کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزی و نزمیی بەهای دراو؛ نرخی دۆلار لە ئێران ٦٠ هەزار تمەنی تێپەڕاند

17:13 - 7 رەشەمه 2722

نرخی دراو هەم  لە بازاڕی ئازاد و هەم لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی دراو و زێڕی ئێران تووشی بەرزی و نزمیی زۆر بووە. نرخی دۆلاری ئەمریکا ئەمڕۆ یەکشەممە ٧ی ڕەشەمە، ٦٠ هەزار تمەنی تێپەڕاند و دوای چەند کاتژمێر بووەوە بە ٥٦ هەزار تمەن.

نرخی هەر یۆرۆ ئەمڕۆ لە بازاڕی ئازادی ئێران  بە ٦٣ هەزار و هەر پۆندی بریتانیا بە زیاتر لە ٧٠ هەزار تمەن مامەڵەی پێ کرا.

لەو پێوەندییەدا محەممەد موخبیر، جێگری یەکەمی ئیبراهیم ڕەئیسی بە ئاشکرا بە نوینەرانی مەجلیسی ڕێژیمی وتووە: ''ئێمە ڕێگاچارەیەکی باشترمان بۆ بەڕێوەبەریی بازاڕی دراو نییە و هەر ئەوەیە کە هەیە."

لەو پێوەندییەدا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ڕابردوودا، خۆپیشاندانی خەڵک و میدیاکانی دەرەوەیان بە هۆکاری بشێویی بازاڕی دراو ناو دەبرد و لە ئێستادا ئەو دۆخە بۆ دوژمنان و وڵاتانی ڕۆژاوایی دەگەڕێننەوە.