کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلێکی نوێ لە مانگرتنی یەکیەتییە سێنفییەکان لە ئێران

16:38 - 7 رەشەمه 2722

بە دوای نالەبارتربوونی دۆخی ئابووری و بە تایبەت بە دوای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە ئێران، شەپۆلێکی نوێ لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی یەکیەتییە سینفییەکان دەستی پێ کردووە.

کۆمەڵێک لە نانەواخانەکانی تاران ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕەشەمە، بۆ دووەمین جار لە حەوتووی ڕابردوو لە ناڕەزایەتی بە کێشەکانی بژێویی ژیان، لە بەردەم باڵاخانەی یەکیەتیی نانەواخانەکان کۆ بوونەوە.

هەروەها کرێکارانی کارخانەی "زەوب ئاهەنـ"ـی ئیسفەهان لە ڕۆژی شەممەوە سەرەڕای گۆشاری هێزە ئەمنییەکان، مانیان گرتووە.

لەلایەکی دیکەوە کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی پیشەی فوولادی ئیسفەهانیش ڕۆژی یەکشەممە لە ناڕەزایەتی بە وڵامنەدانەوە بە کێشەکانیان لە بەردەم بینای سەندووقی خانەنشینانی فوولادی ئیسفەهان" کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

هاوکات خانەنشینکراوان لە شارەکانی ئەهواز، یەزد، شوشتەر، شووش، دێزفول و کرمان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و دروشمیان وتەوە.

لە ئێستادا نرخی دۆلاری ئەمریکا لە بازاڕەکانی دراوی ئێران هەتا ٦٠ هزار تمەن بەرز بووەتەوە و ئەمە دۆخێکی شپرز و دژواری لە ئێران پێک هێناوە و شەپۆلێکی دیکەی گرانیی وەڕێ خستووە.