کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران

09:51 - 8 رەشەمه 2722

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵات، ڕۆژی ڕابردوو ١٤ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵات، کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە شارەکانی ئەهواز، شووش، شووشتەر، کرمان، کرماشان و ئیسفەهان لە بەردەم ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی شارەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی.

هەروەها کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی پیشەی پۆڵای ئیسەفەهان، لە بەردەم بینای سندووقی خانەنشینیی پۆڵای ئیسفەهان و کۆمەڵێک لە جووتیارانی گوندی ئەلباجیی پارێزگای ئەلئەحواز لە بەردەم پارێزگاری بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین، کۆ بوونەوە.

لەلایەکی دیکەوە کۆمەڵێک لە کرێکارانی شارەوانیی یاسووج و کۆمەڵێک لە کرێکارانی کۆمپانیای دابەشکردنی نەوتی ئیسفەهان بە کۆبوونەوە لە بەردەم فەرمانداریی ئەو شارە، داوای جێبەجێکردنی خواست و ویستەکانیان کرد.

جێگەی ئاماژەیە کە لە درێژەی ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانەدا کۆمەڵێک لە کرێکارانی کۆمپانیای نەیشەکەری حەوت تەپە بۆ دووەمین ڕۆژی بەردەوام مانیان گرت.