندامانی سپا و بنەماڵەی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ کانادا کرد و وتی: ١٥ ئەندامی پارلمانی فیدراڵی سەر بە حیزبی لیبراڵی کانادا لە هەرێمی بریتیش کوڵومبیا کەفاڵەتی ٣٠ زیندانیی سیاسییان لە ئێران وەئەستۆ گرتووە و بەردەوام چاوەدێری بەسەر دۆخی زیندانییانی سیاسی لە ئێران دەکەن.